شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە چیتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك 10 ساڵ لەمەوبەر سەیری حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵكو لێكۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی خراپتربونی حوكمڕانییانەوە دەكات.
ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، لە تویتێكدا وتویەتی"لێدوانەكانی پلاسخارت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەڵگری پەیامێكی ڕونن: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر وەك 10 ساڵ لەمەوبەر سەیری حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم ناكات. حوكمڕانی ئەوان خراپتر بوەو ئەوەش وایكردوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو بارەیەوە بكات."
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتوشیەتی"پشتگوێخستنی دیموكراسی، پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، لاوازی دامەزراوەكان و بونی هێزی میلیشیا، رۆڵیان هەبوە لە گۆڕینی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
بەبڕوای شاسوار عەبدولواحید، "ئەنجامدانی چاكسازیی خێرا پێویستە بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی نێودەوڵەتی."
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، هۆشداری دایە لایەنە كوردییەكان لەبارەی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و داواشی لێكردن، پەلەبكەن لە گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی هەڵبژاردن.
وتیشی"بەبیر حزبەكانی دەهێنمەوە كە كات لەبەرژەوەندیاندا نییە، بۆیە دەبێت بەپەلە رێككەوتن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی هەڵبژاردن بكرێت، چونكە هەر دواخستنێكی دیكەی هەڵبژاردن، زیان بە متمانەیان لای خەڵك دەگەیەنێت."