هەرچەندە بڕیاربوو ئهمڕۆ پێنجشەممە 16ی مانگی ئازاری 2023، یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ناوی (گۆهدار زێباری) ئازاد بکرێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە حهوت مانگی تری زیندانی حوکمدرا بە تاوانی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی". یەکێک لە پارێزەرانی ئەو دۆسێیەش دەڵێت، سکاڵەکە دەبوو لەلایەن کۆمپانیای تۆیۆتا یان دایۆوە بکرایە، کەچی ئاسایش و داواکاری گشتی هەولێر لە بری ئەوان سکاڵایان تۆمارکردووە.
ئاوێنە: بەشدار حەسەن، سهرۆكی تیمی پارێزهرانی زیندانیانی بادینان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: ئەو بابەتەی گۆهدار زێباری کاتی خۆی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆنی جۆری دایۆی Daewooکڕبوو پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت لەسەر بۆنیتەکەی دەبووایە لۆگۆی دایۆی لەسەر بێت، بەڵام کاتی خۆی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە گۆڕیویەتی و کردویەتی بە لۆگۆی تۆیۆتا Toyota.
ناوەڕاستی ساڵی 2020 گۆهدار زێباری و چەند کەسێک کە دواتر بە زیندانیانی بادینان ناویان دەرکرد، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی ههرێم" دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی (1) لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە شهش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
بەڵام بەشدار حەسەن دەڵێت: "گۆهدار کە لە ساڵی 2020 بەو ماددەیە دەستگیرکرا لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس و چالاکوان و پاشان پێی حوکمدران، هیچ کارێکیان نەکردبوو کە بە تێکدانی ئاسایش دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبوو".
ساڵی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنی تایبەتی بۆ ئەو زیندانیانە دەرکرد، بەپێی لێبوردنەکە لە سەدا هەشتای حکومی ئەو سزادراوانە کەمکرایەوە، بەوەش گۆهدار زێباری دهبوو ئهمڕۆ ئازاد بکرێت.
بەشدار حەسەن دەڵێت: "کەسوکار و دایکی (گۆهدار) بە جۆرێک ئامادەی ئازادكردنی ئازادی (گۆهدار) بوون کە ئهمڕۆ هەموومان بانگهێشتکرابووین بۆ نیوەڕۆخوان، بەڵام بەداخەوە دادگای ههولێر رۆژی چوارشهممه ئەو حوکمەی دا".
پارێزەرەکەی (گۆهدار) ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو بابەتەی دادوەری دادگای کەتنی هەولێر کە گۆهدار زێباری سزا دا بە ماددەی 279، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تۆمەتە ناڕەوایەی کە خراوەتە پاڵ گۆهدار زێباری ناگونجێت، بەڵکو ئەوە سەرپێچییە.
سهرۆكی تیمی پارێزهرانی زیندانیانی بادینان بڕیارەکەی دادگای هەولێری بە ئابڕوچوون ناوبرد و وتی: "بەڕاستی ئەوە (فهزاحەتە) لەبەر ئەوەی ماددەی 279 باسی نیشانەی هاتوچۆ و ژمارەی ئۆتۆمبێل دەکات، دەڵێت ئەگەر کەسێک ئەوانە ساختە بکات پێویستە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلەکان ئەو سکاڵایە تۆماربکەن".
بەشدار حەسەن، جەختیکردەوە کە بەهیچ جۆرێک لە رووی یاساییەوە ناکرێت ئاسایش یان کەسێک بێت لەبری ئەو دوو کۆمپانیایە سکاڵا تۆمار بکات، ئەوە بابەتی نیشانەی بازرگانیە دەبێت یەکێک لە کۆمپانیاکان دەعواکە بجوڵێنێت کە (عنصر جزائی) تێدا نییه، بەڵکو پێبژاردنه (غەرامە). وتیشی، سکاڵاکە تەنها لە لایەن داواکاری گشتی و ئاسایش لەسەر گۆهدار تۆمارکراوە.
بەشدار حەسەن، ئەوەشی وت، "ئێمە دوای نەورۆز ئەو بڕیارە (تەمیز) دەکەینەوە و دڵنیاشین لە دادگای تەمیز ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵەیەکی زۆر زۆر گەورەیه".
بە وتەی پارێزەر بەشدار حەسەن هیچ کام لە پارێزەران ئاگاداری ئەو سکاڵایە نەبوون لە پێشتر، لەو رووەوە دەڵێت: "نەمانزانی ئەو سکاڵایە چۆن و لەکوێ و لەکەیەوە هاتووە؟! تەنانەت ئێمە نەمانزانیووە تیمی پارێزەران ئاگادار نەبووین ویستویانە هەر بە دزیەوە حوکمی بدەن و کەس نەیزانێت، لەکۆتا جار گۆهدار زێباری کە بردویانە بۆ دادگا خۆی تەلەفۆنی لە پۆلیسێک وەرگرتووە و پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە ئێمە لە دوا ساتەکانی کۆتایی پێڕاگەیشتین بۆ ناو دادگا و پارێزەرێکم رەوانە کرد، چونکە خۆم لە دادگای هەولێر نەبووم بەپەلە گەیشتە ناو دادگا و پێڕاگەیشت بێ ئەوەی بوار بدەن ئێمە پەڕاوەکە بخوێنینەوە بزانین بابەتەکە چییە یەکسەر دادگا حوکمی دا بەداخەوه".
وتیشی: "ئێمە هیچ ئاگادارنەبووین و هیچ کەس بە ئێمەی نەوتووە مادام موەکیل (گۆهدار) مان لە زیندان بێت پێویستە دادگایی کردنەکە رابگیرێت و ئاگاداری پارێزەرەکەی بکرێتەوە، دەبوایە ئیدارەی چاکسازی بەشی یاسایی ئاگادارمان بکەنەوە، من خۆم هەفتەیەک پێش ئێستا سەردانم کردوون و سەیری پەڕاوی گۆهدار زێباریم کردووە و پێیان راگەیاندم کە هیچی لەسەر نەماوە نییە و لە 16ی مانگ ئازاد دەکرێت. ئێمە تووشی شۆک بووین کە ئەو حوکمەی دادگا درا".
بەشدار حەسەن دەشڵێت: "هەر لە خۆڕا ئەو سکاڵایەیان کردووە تەنها بابەتەکە سیاسیە و دەستێکی سیاسی لە پشتە و دادگا بوهتە دیلی بەردەستی ئاسایش و حزب".
دەنگی ئەمریکا پەیوەندی بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرهوه كرد، بەڵام ناوبراو وتی دڵنیایت سکاڵاکە لای ئێمەوە بووە؟ چونکە ئێمە جیاین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر رەنگە ئەوان بن. هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی لایەنی ئاسایشی گشتی و داواکاری گشتی بێ ئاکام بوون.