هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، بەم دواییانە لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان داوایانکردوە هەڵبژاردن بکرێت، هەمو دۆستەکانیش لە دنیادا داوا دەکەن کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە "هەر هەڵبژاردنێک دەبێت هەمو لایەنەکان پێی ئاسودەبن، بەڵام ئەنجامدانی هیچ مساوەمەیەکی لەسەر ناکەین".
ئاوێنه: هۆشیار زێباری ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی وتارێکدا لە کۆنفرانسی لۆزان کە بەبۆنەی تێپەڕبونی 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان سازکرابو، رایگەیاند، "دەبێت هەوڵبدەین ئەم کیانە بپارێزین و هەوڵبدەین شەرعیەتی پێبدەین، ئێمە بەم دواییانە لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان داوامانکرد دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، هەمو دۆستەکانی ئێمە لە دنیادا داوا لە ئێمە دەکەن کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی بە دامودەزگاکان بدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێش چەند رۆژێک زیاتر لە 13 کونسوڵی وڵاتان یەک بەیاننامەیان راگەیاند کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، "بۆیە دەبێت هەڵبژاردن ئامانجی ئێمە بێت و ئەو کێشانەی کە هەیە چارەسەر بکرێت و هەر هەڵبژاردنێک دەبێت گشتی بێت و هەمو لایەنەکان پێی ئاسودەبن، بەڵام ئەنجامدانی هیچ مساوەمەیەکی لەسەر ناکەین".
هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان 18ی مانگی 11ی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردوە، بەڵام تائێستا ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتی لەوبارەیەوە هەیە، خاڵی ناکۆکییان کورسی پێکهاتەکانە کە یەکێتی داوا دەکات کورسیەکانی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشبکرێت، بەڵام پارتی دەڵێت، دەبێت پێکهاتەکان بڕیاربدەن، ئەوانیش داوا دەکەن بە یەک بازنە بەڕێوەبچێت.