گەنجێكی خەڵکی سنە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەكانی ئێراندا گیانی لە دەستدا
  2023-01-26       355       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشكرایكرد، گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی ئەحمەد ساڵحی چەند کاتژمێرێك دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستدا. ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەكاتی دەستگیركردنیدا لە ماڵەكەیدا هیچ جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر نەدۆزراوەتەوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راپۆرتیكدا ئاماژەی بەوەداوە كە دوێنێ چوارشەممە، گەنجێکی نیشتەجێی گەڕەکی نایسەری شاری سنە بە ناوی ئەحمەد ساڵحی تەمەن ٣٥ ساڵ چەند کاتژمێرێك دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

رێكخراوی هەنگاو، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وتویەتی، ئەحمەد ساڵحی لە ماڵەکەی خۆیدا بە گومانی هەبونی ماددەی هۆشبەر دراوەتە بەر لێدان و کوتان و سەرباری ئەوەی هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر لەماڵەکەیدا نەدۆزراوەتەوە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی، ئەحمەد ساڵحی بەهۆی لێدان لەسەری گیانی لە دەستداوە و هەر دوێنێ شەو تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گوازراوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان خێرا دەستێوەردانیان کردوەو بنەماڵەی ساڵحی-یان ناچار کردوە کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە نەخۆشی دڵ رابگەیەنن.

ئەو رێكخراوە وتوشیەتی، تەرمی ئەحمەد ساڵحی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نوسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، سەڵاح ساڵحی برای ئەحمەد ساڵحی، ئەمشەو پێنجشەممە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی و لە کاتی بەخاكسپاردنی تەرمی ناوبراوداو دوای ئەوەی تەرمی براکەی بینیوە و شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە دیاربوە، ناڕەزایەتی دەربڕیوە کە دەستبەجێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە رفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×