حزبی دەعوە ناڕەزایەتی بەرامبەر مۆڵەتدان بە حزبی بەعس لەلایەن ئوردنەوە دەردەبڕێت
  2023-05-24       412       

مەكتەبی سیاسیی حزبی دەعوەی ئیسلامی، ناڕەزایەتی توند بەرامبەر مۆڵەتدان بە كاركردنی حزبی بەعس لە ئوردن لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەوە كارێكی دوژمنكارانەو ئیستیفزازییە.

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسیی حزبی دەعوەی ئیسلامی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا، وتویەتی، عێراقییەكان بە هەواڵی مۆڵەتدان بە "حزبی بەعسی سەدامی" لەلایەن حكومەتی ئوردنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاكی سیاسی، توشی سەرسوڕمان بون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە "مێژویی رەشی حزبی بەعس" بەسە بۆ ئەوەی ئەو حزبە "فاشییە" قەدەغەبكرێت و كاتێك لە دەسەڵاتدا بوە كارەسات بوە بۆ گەلانی ناوچەكە بەهۆی شەڕە دوژمنكارانەكانی لەوانە، داگیركردنی كوەیت و كردنەوەی دەرگای عێراق بۆ داگیركارە بیانییەكان.

 حزبی دەعوە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "وێڕای پەرۆشیمان بۆ پەیوەندیی برایانەی هاوبەشە لەگەڵ دەوڵەتی ئوردنی دراوسێدا، وای دەبینین ئەم كارە لەگەڵ پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش ناگونجێن، رێزیش لە هەستی زۆرینەی زۆری خەڵكی عێراق ناگرێت، بەڵكو لەخۆگری نیەتی ناتەندروستە بەرامبەر بە سەقامگیری عێراق، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵوێستی جەماوەری و سیاسی دەبێت كە دەبێتە گوشارێك بە ئاڕاستەی پێداچونەوە بە پەیوەندییەكانی ئێستادا لەگەڵ لایەنی ئوردنی."

هەروەها داواشی لە حكومەتی ئوردن كردوە، مۆڵەكەی حزبی بەعس هەڵوەشێنێتەوەو هەر جۆرە چالاكییەكیش لەو حزبە قەدەغە بكات، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان.

هەروەها داواشی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كردوە، بانگهێشتی باڵیۆزی ئوردن لە بەغدا بكات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو كارە "نادۆستانەیە"ی دژبە عێراق.

حزبی دەعوە داواشی لە خەڵكی عێراق و هێزە كاریگەرەكان كردوە بە شێوازی ئاشتیانەی جیاجیا، گوزارشت لە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەو هەنگاوە "دوژمنكارانە"یە بكەن.

رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ، دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی ئوردن، مۆڵەتی بە 27 حزبی سیاسی نوێ دا، لەنێویشیاندا حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×