دوایین ئاماری خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان: 15 كوژراو و سەدان بریندار
  2022-09-22       686       

بەپێی نوێترین ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویكردۆتەوە، لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا لانیكەم هەشت خۆپیشاندەر كوژراون و زیاتر لە 280 خۆپیشاندەریش برینداربون، بەوەش لەماوەی چوار رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەكاندا لە رۆژهەڵاتی كوردستان 15 خۆپیشاندەر كوژراون و زیاتر لە 700 خۆپیشاندەریش برینداربون.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ راپۆرتی شەشەمی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دژبە كوژرانی ژینا ئەمینی بڵاوكردۆتەوەو بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە دوێنێ چوارشەممە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە توندوتیژییەکی زیاترەوە وەڵامی ناڕەزایەتیی هاوڵاتییانی کوردییان داوەتەوەو ئەوە پشتڕاستكراوەتەوە كە لانیكەم هەشت خۆپیشاندەر لە شارەكانی ورمێ، شنۆ، شائابادو ئەیوان كوژراون كە دوان لەوانە مێردمنداڵ بون و تەمەنیان ١٥ و ١٦ ساڵان بوە.

هەنگاو ناوی ئەو هەشت خۆپیشاندەرەی ئاشكراكردون كە لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێدا كوژراون و پێكدێن لە: سەعید محەممەدی، موحسین قەیسەری، ئەمین مەعریفەت ١٦ ساڵە، میلان حەقیقی، سەدرەدین لێتانی، عەبدوڵا محەمەدپور ١٥ ساڵە، مەتین عەبدوڵلاپور و دانش ڕەهنەما.

بەپێی راپۆرتەكەی هەنگاو هەر لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، لانیكەم ٢٨١ کەسیش برینداربون.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە زانیویەتی هاوڵاتییەکی دیکە لە ورمێ کوژراوەو تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارەیەو هەواڵەکان باس لە کوژرانی چەند کەسی دیکە لە شائاباد دەکەن و تیمی هەنگاو خەریکی بەدواداچونن بۆ دڵنیابونەوە لە ڕاستیی ئەو زانیاریانە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئامارەكانی ئەوان، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا لانیكەم ١٥ هاوڵاتیی ناڕازیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەستداوە و ٧٣٣ کەسیش برینداربون کە زۆربەی ئەو بریندارانە بەهۆی ترس لە دەستبەسەرکرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، نەچونەتە بنکە تەندروستییەکان بەڵام ڤیدیۆو وێنەی ئەوانە لای هەنگاو هەیە.

بەپێی راپۆرتەكەی هەنگاو، ئەو 15 خۆپیشاندەرەی كوژراون ناو و شوێنی نیشتەجێبونیان بەمشێوەیەیە:

ورمێ: ١- فەرجاد دەروێشی ٢- عەبدوڵا محەمەدپور ٣- مەتین عەبدوڵاپور ٤- دانش ڕاهنەما

شنۆ: ١- ئەمین مەعرفەت ١٦ساڵە ٢-میلان حەقیقی ٣- سەدرەدین لێتانی

دیواندەرە: ١- فواد قەدیمی ٢- موحسین محەمەدی

سەقز: ١- فەرەیدون مەحمودی

کرماشان: ١- مینو مەجیدی

شائاباد: ١- سەعید محەمەدی

ئیلام: ١- موحسین قەیسەری

دێولان ١- ڕەزا لوتفی

پیرانشار: ١_ زەکەریا خەیاڵ

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە ٦٠٠ هاوڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×