نوسینگەكەی: ئەژی ئەمین تەنها بۆ سەردان گەڕاوەتەوە سلێمانی
  2023-05-22       1205       

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی گەڕانەوەی ئەژی ئەمین، بەرپرسی پێشوی دەزگای زانیاریی یەکێتی بۆ سلێمانی، نوسینگەکەی دەڵێت، تەنیا بۆ سەردانی دایکی گەڕاوەتەوە سلێمانی."

 ئاوێنە: نوسینگەی ئەژی ئەمین، ئەمڕۆ دوشەممە، بە روداوی راگەیاند، "ئەژی ئەمین بۆ سەردانی دایکی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەکردوەتەوە."

 ئەوەش لەكاتێكدا زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، ئەمشەو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ماڵی دایکی ئەژی ئەمین دەکەن و لەوێ چاویان بەیەک دەکەوێت.

لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردو، هێزێکی ئەمنی لە قەیوان ستی لە گەڕەکی راپەڕین چونە سەر ئەو ماڵەی پێشتر ئەژی ئەمینی تێدا دەژیا، ئەوە لەکاتێکدابو کە دایکی ئەژی ئەمین لە ماڵەکەدا بو.

 ئەژی ئەمین، دوای روداوەکانی 8ی تەمموز، کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری ئەو حیزبە و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، سلێمانی بەجێهیشت و لە هەولێر دەژی.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×