کازم حائیری، مەرجەعی شیعە کێیەو چ پەیوەندییەکی بەموقتەدا سەدرەوە هەیە؟
  2022-08-31       2393       
موقتەدا - حائیری

سەنا خوری، پەیامنێری کاروباری ئایینی بی بی سی

وەرگێڕانی: ئاوێنە

 

نوێترین پڕیشکی توندوتیژی لەعێراق، دوای ئەوە بڵێسەی سەند کە موقتەدا سەدر، پیاوی ئایینی شیعەو سەرکردەی ڕەوتی سەدر، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لەسیاسەت راگەیاند. ئەم بڕیارەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە راگەیەندرا کە ئایەتوڵڵا کازم حائیری مەرجەعی تەقلیدی شیعەکان لەپەیامێکی دەگمەندا دەستی لەمەرجەعیەت بون کێشایەوە. کازم حائیری کێیەو پەیوەندیی لەگەڵ سەدر چییە؟

سەجاد جیاد، لێکۆڵەری "دامەزراوەی قەرن" لەئەمریکا دەڵێت، خانەنشین بون یان دەستلەکارکێشانەوەی مەرجەعێکی ئایینی شیعە کارێکی ناباوو نائاساییەو مێژووی هاوچەرخ کردارێکی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە.

بە وتەی جیاد، "مەرجەعیەت هەیە چالاکی خۆی کەم دەکاتەوە یاخود واز لەدەرکردنی بڕیاری شەرعی دەهێنێت، بەڵام لەپەنجا تا شەست ساڵی رابردودا، نەمانبیستووە مەرجەعێک بۆ کشانەوەی خۆی پەیامێکی دەرکردبێت".

پەیامەکەی ئایەتوڵڵا حائیری کە لە28ی ئاب راگەیاندرا، خاڵی بەرچاوی لەخۆ گرتبو. ئەو وتی "بەهۆی پیری‌و نەخۆشییەوە ناتوانێت وەک مەرجەعێک بەردەوام بێت لەکارەکانی‌و داوای لەشوێنکەوتوانی کرد کە شوێن ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی بکەون. حائیری رەخنەی لەموقتەدا سەدر گرت‌و ئەوی بەکەسێک ناوبرد کە توانای "ئیجتیهاد"ی نییەو وتی "توانای رابەرایەتی ئایینیی نییە".

مارسین ئەلشەمەری، توێژەری عێراقی لەزانکۆی هارڤارد دەڵێت، "بەهۆی پیرییەوە خانەنشین کردنی مەرجەعەکان شتێکی نائاساییە". پێگەی ئیجتیهاد ڕێگە بەمەرجەع دەدات بەکۆکردنەوەی شوێنکەوتوانی خۆی نوسینگە بکاتەوەو پشتگیری ئەوانە بکات خوێندکاری ئایینین. بەگشتی مەرجەعەکان کوڕو شاگردانی خۆاین هەیەو کاروباری ڕۆژانەی نوسینگەکانیان دەگرنە ئەستۆ. بۆیە تەمەن ڕێگری ناکات لەئەنجامدانی ئەرکەکانیان، بۆ نمونە مەرجەعێکی باڵای وەک ئایەتوڵڵا سیستانی تەمەنی ٩٣ ساڵەو بەردەوامە لەکارەکانی".

سەجاد جیاد ئاماژە بەپەیوەندی نزیک‌و شەخسی کازم حائیری دەکات لەگەڵ ئایەتوڵڵا محەممەد سادق سەدری باوکی موقتەدا کە ئامۆژگاری شوێنکەوتوانی کرد بو دوای مردنی دوای ئایەتوڵڵا حائیری بکەون‌و ئەم پیاوە ئایینییەی بە(اعلم - زاناتریین) کەس لەدوای خۆی ناوبرد بو. جەیاد دەڵێت "بەم وەسفانە دەستلەکارکێشانەوەی حائیری گورزێک بو لەموقتەدا سەدر".

باوكی موقتەدا سەدر لەساڵی 1999 لەگەڵ دو كوڕەكەی تیرۆر كراو كازم حائیری جێگەی گرتەوە وەک مەرجەعی تەقلید بۆ شوێنكەوتوانی. موقتەدا لەو کاتەوەی کە چووەتە ناو سیاسەتەوە، هەرگیز بۆ مەرجەعیەت ناوی نەبراوە، چونکە وەها پۆستێک پێویستی بە بەدەستهێنانی مەرجی تایبەتی زانستی‌و فیقهی هەیە.

 

پێگەی حائیری لەمەرجەعیەتی شیعەدا چییە؟

وەک دەزانرێت هیچ پلەبەندییەکی فەرمی لە نێوان سەرکردە ئاینییەکانی شیعەدا نییە، بەڵکو پێگەی هەر مەرجەعێک بەپێی ژمارەی شوێنکەوتوان‌و دەستکەوتە زانستییەکانی دیاری دەکرێت. مەرجەعەکانی شیعە زۆرجار لەحەوزەکانی قوم یان نەجەف دەرچون‌ ساڵانێکی زۆر لەو ناوەندانەدا خوێندنانەو وانە دەڵێنەوە.

زانایانی ئایینی کاتێک رۆڵی مەرجەعیەت دەگرنە ئەستۆ کە بەپێی گەواهی هاوپیشەکانیان‌و مەرجەعەکانی دیکە، پێشکەوتنی زانستی پێویستیان بەدەستهێنابێت‌و توانای بڕیاردانی شەرعییان هەبێت. لەوەها دۆخێکدا وەک مەرجەعی ئایینی تەقلید دەتوانن لەکاروباری ئایینی‌و ژیاندا ڕای وەربگرن.

سەجاد جیاد دەڵێت "مەرجەعی ئایینی پێویست ناکات پشت بەحکومەت یان دامەزراوە فەرمییەکان ببەستێت بۆ بەدەستهێنانی مەرجەعیەت یان پشتگیریی کردن لەمەشروعیەتی". له‌هه‌زار ساڵی رابردودا شیعه‌کان مەرجەعگەلێکی  زۆریان هه‌بووه‌و ره‌نگه‌ له‌یه‌ک ساڵدا په‌نجا یان شه‌ست مەرجەع ده‌رب‌که‌ون. بەڵام زۆربەیان مەرجەعی لۆکاڵیین کە ژمارەیەکی سنوردار لەشوێنکەوتویان هەیە کە بۆ نمونە لەو شارەدا تێیدا دەژین وەک مەرجەع دەناسرێن. هەروەها مەرجەعی وەک ئایەتوڵڵا سیستانیش هەن کە شوێنکەوتویان لەسەر ئاستی جیهانی هەیە".

مارسین ئەلشەمەری دەڵێت "مەرجەعەکانی وەک سیستانی یان خامنەئی، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو شوێنکەوتوانە یان زانایانەی کە لەحەوزە خوێندکاریان بون، هەروەها فراوانی تۆڕەکەیان، پێگەیەکی بەرچاوتریان هەیە". حائیری ده‌سه‌ڵاتێکه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی ئیجتیهادو موریدان‌و قوتابخانه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام مەرجەعێکی زۆر به‌ناوبانگ نییه‌و شوێنکەوتوی زۆری نییه‌".

لە نێو ئەو مەرجەعە گرنگانەی کە هێشتا لەژیاندا ماون، دەتوانین ئاماژە بەسیستانی لەنەجەف‌و خامنەئی لەتاران‌و وەحید خۆراسانی‌و سدیق شیرازی لەقوم بکەین. روحوڵا خومەینی، ئەبولقاسم خوئی، محەمەد سەعید حەکیم، محەمەد باقر حەکیم، محەمەد حسێن فەزڵوڵا، محەممەد باقر سەدرو محەممەد سادق سەدر لەمەرجەعە ناودارو گرنگەکانی هاوچەرخ بون کە کۆچی دواییان کرد.

 

پێگەی حائیری لەنێو سەدریەکان چییە؟

کازم حائیری لەچالاکی سیاسی بنەماڵەی سەدردا پێشینەیەکی دورودرێژو مێژویی هەیەو یەکێکە لەو مەرجەعانەی شیعە کە لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردودا لەنەجەفەوە رویان کردوەتە ئێران.

حائیری لەساڵی ١٩٣٨ لەشاری کەربەلا لەدایکبووەو بەپێی ماڵپەڕی فەرمی خۆی، لەنێو پێنج براکەیدا، دوانیان لەزیندانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقدا کوژراون.

لەمنداڵیدا لەگەڵ باوکی دەچێتە شاری نەجەف‌و لەتەمەنی ٢٢ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی کردوەو خاوەنی چوار منداڵە.

ماڵپەری فەرمی ئەو باس لەوە دەکات کە لەدایکی‌و باوکیەوە فێری نوسین‌و‌ قورئان خوێندن بوەو لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەشداری دانیشتنەکانی ئایەتوڵڵا شەهرەوەردی یەکێک لەمەرجەعەکانی ئەو سەردەمە بوە.

کازم حائیری ساڵانێکی زۆر لەلای ئایەتوڵڵا شەهرەوەردی خوێندویەتی‌و دوای دیداری لەگەڵ محەمەد باقر سەدر بوە بەخوێندکاری ئەو، کە بەپێی ماڵپەڕەکەی "گۆڕانکاری لەژیانی زانستی ئەودا دروستکردووەو لەنوسینی کتێبی " "مبانی منطقی استقرا"دا کە دەرخەری لوتکەی پێکهاتەی پلەبەندی بیرکردنەوەی مامۆستاکەی بو، کپمەلی بەو کردوە."

دوای کۆچکردنی بۆ قوم، ڕۆڵێکی دیارو بەرچاوی لەفێرکردنی زانستەکانی حەوزەدا هەبووەو قوتابخانەیەکی بۆ پەروەردەی لاوانی عێراق دامەزراندو ناوی مامۆستاکەی لێنا (محەممەد باقر سەدر).

کازم حائیری یاوەری محەمەد باقر سەدری کرد لەدامەزراندنی "حزب دەعوە"و چالاکی سیاسییە کاریگەرەکانی ئەودا لەعێراق. لەماوەی دەربەدەریدا، (فقیە)ی هەوادارانی حیزبی دەعوە بو لەسوریاو ئێران، بەڵام بەگوتەی سەجاد جیاد، دواجار "دەستبەرداری چالاکیی سیاسی بوەو دەستی بەوانە وتنەوە کردوە".

ئەو لەحەوزەدا، هاوکاری محەممەد سادق سەدری باوکی موقتەدا سەدر بوە کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حائیری وەک مەرجەعی ئایینی لەدوای خۆی ناساند.

سەدری باوک لەچاوپێکەوتنێکدا وتبوی "بۆچوونی من ئەوەیە دوای مردنم ئایەتوڵڵای گەورە کازم حائیری بێ مەرج زاناتریینە".

کازم حائیری بە دژایەتیکردنی حکومەتەکەی سەدام ناسرابوو بەپێی ماڵپەڕەکەی "بەئامۆژگاری‌و فەتوا ژیرانەکانی لەکتێبی "دلیل المجاهید" هەوڵی داوە پاڵپشتی بزوتنەوەی گەلی عێراق‌و موجاهیدە چاکەکارەکانی بکات.

لەنێو هەڵوێستە مشتومڕاوییەکانی دوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق، بەیاننامەیەک بوو کە تیایدا داوای "ڕشتنی خوێنی رەمزەکانی بەعسی لەعێراق" کرد. هەروەها رەشنووسێکی بۆ دەستوری "کۆماری ئیسلامیی عێراق" پێشکەش کرد.

پەیوەندیی موقتەدا سەدر لەگەڵ کازم حائیری پێش بەیاننامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەمەرجەعیەت - کە بەنەبونی لێهاتویی موقتەدا سەدریش لێکدەدرێتەوە - هەورازو نشێوی زۆری هەبووە.

مارسین ئەلشەمەری دەڵێت "پەیوەندی نێوان حائیری‌و سەدر لەسەرەتاوە زۆر باش بو، کاتێک موقتەدا بۆ ماوەیەکی کورت لەقوم خوێندکاری بو. بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکییەکان عێراقیان داگیرکردو حائیری دژایەتی چالاکییەکانی سەدری لەسوپای مەهدی‌و هاتنە ناوەوەی تەواوەتی بۆ سیاسەت کرد، پەیوەندییەکانیان خراپ بو".

پەیوەندی نێوان ئەم دوو کەسە لەدوای ساڵی ٢٠٠٨ بەتەواوی پچڕا، کاتێک حائیری رەخنەی لەململانێی موقتەدا سەدر گرت لەگەڵ حکومەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات.

 

خانەنشین بوونی حائیری چ کاریگەرییەکی لەسەر رەوتی سەدر دەبێت؟

هەرچەندە ساڵانێکە پەیوەندی نێوان سەدرو حائیری تێکچوە، بەڵام ئەو لێدوانەی حائیری کە تیایدا هێرشی کردە سەر مەعریفەو زانیارییە ئایینییەکانی موقتەدا، کاریگەری لەسەر موقتەدا سەدر بەجێهێشت، هەرچەندە ئەو هەرگیز باسی لەوەرگرتنی ڕۆڵی مەرجەعیەت نەکردبو.

مارسین شەمەری‌و سەجاد جیاد هەردوکیان لەسەر ئەوە کۆکن کە زۆربەی ئەوانەی لەڕەوتی سەدردا تەقلیدی ئایەتوڵڵا حائیری دەکەن لەنەوەی کۆنن‌و لەڕاستیدا هاوچەرخی باوکی موقتەدی بون.

جەیاد دەڵێت "زۆرینەی رەوتی سەدر لەگەنجان پێکهاتون کە حائیری ناناسن‌و شوێن هیچ مەرجەعێک ناکەون، نەئایەتوڵڵا سیستانی‌و نەکەسی دیکە، ئەوانە لەهەمو کاروبای خۆیاندا شوێن موقتەدا سەدر دەکەون".

خاتوو شەمەری پێی وایە ئامۆژگارییەکانی ئایەتوڵڵا حائیری بۆ پەیڕەوکردنی خامنەیی "تەنها کاریگەری لەسەر گروپێکی بچوک هەیە کە پابەندن بەیاساکانی شەریعەتەوەو قسەکانی بەجددی وەردەگرن، کە لەنەوەکانی شوێنکەوتووانی محەممەد سادق سەدرن، بەڵام زۆرینەی رەوتی سەدر ئەو گەنجانەن رێبازێکی دژە ئێرانیان هەیەو ئەستەمە شوێن ئەو مەرجەعە بکەون کە رابەرایەتی سیاسەتی ئێران دەکات".

بە وتەی مارسین شەمەری، ڕەنگە خانەنشین بوونی حائیری بۆشایی مەرجەعیەت لەریزەکانی رەوتی سەدردا دروست بکات، بەڵام ئەمە "چاوەڕوان کراوە، چونکە وابەستەیی سەدرییەکان بەهەر مەرجەعیەتێکەوە لاوازەو وابەستەیی ئەوان بەموقتەدا سەدرەوە لەهەر شتێکی دیکە  بەهێزترە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×