دژی‌ هێرشه‌كانی‌ ئێران زیاتر لە ١٤٠ ئیمزا بۆ کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی‌ عێراق کۆکراوەتەوە
  2022-10-01       686       

دژی‌ هێرشه‌كانی‌ ئێران زیاتر لە ١٤٠ ئیمزا بۆ کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی‌ عێراق کۆکراوەتەوەو ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگرییش دەڵێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر.

ئاوێنه‌: سەکڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه‌، "ماوەی شەش ڕۆژە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ھیچ ھەڵوێستێکی نییە، ئەمەش جێگەی دڵگرانیی ئێمەیە، چونکە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە ڕێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەکرێن، لەڕوداوی گوندی پەرەخێی زاخۆ چەندین شاندی عێراق سەردانی شوێنی ڕوداوەکەیان کرد، کەچی ئێستا ھەڵویستیان نییە.''

ناوبراو دەشڵێت، "لەناو پەرلەمانتارانی عێراق تا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ ئیمزا کۆ کراوەتەوە و تا سبەی یەکشەممە ئیمزا کۆدەکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھێرشەکانی ئێران بەڕێوەبچێت.''

سەکڤان سندی ڕونیکردۆتەوە، ''ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردەوە بۆ کۆبونەوەی پەرلەمان لەھەموو پێکھاتەکانی عێراقن و دەیانەوێت حکومەتی عێراق پابەندبێت بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو ھێرشانە، چونکە حکومەت دەتوانێت لەئەنجومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و نابێت حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات.''
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×