دوشەممە(17ی ئۆكتۆبەر)، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە ئاسمانی كیێڤ. بەرپرسانی ئۆكرانیا دەڵێن: ئەو درۆنانە ئێرانین. وێنە: GETTY IMMAGES
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، راهێنەری سەربازیی ئێرانی لە نیمچەدورگەی كریمیا بون بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی روسیا لە بەكارهێنانی درۆنی دروستكراوی ئێرانی بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجەكان لە ئۆكرانیا.
ئاوێنە: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند"دەتوانین ئەوە پشتڕاست بكەینەوە هێزەكانی روسیا كە لە كریمیا جێگیركراون، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانیان بەكارهێناوە لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر ئۆكرانیا لەنێویشیاندا هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر كیێڤ."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەفسەرانی ئێران لە نیمچە دورگەی كریمیا بون و هاوكاری روسەكانیان كردوە لەو هێرشانەدا...لەمبارەیەوە زانیاری پشتڕاستكراوەمان هەیە."
روسیا لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر نیمچەدورگەی كریمیادا گرت و لەوێ سەربازگەی مەشقپێكردنی سەربازانی هەیە.
ئێران پێشتر ئەو تۆمەتانەی لەبارەی پێدانی درۆن بە روسیا رەتكردۆتەوەو روسیا رەتیكردۆتەوە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بۆ هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا بەكارهێنابێت.