غەیاس سورچی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاشکرایکردوە، پارتەکەیان نیازی هەیە بۆ ڕێگریی لەتاکڕەویی پارتی لەبڕیاردان، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی بەرێت، دەشڵێت، "ئەستەمە هەڵبژاردنەکان لەو ڕێکەوتەدا ئەنجامبدرێت کە بڕیاری لەسەردراوە".
ئاوێنە: غەیاس سورچی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویهتى، "وابڕیارە هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەمانگی نۆڤەمبەری داهاتودا بەڕێوەبچێت بێئەوەی هیچ یاسایەک بۆ ڕاییکردنی کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەبێت، ئەمەش وادەکات بەڕێوەچونی پڕۆسەکە ئەستەم بێت".
دهشڵێت، "ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتییو پارتی لەدوای ڕوداوەکەی ناو پەڕلەمان گەیشتۆتە لوتکە، یەکێتیش لەپێناو ئەوەی ڕێگە لەپارتی بگرێت یاسای هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنێت پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی دەبات".
ئهو بهرپرسهى یهكێتى باسى لهوهشكردوه، "لایەنە کوردییەکان پێویستیان بەپشتیوانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێتو لایەنەکان کۆتایی بەناکۆکییەکان بهێننو سهرجهم پرسهكان ڕێکبخەنەوە".
دووشەممەى ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان کۆبونەیەکی سازکردو یەکێک لەبەرنامەی کاری کۆبونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو، بەوپێیەی ماوەی یاسایی ئەندامیێتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەڕۆژی 23ى 12ى 2019وه بهسهرچوه، بەڵام بەهۆی زیادکردنی بڕگەی تایبەت بەکاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەبەرنامەی کاری کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکی پەرلەمانو فراکسیۆنی یەکێتیی، گرژییو ئاڵۆزیی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتییو پارتیی درووستبوو سەرۆکی پەرلەمانیش کۆتایی بەدانیشتنەکە هێنا.
هەروەک، دوای کۆبونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، بەدەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان کاراکردۆتەوە، هەروەک فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان ڕەتکردەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، ڕێگرییان لەبەڕێوەچونی کۆبونەوەی پەرلەمان کردوە.