راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم: حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نابێت
  2022-06-26       671       


راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، داعش لەناوچە کوردستانییەکان چالاکییەکانیان زۆر فراوان کردووە و لە ھەر شوێنێک بۆیان بڕەخسێت گورزی خۆیان دەوەشێنن، بەڵام ئەوەی گرنگە پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی باش قایم کردووە. دەشڵێ، حکومەتی عێراق چەندین ساڵە رێککەوتن لەگەڵ ھەرێم دەکات، بەڵام جێبەجێیان ناکات.

ئاوێنه‌: بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم به‌ماڵپەڕی پارتی وتووه‌، جموجۆڵی داعش بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچە کوردستانییەکان ھەیە و لە ھەر شوێنێک دەرفەتیان هەبێت گورزی خۆیان دەوەشێنن، ئەگەرنا نەوەستاون و زۆریش چالاکن لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە سەنگەرەکانی پێشمەرگە باش قایم کراون و داعش ناتوانێ زەفەریان پێ ببات.

وتیشی، حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نابێت و چەندین رێککەوتن لە ساڵی ٢٠١٦وە کراون و چەندین کۆبوونەوەش ئەنجامدراون، بەڵام بەغدا پابەند نابێت و ھەر جارەو بیانوویەک دەدۆزنەوە، چونکە دوو لیوای ھاوبەش ئامادە کراون و ھەر بەڵێن دەدەن جێگیر بکرێن، بەڵام بەڵێنەکە نابەنە سەر.

ناوبراو ڕونیشیکردەوە، "داعش بەو جۆرە دەرفەتی پێ بدرێت بەھێز دەبێت و ئەوەی گرنگیشە ئێمە ئاگاداری خۆمان بین و سەنگەرەکانی خۆمان باشتر قایم بکەین و خۆمان بپارێزین، بەڵام ئەوەی کێشەیە خەڵک لە ناوچە کوردستانییەکانیش تووشی کێشە دەبن".

داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و شەوی ڕابردووش لە داقووق دوو برایان رفاندووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×