نەوەكانی شێخ رەشیدی لۆلان.. دوژمنی پەكەكەو دۆستی پارتی
  2019-07-03       5515       
شێخ عیمران لۆلانی

ئا: ئاوێنە

 


پەكەكە نەوەكانی شێخ رەشیدی لۆلان تۆمەتبار دەكات بەوەی "چەتەیی‌و جاشێتی" بۆ توركیا دەكەن، باپیریان كە دوژمنی سەرسەختی پارتی‌و بارزانی بو، ئێستا خۆیان هەواداری سەرسەختی پارتی‌و ماڵی بارزانین.


میدیاكانی پەكەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە  پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر داوای تورکیا لەرێگای چەند کەسایەتییەکی دەڤەری بادینان‌و برادۆستەوە کار لەسەر دروستکردنی سیستمێکی نوێی جاشایەتی دەکات، ئامانجیشیان سیخوڕیکردن لەسەر پەکەکەو هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە.

 

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەڕاپۆرتێكیدا دەڵێت "پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر داوای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەند بەرپرسێکی سیاسی‌و سەربازیی خۆی ئەرکدار کردوە بۆ دروستکردنی گروپی چەتەی چەکدارو جاش. یەکێک لەو بەرپرسانەی پارتی، شێخ عیمران شوعه‌یب لۆلانی برازای حاجی محه‌مه‌دو شێخ حسێن لۆلانی‌و ئامۆزای ئەرشەد لۆلانی ئەندام پارلەمانی پارتییە، کە هەستاوە بە دروستکردنی گروپی جاش‌و چەتە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر پەکەکەوە".


شێخ عیمران لۆلانی، كە ئەفسەرە بەپلەی رائید لەسوپای بارزان، (ANF) دەڵێت "ئەندامیشە لەدەزگای سیخوڕی تورک (میت). هەر یەک لەپارتی‌و تورکیا  ئیماکانییەتێکی زۆری ماددی‌و  تەکنییکییان خستووەتە بەردەست بۆ کۆکردنەوەو خەڵەتاندنی گەنجانی دەڤەری برادۆست، بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ سیخوڕیکردن لە دژی پەکەکە، كە ئەرکیان ئاشکراکردنی شوێنی گەریلایە.


شێخ عیمران كە خەریكی زیندوکردنەوەی تەریقەتی سۆفیگەرییە لەنێو عەشیرەتی برادۆست‌و هەرکیدا وەک نەریتی باپیریی، لەڕێی چەند کەسێکی بەناو سۆفیییەوە بەناوچەی برادۆستدا دەگەڕێ‌‌و زانیاری لەسەر جموجۆڵی پەكەكە بۆ دەزگای پاراستن‌و میتی تورکیا كۆدەكەنەوە، (ANF) دەڵێت "لەهەر شوێنێک گەریلایەک، یان کەسێک، یان ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە ببینن دەستبەجێ پاراستن‌و قەرەقۆڵ‌و بنکە سەربازییەکانی تورک لەلێلکان‌و چیادێڵ‌و میت ئاگادار دەکەنەوەو فڕۆکەی جەنگیی تورکی دەگاتە ئەو شوێنەو بۆردومانی دەکەن".


ئەمە لەكاتێكدایە كە باپیرە گەورەی عیمران‌و ئەرشەد، شێخ رەشیدی لۆلاند هەتا دوا هەناسەی بەهەمو شێوەیەک لەدژی پارتی‌و ماڵی بارزانی بو.


شێخ رەشید كە ناودارترین شێخی برادۆست بوە لەسەدەی بیستەمدا، كە لەگەڵا بنەماڵەی بارزانیەكان ناكۆك بوەو خوێن‌و دوژمنایەتی كەوتوەتە نێوانیانەوە، هەربۆیە پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول كە ناوچەی سیدەكان‌و برادۆست دەكەوێتە بندەستی پارتییەوە، شێخ رەشیدو لایەنگرانی تەنگیان پێهەڵدەچێنرێ‌‌و سەرکوت دەکرێن، پاش ئەوەی بۆ ماوەیەك ئاوارەی ئێران دەبن، دەگەڕێنەوە بۆ پاڵحكومەتی عێراق لەسەردەمی عەبدولكەریم قاسمداو لەشاری هەولێر نیشتەجێ‌ دەبن‌و لەدژی شۆڕش چەك بۆ دەوڵەت هەڵدەگرن.


شێخ ڕەشید پاش ئەوەی لەساڵی ١٩٦٤ لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی دەكات لەسەر داوای سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێڕاق (عەبدولسەلام عارف)، لە شاری موسڵ لەنزیک گۆڕی نەبی یونس دەنێژرێت. كە لەساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە مەزارەکەی دەتەقێنرێتەوە.


لەدوای راپەڕینەوە، چیا رژد‌و سەركەشەكانی دەڤەری برادۆست‌و سیدەكان بونە بنكەی گەریلاكانی پەكەكە، بەتایبەتی ناوچەی سەر سنوری خواكورك -شه‌مدینان. لەوكاتەە ئەم دەڤەرە بەردەوام گۆڕەپانی شەڕ‌و پێكدادانی نێوان پەكەكەو دەوڵەتی تورك بوە.


لەدوای كۆچی دوایی شێخ رەشیدی لۆلانەوە، نەوەكانی حاجی محەمەد‌و شێخ حسێن هەوڵیاندا پەیوەندییان لەگەڵ ماڵی بارزانی ئاسایی بكەنەوە، ئەم ئاسایی كردنەوەیە لەسەردەمی كوڕانی نەوەكانی شێخ رەشیددا گەشت بەوەی ببنە هەوادار‌و لایەنگری سەرسەختی پارتی‌و بارزانی.


ئێستا دو گەنجی دیاری عەشرەتی لۆلان، شێخ عیمران شوعەیب لۆلانی‌و شێخ ئەرشەد شێخ حسێن لۆلانی ئامۆزای، بەرپرسی پارتین لەدەڤەری برادۆست.


پەكەكە ئاماژە بەوە دەكات شێخ عیمرانی لۆلانی كە رائیدە لەسوپای بارزان، لەلایەن پارتییەوەو لەسەر داوای توركیا هێزێكی چەكداری بۆ دروستكردوە، بەمەبەستی سیخوڕیكردن لەسەر پەكەكەو شوێن پێ‌ هەڵگرتنی گەریلاكانی. 


شێخ ئەرشەدی ئامۆزای‌و كوڕی شێخ حسێنی سەرۆك عەشرەتی لۆلان، پەرلەمانتاری پارتییە لەپەرلەمانی كوردستان، ئەو ساڵی ڕابردو كاتێك هێزێكی گەورەی جەندرمەکانی تورک سنوری سیدەكانیان بەزاند، پێشوازی لێكردن‌و لەگوندی بەرمیزە داوەتی نان خواردنی کردن.


پەكەكە بەگومانەوە لەوەش دەڕوانێ‌ كە شێخ حسێن‌و ئەرشەدی کوڕی لەهەڵبژاردنی دوبارەی شارەوانی ئەستەمبولدا بەهەمو توانایانەوە کاریان بۆ کاندیدی ئاکەپە کردوە‌و بەهەمو شێوەیەك خۆیان رادەستی توركیا‌و پارتی كردوە.

شێخ رەشیدی لۆلان

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×