ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، ھێزەکانیان لە چالاکییەکدا بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیركردوەو دەستیشیان گرتوە بەسەر بڕی (٣٢) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لەجۆری کریستاڵ، ئەوەش دوای روبەڕوبونەوەی تۆمەتبارەكە لەگەڵ هێزەكانیان و دروستبونی تەقە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەگژداچوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ڕاسپاردەو ڕێنماییەکانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە فەرمانی دادوەر، لە شەوی ٢٠٢٢/٦/٢٢ لەسەر ڕێگەی سەرەکی نزیک (گەڕەکی تاسلوجە)ی شاری سلێمانی، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی ورد، ڕوبەڕوبونەوەی ھێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تۆمەتبارو دروستبونی تەقە، توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی (ھ ، ڕ ، ب) دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (٣٢) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، کە تۆمەتبار لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھێناوێتییە ناو شاری سلێمانی و بەنیاز بوە بیبات بۆ شاری ھەولێر."
ئەوەشی خستۆتەڕو، ناوبراو پێش بەئامانج گەیاندنی کارەکەی، دەستگیر کراو ماددە ھۆشبەرەکەش دەستی بەسەردا گیرا، تۆمەتبار بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان ڕاگیراوە .
هەروەها وتوشیەتی"داوای لێبوردن لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەگشتی و ھاوڵاتیانی (گەڕەکی تاسلوجە) بەتایبەتی دەکەین، کە لەکاتی ئەم چالاکیەدا، بۆماوەیەکی کاتی تەقە دروست بوە، ھەمو لایەک ئاگاداردەکەینەوە کە ئێمە وەک ئاسایش ھەمیشە ھەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بەردەوامە، گەرچی ھەندێکجار دۆخەکە وادەخوازێ کە تەقە دروستببێت، دووبارە داوای لێبوردن دەکەین."