یه‌ک شه‌ممه‌, 18 ی ئایار , 2025
توركیا داوا دەكات حكومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بسازێن
  2022-08-12       542       

مەولود جاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا پێی وایە تاکە ئامانجی یەپەگە "دابەشکردنی سوریایە" راشیگه‌یاند "بۆ رێگرتن لە دابەشبونی سوریا پێویستە دەسەڵاتێکی بەهێز لەو وڵاتە هەبێت." دەشڵێت: "پێویسته‌ ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سوریا بسازێنین."

ئاوێنە: ئەو قسانەی مه‌ولود چاوشئۆغڵو لە کۆتا رۆژی سێزدەیەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکانی تورکیادا هات كە گوتاری داخستنی کۆنفرانسەکەی پێشکەشکردو هەروەها وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە سوریا بەردەوامە لە بەرەنگاربونەوەی "تیرۆر" بەڵام شێوازی ئاستانا بۆ چارەسەری دیپلۆماتی و سیاسی لە سوریا لە ئارادایە و رایگه‌یاند: "پێویسته‌ ئێمە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سوریا بسازێنین. بە پێچەوانەوە ئاشتییەکی هەمیشەیی بونی نابێت، هەمو کات ئەمە دەڵێینەوە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوه‌ی ئایا بەدەر لە پەیوەندیی هەواڵگری پەیوەندیی راستەوخۆی دیپلۆماتییان لەگەڵ سوریادا هەیە یان نا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی لەوە کرد کە پێشتر کۆبونەوە لە نێوان ده‌زگا هەواڵگرییەکاندا هەبوە بەڵام دواتر ئەمەش پچڕاوه‌ و وتیشی"ئێستا دوبارە دەستی پێکردوەتەوە. لە ئەنجامدا لەم کۆبونەوانەی نێوان ده‌زگا هەواڵگرییەکاندا بابەتی زۆر گرنگ دەچنە رۆژەڤەوە."

ئەوەشی خستەڕو"من لە کۆبونەوەی وڵاتە بێلایەنەکان لە بەلگراد، لە کاتی قسەکردنم لەگەڵ وەزیرەکانی دیکە، بە سەرپێوە گفتوگۆیه‌كی کورتم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کرد...لە ئەنجامدا لەوێ هەروەکو پێشتر گوتم، تاکە رێگای دەربازبونی ئەو وڵاتە رێککەوتنی سیاسییە. پێویسته‌ له‌ تیرۆریستان پاکبکرێته‌وە. هەر کێیەک بێت و ناوی هەرچییەک بێت لەلایەکی دیکەوە دەبێت ئاشتییەک لە نێوان سورییە ئۆپۆزسیۆنەکان و رژێم هەبێت، وەکو تورکیاش ئەوەمان راگەیاند کە پاڵپشتیی دۆخێکی له‌وشێوه‌یه‌ دەکەین".

بەقسەی وەزیری دەرەوەی توركیا "تاکە ئامانجی یەپەگە/پەکەکە دابەشکردنی سوریایە. بۆ رێگرتن لە دابەشبونی سوریا پێویستە دەسەڵاتێکی بەهێز لە سوریادا هەبێت. ئەو ئیرادەیەی کە دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەر شوێنێکی خاکەکانی هەبێت تەنها بە یەكێتی و پێکەوەبون دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×