پزیشکى داد ئەنجامى پشکنینى تەرمى ژینا ئەمینى بڵاودەکاتەوە
  2022-09-22       564       

بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی دادوەریی تاران رایگەیاند، تاقیکاری پزیشکان نیشانی داوە بە هیچ شێوەیەک ئاسەواری لێدان، شکیان یان شین بوونەوە لە سەر و چاو و لاشەی ژینا ئەمینی نەبینراوە.  

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی مێهرى فەرمى ئێران لەزارى مەهدی فرووزش بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی دادی تارانەوە گواستییەوە "دۆزینەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانی خاتوو مەهسا ئەمینی پێویستی بە کاتی زیاترە بەڵام پشکنینی ڕواڵەتی تەرمی کۆچکردوو ئەمینی نیشان دەدات بە هیچ شێوەیەک لێنەدراوە و هیچ ئاسەوارێکی پێوە نییە".  

بەپێی ئاژانسەکە، ئێران لیژنەیەکى بۆ دۆزینەوەی راستییەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی مەهسا(ژینا) ئەمینی کچی ۲۲ساڵەی سەقزی لە تاران پێکهێناوە کە بەمزوانە راپۆرتی کۆتایی خۆی بڵاو دەکاتەوە.  

پێشتر رۆژنامەى "همشهرى" ئێران بڵاویکردەوە، بە فەرمانی سەردار ڕەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی گەورەى تاران، عەقید میرزایی، بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی تاران تا لێکۆڵینەوەی ورد و تەواو لە ڕەهەندەکانی گیان لەدەستدانى  ژینا ئەمینى دەکرێت لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.    

سەردار رەحیمی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتى "لە بنکەی پۆلیسی ئەخلاقیدا هیچ شتێک بەناوی دەستبەسەرکردن نییە و هاوکارانی راوێژکار لە هۆڵێکدا قسە بۆ ئەو خانمانە دەکەن کە لە بەر جل وبەرگی بێ حیجاب بانگ کراونەتە بنکەکە و رێنوێنییان دەکەن کە دەبێ یاسای وڵات لەبەرچاو بگرن".    

وتیشی "مەهسا ئەمینی لە گەڵ سێ کچ و دوو پیاودا لە پارکی تاڵەقانی لە تاران لە حاڵی پیاسە کردن بوون کە پۆلیسی ئەمنیەت ئەخلاقی چاوی پێیان دەکەوێت و پێیان دەڵێت کە دەبێ جلوبەرگیان بە گوێرەی یاسا رێکوپێک بکەن و بێ حیجاب نەبن".    

 "سێ کەس لەو خانمانە هەر لەوێ جلەکانیان رێک دەکەن بەڵام مەهسا ئەمینی دەگواسترێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی تاکوو بەشداریی پێبکرێت لە کۆرێکی فێرکاری حیجاب و پۆلیس دەڵێت یەکێک بروات و جلوبەرگی شیاو و لەبار بهێنێت بۆ خانمی ئەمینی و دوای فێرکاری یاسایی رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە".    

سەردار رەحیمی وتیشى "پێنج خانمی دیکە و هاوکارێکی ئێمەش لەناو ئۆتۆمبێلى پۆلیسدا بوونە و ئەوانیش لەگەڵیا براونەتە بنکەی پۆلیس و پێش دەستپێکردنی خولی فێرکاری هەر بەو جۆرە کە لە ڤیدیۆکەدا دیارە، مەهسا ئەمینی پرسیارێکی لە خانمە هاوکارێکمان کردووە و لە کاتی قسە کردن لە گەڵ ئەودا حاڵی تێکدەچێت و پۆلیس بە پەلە گواستیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت و ئەهلی، بەهیچ شێوەیەک ئازاری مەهسا ئەمینی نەدراوە و دەبێ چاوەروانی راپۆرتی پۆلیسی دادوەری بین".    

رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو (16-9-2022) بڵاویکردەوە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخى بێهۆشى، نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.        

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×