موقتەدا سەدر: عێراق یەكەم پایتەختی شیعەیەو نابێ وابەستەی ئەوانی تر بین
  2022-08-04       645       

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، نابێت حەشدی شەعبی لەسەر هیچ بەرەیەکی سیاسی حساب بکرێت و دەڵێت، "زۆر گرنگە یەکڕیزی لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی گەندەڵی بێت." و دەشڵێت: عێراق پایتەختی یەكەمی شیعەیە بە مانای ئەوەی ئەوانی تر بگەڕێنەوە بۆ عێراق نەك ئێمە وابەستەی ئەوانی تر بین.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"هەندێك لایەن یاری لەسەر وەتەری یەكڕیزی و تێكنەدانی ریزی شیعە دەكەن، ئەمە بەڕاستی شتێكی زۆر گرنگە، بەڵام یەكڕیزی دەبێت بەپێی چەند رێكارێكی گشتی بێت لەسەر بنەمای یاسا ئاسمانییەكان و فەرمانە شەرعییەكان."

ئاماژەی بەوەشداوە، "بەڵێ یەكڕیزی لە ئێستادا لەوپەڕی گرنگیدایە ئەگەر لەسەر بنەمای خۆشەویستی نیشتمان و وەلانانی وابەستەیی و لەسەر بنەمای چاكسازی راستەقینەوەو دەستبەرداربون لە گەندەڵی و گەندەڵكاران و لێپرسینەوەیان بێت لە پێناو خزمەتكردنی هەژاران و كەمدەرامەتاندا."

جەختیشی كردۆتەوە كە "عێراق پایتەختی یەكەمی شیعەیە، بەو مانایەی كە ئەوانی تر بگەڕێنەوە بۆ عێراق نەك ئێمە وابەستەی ئەوانی تر بین."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "بەوپەڕی راشكاوییەوە دەڵێم كە بەرەی رەوتی سەدرو بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەن، ئەمە بەواتای ئەوە نییە كە برایانی خۆشەویستمان لە حەشدی شەعبی لەسەر یەكێك لەم لایەنانە حساب بكرێن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "من بێگومانم كە حەشدی شەعبی هاوڕای منن لەوەدا كە لەبارەی یەكڕزی وتم." و وتوشیەتی"موجاهیدەكانی حەشدی شەعبی نزیكن لە بۆچونەكانی ئێمەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"حەشدی شەعبی وەك ئەوەی قوربانیان دا لەپێناو نیشتمانەكەیان ئاواش لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریكردن لە چاكسازی و هەقی رەها."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "حەشدی شەعبی هی عێراقن و بۆ عێراقن و قبوڵی وابەستەیی و شوێنكەوتویی بۆ كەسی تر جگە لە رزگاركەرو چاكساز لە ئالی محەمەد ناكەن."

لە كۆتاییشدا وتویەتی"داوا لە خوا دەكەم بەیەكمان شادبكاتەوەو كۆتایی بە دوری نێوانمان بهێنێت و من دڵنیام كە ئەوان خوازیاری ماڵی دنیا نین بەڵكو خوازیاری هەقن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×