كەسوكاری زیندانیانی بادینان: گومانی تیرۆری زیندانیانی بادینان ھەیە و داوای دروستكردنی لیژنەیەک دەكەین
  2023-02-17       545       


لە پەیامێكدا كەسوكاری زیندانیانی بادینان ڕایگەیەنن، گۆمانی تیرۆری بایلۆجی زیندانیانی بادینان ھەیە و بۆ پشکنین داوای لیژنەیەکی باڵای تەندروستی دەکەن و دەشڵێن: دەستبەجێ زیندانیان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بووە.

ئاوێنه‌: ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، لە دووەم ساڵیادی سزادانی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان کە پرۆسەکە لەژێر حوکمڕانی کابینە نۆیەمی ئەقل پۆلیسی و دۆگماتیکیەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە یەکەم رۆژ تا ئێستا نایاسای و نا دیموکراسییە، کاردانەوە و نیگەرانی نێوخۆیی و جیھانی لێکەوتەوە و لەبری پێداچونەوە و باشترکردنی دۆخەکە ئێستا گروپێکی دەرون نەخوشی (سادیزم)ی نێو پارتی و بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دژی گیراوەکانمان دەستێوەردان لە کاروباری دادگاو و چاکسازی گەورانی ھەولێر دەکەن.

لە پەیامەكەدا هاتووە: لەلایەکی تریشەوە ئێمە زۆر بە گومانین لە جۆری مامەڵەکردنی بەرپرسانی ئیدارەی زیندانی چاکسازی لەگەڵ گیراوەکانمان تا ڕاددەی گومانی (پیلانی ڕەش و تیرۆری بایلۆجی) بەتایبەت لەم ڕۆژانەی دوایدا بەرامبەر (شێروان شێروانی) و بۆ ئەم مەبەستەش بە ووردی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و  نێودەوڵەتیەکانمان لێ ئاگادار کردوتەوە و بەرپرسایەتی ھەر زیانێك بە گیراوەکانمان دەخەینە پاڵ حکومەت و لایەنی ئیداری و ئەمنی زیندانی چاکسازی کە پارتی بەسەردا زاڵە.

نوێنەری زیندانیانی بادینان دەشڵێت: بوویە بە گرنگ دەزانین کومەڵێك خاڵ وەکو رێگا چارە بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕابگەیێنین:

١-پێکھێنانی لژنەیەکی باڵای تەندروستی سەربخۆ بە ھەماھەنگی یۆنامی و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤ بۆ پشکنینی خوێن و ھەڵسەنگاندی دوخی تەندروستی زیندانیانی بادینان (بەوانەی ئازادیش بوونە!).

٢-  دوسیەی زیندانیانی بادینان ماسکی دادوەرە حزبیەکانی خست، بۆیە پێویستە دووبارە دەسەڵات و ئەنجومەنی دادوەری دور لە پشک پشکێنەی حزبی رێکبخرێت، چونکە لە ھەموو سیستەمێکی سیاسیدا بۆ حوکمڕانیەکی باش "دادگا" سەنگی مەحەکە، بۆیە لەم ھەرێمەدا مەترسی لەسەر ھەموو ھاوڵاتیەک ھەیە و ھیچ مافێکیش گرەنتی نەکراوە چونکە یاسا و دەسەلاتی دادوەری لە دەستێکی سەربخۆ و ئەمیندا نیە و لەژێر ڕکێفی حزب و دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە.

٣- ڕێگە بدرێت بە زووترین کات مواجھەی پارێزەرەکان لەگەڵ گیراوەکانمان بکرێتەوە، ئەوانەی بەر کەمکردنەوەی حوکم نەکەوتن وەکو رۆژنامەنوس (قارەمان شوکری رێکانی) کە لە دادگایەکی نھێنیدا حەوت ساڵ سزادرا ئازادبکرێن.

٤- دەستبەجێ زیندانیان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەکانی سزا (اصول محاكمات الجزائیە)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرگی) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت: ئەگەر ئەم ئەقلیەتە حوکمڕانییە بەردەوام بێت کە مەترسیە بۆ سەر قەوارەی ھەرێم، رۆژگارێکیش چاوەڕێمان دەکا ھەر لە دامەزراوەی میدیایی و سەرۆک حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە تا کۆمێنت نوسینێک دەکەونە بەردەم مەترسی گرتن و دادگا حزبییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×