بەهۆی لافاوەوە گەنجێك لە شنگال گیانی لەدەستداو لە پارێزگای نەینەواش كرایە پشو
  2023-03-15       441       

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئاكامی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەكەی گرتەوە، لافاو دروست بو و بەوهۆیەوە لە شنگال گەنجێك گیانی لەدەستداو لە پارێزگای نەینەواش سبەینێ پێنجشەممە، كرایە پشوی رەسمی.

ئاوێنە: خودێدا چوكێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێی سەربە شنگال، بە پێگەی شەفەق نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ئەنجامی باران بارینی بەخوڕ لە سنوری قەزای شنگال، لافاو دروست بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەهۆی لافاوەكەوە گەنجێكی تەمەن 19 ساڵان لە گوندی "خەرابات فەقیر" لە باشوری ناحیەكەیان گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی عیسا فەیسەڵ بوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ وتوشیەتی، لافاو زیانی بە كێڵگەی جوتیاران و چەند ماڵێك گەیاندوەو ئاستەنگی لە شەقام و كۆڵانەكان بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و خەڵكی پیادەش دروستكردوە.

لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی پارێزگاری نەینەوا لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەهۆی كەشوهەواو بارانی بەخوڕەوە، بەبڕیاری پارێزگار سبەی پێنجشەممە، لەسەرجەم فەرمانگەكانی پارێزگاكە پشوی رەسمی دەبێت جگە لە فەرمانگە فریاگوزارییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×