بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت، ئەوان بەرپرس نین لە ئاوی چەند شەمعەیەکی "نایاسایی" کە لەسەر چەمەکانی تانجەڕۆ و قلیاسان هەن یان بیری ماڵان و دەڵێت، ئاوەکانیان شیاو نین بۆ خواردنەوە و بەکاردەهێندرێن و بە "هۆکارێک"ی توشبون بە سکچون و نەخۆشیی دیکە ناویان دەبات.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی، رایگەیاند، سەرچاوەی ئاوی هەردو پڕۆژەی دوکانی یەک و دو بریتییە لە بەنداوی دوکان کە دەکەوێتە سەر زێی بچوک.
باسی لەوەش كردوە، پاش وەرگرتنی ئاو لە بەشی خواروی بەنداوەکە لە نزیک قەشقۆڵی و ناردنی بۆ پڕۆسەی نیشتن و فلتەرکردن و پاکژکردنەوە بەکلۆر و بەهەندێک مەوادی دیکە، ئاوێکی پاک و شیاو بۆ خواردنەوە بەرهەم دەهێندرێت، رۆژانە لەلایەن تیمەکانی خۆپاراستنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە چەندین نمونەی لێوەردەگیرێت و پشکنینی بایۆلۆژی و کیمایی و فیزیایی بۆ دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ئاوەکە لەلایەن تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابون لە کوالێتیی ئاوەکە پاشان بەسەر هاوڵاتیاندا چ لەڕێی تۆڕەكانی ئاو یان ئەو تانكەرانەی كە لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەوانی پێوەیە، دابەشدەکرێت.
لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەیدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەبارەی ئاوی شەمعەكانەوە، وتویەتی"ئێمە بەرپرس نیین لە چەند شەمعەیەکی نایاسایی کە لەسەر چەمی تانجەڕۆ و قلیاسان یان بیری سەتحی ماڵان و شوێنە گشتییەکان کە ئاوەکانیان شیاو نین بۆ خواردنەوە و بەکاردەهێندرێن، تەنانەت هەندێکیان کراون بە شەمعەی ئاو و ئاوی لێدەفرۆشن بەبێ هیچ چاودێرییەک لەسەر جۆری ئاوەکە کە پیسن و بەناوی ئاو بۆ کاری ئاوەدانی باخ و بیناسازی کاردەکەن. لەکاتێکدا بەبێ گوێدانە تەندروستی هاوواتیان ئاوەکەیان بەتانکەر بە ماڵان دەفرۆشن."
سەبارەت بە داخستنی ئەو شەمعانە، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە هۆکارێک بۆ توشبوون بە پەتای سکچون و نەخۆشی دیکە ناوی بردون، وتویەتی "لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە ئەندامێتیی بەڕێوەبەرایەتیمان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ داخستنیان و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەمەبەستی داخستنیان تاوەکو کاتی پابەندبونیان بە یاسا و رێنماییەکان و چەندین جاریش هاوڵاتیانمان ئاگادارکردوەتەوە کە ئاوی ئەو تانکەرانە بەکارنەهێنن کە لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییان پێوەنییە، چونکە ئێمە بەهیچ جۆرێک لێیان بەرپرس نین و چاودێریی ئەو ئاوانەیان ناکرێت کە دەیگوێزنەوە و دەیفرۆشن."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی هۆکاری دیکەش بۆ بڵاوبوونەوەی سکچوون و پەتای کۆلێرا دەهێنێتەوە و وتویەتی"هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەم پەتایە بریتییە لە خواردنی ئەو سەوزانەی کە بەئاوەڕۆ ئاو دەدرێن."