هێزە ئەمنییەکانی ئازەربایجان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دژی "تۆڕێکی سیخوڕی" دەستپێکرد کە بۆ ئێران کاردەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان باکۆ و تاران لەدوای هێرشی کەسێکی چەکدار، کە لە ئەنجامدا دیپلۆماتکارێکی ئازەربایجانی کوژرا زیاتر بوه.
ئاوێنە: دەزگای نیمچە فەرمیی "ترێند" لە ئازەربایجان رایگەیاند، یەکەیەکی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بارەگای کەناڵی "ئینتەر ئاز" و ماڵپەڕی "سەلام نیوز"، میدیاکانی لایەنگری تاران و ئاماژەی بەوەداوه، کە حەوت کەس دەستگیرکراون و هێشتا ناسنامهیان دیارنیه.
وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی راگەیاند، کە تۆڕێکی "سیخوڕی" ئێرانی کردە ئامانج، لە باکۆ و چەند شارێکی دیكه.
لە مانگی 11ی ساڵی رابردودا باکۆ دەستگیرکردنی ژمارهیهك هاوڵاتی "بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران" راگەیاند، دوای چەند هەفتەیەک لە مانۆڕی بەرفراوان کە لەلایەن "سوپای پاسداران"ەوە لەسەر سنورەکانی ئازەربایجان ئەنجامدرا.
ئەو هەڵمەتەی دوێنێ لە کاتێکدا بو کە ئازەربایجان رۆژێک دوای چۆڵکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران هاوڵاتیانی خۆی لە گهشتكردنی ناپێویست بۆ ئێران ئاگاداركردهوه.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، "به لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناسەقامگیری کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئەرکی دیپلۆماسیمان، ئامۆژگاری هاوڵاتیانی کۆماری ئازەربایجان دەکەین، کە ئەگەر پێویست نەبێت سەردانی ئێران نەکەن".
بەرپرسانی ئێران پێداگریان کرد کە هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان پاڵنەری کەسی و بنەماڵەیی لە هێرشبەرەکەوە هەبوە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیرکراوە، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی ئازەربایجان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە دهبێت تاران بە "تیرۆریست" وەسفی بکات، بەرپرسانی ئازەربایجان رایانگەیاندوە، کە ئەو هێرشە پێنجەم هێرشه لە ماوەی دو ساڵدا.
تاران لە نزیکبونەوەی ئیسرائیل و ئازەربایجان نیگەرانە، دوای ئهوهی ئازەربایجان مانگی رابردو یەکەمین باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل راسپارد بۆ راپهڕاندنی كاره دیپلۆماسییهكان له وڵاتهكهدا.