وەزیری دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، بهمەبەستی زیادكردنی داهات پێویستیان بە هەنگاوی كردارەكی هەیە و كاری مەیدانی و هەماهەنگی لایەنەكانی دیكە دەبێت لە پێشینەی كارەكانیان بێت.
ئاوێنە: وەزیری دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان لهراگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ شهممه ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەت كۆبوەوە دەستخۆشی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت هەبو، كە هەموان پێكەوە و وەكو یەك تیم كار لەسەر پلان و كارنامەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن.
وهزیری دارایی و ئابوری له كۆبونهوهكه رایگهیاند، "رێكاری بەرنامەكانی ئەنجومەنی وەزارەتمان لەسەر دو بنەما دەبێت، ئەویش پلانی كورت مەودا و ستراتیژی دور مەودایە".
لە كۆتایی كۆبونەوەكەش، ئاماژەی بەوەدا، كە "بۆ مەبەستی زیادكردنی داهات پێویستیمان بە هەنگاوی كردارەكی هەیە و كاری مەیدانی و هەماهەنگی لایەنەكانی دیكە دەبێت لە پێشینەی كارەكانمان بێت".
ئەو كۆبونەوە لە كاتێكدا، پێنجشەممەی رابردو (23ی حوزەیرانی 2022) مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوریان كرد و لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە "کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد کە لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بوەتە 70 ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت".
سەرۆکی حکومەت دوپاتیکردەوە، "کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربوە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاوڵاتییان دروست بکات".