بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەبارەی وادەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بداتو بهرپرسێكی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانیش دهڵێت، حکومەتیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لەشەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا، ھەڵبژاردن ئەنجامبدەن کە بەپێی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان دیارییکراوە.
ئاوێنه: دوای پێکھێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی و پەسەندکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لهئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئهنجامبدرێت، بەڵام ھێشتا دیار نییە کە بەھۆی بوونی ئاستەنگییەکانەوە، ھەڵبژاردنەکە ئەنجامدەدرێت یان، ئەوەش ئێستا بووەتە مشتومڕی نێوان لایەنەکان.
بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدرێت کە ١٠ ساڵە ئەنجامنەدراوە، بەڵام لەبەر بونی ئاستەنگییەکان، ئەگەری ھەیە پرۆسەکە دوابخرێت.
ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارتو رێکخراوە سیاسییەکانی سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بهمیدیا عێراقییهكانی راگەیاندووە، کۆمیسیۆن حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لەشەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدەن کە بەپێی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان دیارییکراوە.
ناوبراو دهڵێت، کۆمیسیۆن پێشنیازی کردووە کە وادەی ھەڵبژاردنەکە بۆ ٢٠ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دوا بخرێت.
دهشڵێت، وەک ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆن پێویستی بە ١٠ مانگ ھەیە، بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بکات بۆ چاپکردنی فۆرمی دەنگدان و مەشقکردن بە فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن و تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانێتییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکان.
باسی لەوەشکردووە، بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتودا ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی وادەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدات.
تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان، ھەڵوێستی خۆیان لەسەر دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان نیشانداوە، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نیین وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوا بخرێت.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەعێراق لەساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدراو لەساڵی ٢٠١٩دا، بەبڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.
بڕیارە لە دوای ١٨ ساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەنجامبدرێت.
لەساڵی ٢٠٠٥وە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەبیانوی جیاجیا، ئەنجامنەدراوە.