سودانی: بیستومانە پارە لە هەرێمەوە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوەی وڵات
  2023-01-31       1067       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بڕیاری حكومەت نەبوە. دەشڵێت، كێشەی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی پارە، كێشەكی درێژەخایەنە، بیستومانە پارە دەبرێتە هەرێمی كوردستان و لەوێوە دەبرێتە وڵاتانی دراوسێ، لەوبارەیەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم قسەمان كردوە. دەشڵێت، هەمو ئەگەرێك بۆ دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لە بودجەی ساڵی 2023دا كراوەیە.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمشەو سێشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی رەسمی عێراق لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار وتی، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بڕیاری حكومەت نەبوە، بەڵكو هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ چەند پێوەرێكی نێودەوڵەتی و پەیوەندیی نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و بانكی فیدراڵی ئەمریكی و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە.

وتیشی، میكانیزمێك هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی جوڵەی پارەی سیستمی بانكیی جیهانی، بۆ ئەوەش بەر لە دو ساڵ یاداشتێك لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە ئیمزاكراوە بۆ ئەوەی پابەندبێت بە رێكارەكانی سیستمی حەواڵەی ناوەندییەوە لە رێگەی پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنییەوە كە وردبینی دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبوایە حكومەتی پێشوی عێراق ئاستی بانكە ئەهلییەكان و بازرگانانی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بكرایە. بەبڕوای سودانی هێشتا بانكەكان و بازرگانانی عێراق لەو ئاستەدا نین.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی، بەردەوام قسە لە بونی پسوڵەی ساختەو بردنە دەرەوەی پارە دەكرێ بۆ وڵاتانی دەرەوە لەڕێگەی قاچاخەوە، ئەوەش راستییە. ئەمە كێشەیەكی درێژخایەنەو چەند ساڵێكە هەیە.

ئەوەشی خستەڕو، پێشتر رۆژانە 200 تا 300 ملیۆن دۆلار خراوەتەوە لەڕێگەی بانكی ناوەندییەوە فرۆشراوە، ئێستا 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازاڕ.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوەش تەفسیری ئەوەی بۆ دەكرێت كە ئەو پارانە پێشتر بە پسوڵەی ساختە براونەتە دەرەوەی وڵات.

لەبارەی گرتنەبەری رێكار لەوبارەیەوە وتی، بۆ ئەوەی لەڕوی یاساییەوە پرسی ساختەكاری یان بەقاچاخبردنی پارە بسەلمێنرێت و فەرمانی دادگای پێ دەربچێت پێویستی بە رێكارە.

ئاماژەی بەوەشدا، بانگەشەی ئەوە دەبیستین كە پارە دەبرێتە هەرێمی كوردستان و لەوێوە دەبرێتە وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوە قسە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوە و دەبێت هاوكاری بكەن لەو پرسەدا.

هەروەها وتیشی، هەندێك كاڵا بە نرخی نالۆژیكی دەهێنرێنە وڵات بە ئامانجی بردنە دەرەوەی دراو، ئەبێت ئەم شتە رابگیرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە بازرگانان وردە وردە خەریكە لەگەڵ رێكارە نوێیەكان رادێن بۆ ئەنجامدانی "بازرگانی شەرعی."

جەختیشی كردەوە كە حكومەتی عێراق جددییە لە رێكارەكان بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی دراو، هاوكات دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان كە دۆخی دارایی عێراق لە باشترین ئاستیدایەو توانای كڕینی هەمو كاڵایەكمان هەیە.

وتیشی"حكومەت نرخی دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ نرخە رەسمییەكەی و بازرگانان و خاوەنكاران رادەهێنێت لەسەر بازرگانی شەرعی...دڵنیایی دەدەمە هاوڵاتیان كە دۆلار لای خۆیان هەڵنەگرن، دینار بەهێزترە."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد، بڕیاری گۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوەندی و بەڕێوەبەری بلانكی بازرگانی عێراقی، بەشێوەیەكی دیراسەكراو بوەو بڕیارێكی خێراو هەڕەمەكی نەبوە.

جەختیشی كردەوە، هەر بەرپرسێك چارەسەر بۆ كێشەكان پێشكەش نەكات، دەگۆڕدرێت و گۆڕینی بەرپرسانیش بەردەوامە لە سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سودانی ئاماژەی بەوەدا، رۆژی 7ی شوبات وەفدێكی باڵای عێراق سەردانی واشنتۆن دەكات بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسیەیەك لەنێویشیاندا پرسی نرخی دۆلارو ئەو میكانیزمانەی پەیڕەودەكرێن بەپێی پێوەرە نوێكان.

سودانی لەبارەی بودجەی 2023ی عێراقەوە، ئاماژەی بەوەدا كە خوازیاری بودجەیەكە كە لەگەڵ بەرنامەی حكومەت بێتەوە نەك وەك بودجەی حكومەتەكانی پێشو بێت، هەمو هەڵەكانی پێشو لەوەوە بون كە بودجە لەگەڵ بەرنامەی حكومەتدا نەهاتۆتەوە.

 لەبارەی دیاریكردنی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بودجەدا، سودانی ئاماژەی بەوەدا كە لەسەر بنەمانی دۆخی ئابوری وڵات بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێت، وتیشی، هەمو ئەگەرێك بۆ دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لە بودجەدا كراوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×