شه‌ممه‌, 17 ی ئایار , 2025
هاككەرەكان نهێنییەكانی خامنەیی و سوپای پاسداران لە بارەی خۆپیشاندانەكان ئاشكرا دەكەن
  2022-12-01       560       

دوابەدوای هاككرانی ئاژانسێكی هەواڵی سەر بە سوپای پاسداران، ئاستی ترسی دەسەڵاتی ئێران لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاشكرابوو.

ئاوێنه‌: دوای هاككردنی ئاژانسی هەواڵی فارس، كە سەر بە سوپای پاسدارانە، لەلایەن گروپی هاككەری “بلاك ڕیوارد”، بوڵتەنێكی هەواڵی نهێنی بڵاوكرایەوە، كە ئاژانسەكە بۆ حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئامادەی كردبوو.

بوڵتەنەكە هەندێك پرسی ناوخۆی حكومەت، فەرمانەكانی ڕابەر باڵای ڕژێمی ئێران و هەروەها، ئامارەكانی پەیوەست بە بیروڕا، هەڵوێست و ئاراستەی كۆمەڵگای سەبارەت بە سەرهەڵدانە سەرتاسەرییەكەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە خۆ دەگرێت، كە زۆربەیان لە میدیاكان بڵاونەكراونەتەوە.

بە گشتی بوڵتەن، تایبەت بۆ بەرپرسان و دامودەزگاكانی سەر بە حكومەت ئامادە دەكرێت، كە هەواڵە نهێنی یان تەواو نهێنییەكان لەخۆ دەگرێت.

ئەو بوڵتەنە كە ١٢٣ لاپەڕەیە، دوای كۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەمی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەشێك لە ئەندامانی بەسیج ئامادەكراوە.

لە بەشێكی ئەو بوڵتەنە نهێنییەدا هاتووە، لە ڕوانگەی حكومەتەوە، گەورەترین دەستكەوتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە بۆ ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە، كە چیتر خەڵك لە هێزە سەربازییەكان و پۆلیس ناترسن، باس لەوەش كراوە، كە منداڵی بەشێك لەو كەسانەی لە شەڕی ئێران و عێراقدا كوژراون و بەشێك لە فەرمانبەرانی حكومەت لەنێو ئەو كەسانەدان كە دەستگیركراون.

بە بڕوای شارەزایانی سوپای پاسداران، بەردەوامبوونی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و ئەو زیانە گیانییانەی بەر هێزەكانی دەسەڵات دەكەوێت، شكۆ و دەسەڵاتی سیستم ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە و لەناچوون دەكاتەوە، كە بنیات نانەوە و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی كاتێكی زۆری دەوێت.

باس لەوەش كراوە، هەندێك لە بەرپرسانی ئێرانی دانیشتووی دەرەوە، بە بەرپرسانی ناوخۆیان وتووە، ڕایگشتی لە دەرەوەی ئێرانیش گەیشتونەتە ئەو ئەنجامە، كە سیستەمی كۆماری ئیسلامی تووشی پشێوی بووە و داهاتووی نادیارە.

بە پێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیە، خامنەیی دانی بەوەداناوە، كە حكومەتەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی بەرامبەر بە سەرهەڵدانی سەرتاسەری ئێران، بێ پلان و خاوە و جەختی لە بێ بڕیاربوونی حكومەت كردووەتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، فراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بە شێوەی گەڕەك بە گەڕەك كە لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان پشتی پێبەستراوە، عەلی خامنەیی نیگەران كردووە.

هاوكات خامنەیی داوای لە ڕێكخراوی بانگەشەی ئیسلامی كردووە، كەسانی پابەند بە بنەماكانی سیستم بدۆزێنەوە و لەناو مزگەوت و حسێنیە و گەڕەكەكاندا تۆری بەهێز بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتییەكان لە گەڕەكەكان پێكبهێنێت.

لەبەشێكی تری بوڵتەنەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، كە دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕووسیا ئەنجامی گوێگرتن و دزە پێكردن بە پەیوەندییەكانی دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەكانیان ڕادەستی كاربەدەستانی تاران كردووە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو كە خەڵكی ئێران بە گشتی لەو بڕوایەدان كە وڵاتەكەیان لە دۆخی شۆڕشدایە.

بوڵتەنەكە ڕاپرسییەكی وەزارەتی ناخۆیی ئێرانیش لە خۆ دەگرێت، كە بە پێی ڕاپرسیەكە ٥٦٪ خەڵك پێیان وایە، بەمزوانە ناڕەزاییەتیەكان كۆتایی پێنایەت و زیاتر لە نیوەی خەڵكی ئێرانیش لەو بڕوایەدان، نابێت حیجاب بە زۆرەملێ بێت و ٨٦٪ی هاوڵاتیانیش دووپاتیانكردووەتەوە، ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی سەر بە حكومەت بڵاودەكرێنەوە ڕاستگۆیانە نین و ٨٤%یش، ناڕەزایەتیەكانیان بە ڕێگەچارەی كێشەكانی ئێستای ئێران داناوە.

هەر بە گوێرەی بوڵتەنەكە، لە ماوەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان تائێستا بەرپرسانی حكومەت بە فەرمی ژمارەی خۆپیشاندەرانیان كەمتر لە ٤٠ هەزار كەس ڕاگەیاندبوو، بەڵام لە بوڵتەنەكەدا ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ ناڕەزاییەتی دەربڕین ڕوویان لە شەقامەكان كردووە، ٦٠٠ هەزار كەس مەزەندە كراوە و شارەزایانی سوپای پاسدارانیش دانیان بەوەداناوە كە ناڕەزایەتیەكان سەرتاسەرین.

بڵاوبوونەوەی ئەو بوڵتەنە نهێنیە لە كاتێكدایە، لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە و دوای گیان لەدەستدانی كچە كورد، ژینا ئەمینیی بەهۆی ئەشكەنجەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستیپێكرد و تا ئێستاش ئەو ناڕەزاییەتیانە، كە بە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” ناسراوە بە بێ وچان بەردەوامە و بە پیی دوایین ئاماری ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێرانیش لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەخۆی هێزەكانی ئێران لە خۆپیشاندەران تا ئێستا ٤٤٨ كەس گیانیان بەختكردووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×