خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جهخت لهڕێزگرتن لهسهروهری خاكی عێڕاقو هەرێمی کوردستان دهكاتهوهو دهڵێت، "پابهندین بهبهڵێنهكانمانهوهو پێشمەرگەکانمان کارو چالاکیی پێشمەرگانەمان لەخاکی هەرێمی کوردستان ئهنجامنهداوه".
ئاوێنه: خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لهچاوپێكهوتنێكدا باس لەدواگۆڕانکارییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێڕاق و ئێران دهكاتو دهڵێت، "ئێمە بەبەردەوامی لەگەڵ حکومەتی بەغداو بەتایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان پهوەندیمان هەیەو لەدانوستانەکانمان بەردەوامین. سیاسەتی ئێمە ڕونەو لەو کۆبونەوانەشدا پێمان لەسەر داگرتۆتەوە کە لەخاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ هێرشێک ناکەینە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران."
وتیشی، "ئێمە نامانەوێ خاکی عێڕاق بکەینە پشتی جەبهە بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی، بۆیە ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئیدعا دەکا پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و حیزبە کوردییەکانی دیکە خاکی هەرێمی کوردستان بەدژی ڕێژیم بەکار دێنن بەتەواوی ناڕاستە. ئێمە ئەو بەڵێنەشمان بەجێ هێناوە کە پێشمەرگەکانمان کارو چالاکیی پێشمەرگانەیان لەخاکی هەرێمی کوردستانەوە نەبێت."
ئهوهشی وت، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکە پابەندی بەرپرسایەتییەکانیەتی. ئێمە گوتومانە هیچ دەستوەردانێک لەکاروباری نێوخۆیی عێڕاقدا ناکەین، سیاسیی ئەو وڵاتەمان لەلا گرینگە و ڕێز بۆ یاساو ڕێوشوێنەکانی هەرێمی کوردستان دادەنێین. لەئێستاشدا کەس باسی چەکداماڵینی لەگەڵ ئێمە نەکردووەو لەبنەڕەتڕا ئەوە بەشێک لەو باسە نییە. ئێران هەمیشە گوتویەتی کە حیزبە کوردییەکان نابێ لەخاکی عێڕاق و هەرێمی کوردستانەوە هێرشمان بکەنە سەرو ئێمەش گوتومانە ئەوە ناکەین و ڕێز سەروەریی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەگرین."
چهند مانگێكه بهرپرسانی باڵای حكومهتی عێراقو كۆماری ئیسلامی ئێران باس لهڕێككهونێكی ئهمنی نێوان بهغداو تاران دهكهن كه مهبهست لێی داماڵینی چەکه لەحیزبو هێزە چەكدارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كه بنكهو بارهگای سهرهكیان لەهەرێمی کوردستانه، بهرپرسانی ئێران چهند جارێك هۆشداریان داوهو 19ی ئهم مانگهشیان وهك دوا واده بۆ چهككردنی ئهو حیزبانه دیاریكردووه.
بهگوێرهی ڕێككهوتنهكه، ئهو حزبانه لەهەرێمی كوردستانو عێراق دەردهكرێن، یاخود دهگوازرێنهوه بۆ دو ئۆردوگا لەهەولێرو سلێمانیو لهژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكاندا دهبن.
سهبارهت بهپابهندبون بهپابهندبون بهڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێڕاق و ئێرانو چونه نێو كهپهكانهوه، خالید عەزیزی دهڵێت، ئەوەندەی بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە، لەهەموو کەمپەکانیدا کەسانی مەدەنی و ناچەکدار نیشتەجێن. کەمپەکانی ئێمە مەدەنین و ئەوانەی لەو کەمپانەدا دەژین پهوەندییان بەلقە سەربازییەکانی حیزبی دێموکراتەوە نییە."
دهشڵێت، "ئەو کۆمەڵە خەڵکەی ناو کەمپەکان لەدامەزراوەو ڕێکخراوە مەدنییەکاندا کار دەکەن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەوە دەزانێ و بەشێکی زۆری خەڵکانی نیشتەجێی ئەو کەمپانە پێشتر لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ناونوسییان کردووە. بۆیە ئەمە شتێکی نوێ نییەو un هەم بەکەمپەکان و هەم دۆخی خەڵکانی نیشتەجێ لەو کەمپانە شارەزایەو لەبنەڕەتدا ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ناڕاستن و ئەسڵ و ئەساسیان نییە. ئەو کەمپانە نیزامی نین، مەدەنین و هیچ پێویست ناکات شوێنیان بگۆڕدرێ و خەڵکەکەیان ڕاگواسترێ؛ لەبەر ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆخۆی شارەزای دۆخی ئەو کەمپانەیە."
خالید عەزیزی ئهوهشی وتووه، "ئێمە لەبەرنامەو ستراتیژیی سیاسیی خۆماندا وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێداگریمان لەسەر چارەسەری پرسی کورد لەچوارچێوەی ئێراندا کردووە. ئێمە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەموو کاتێک باوەڕمان چارەسەری ئاشتییانە، مەدەنی و ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکان بووە. لەکاتێکدا لەکوردستان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردودا لەڕەوتی شۆڕشی ژینادا سەدان هەزار کەس هاتنە سەر شەقامەکان و لەئێستادا کە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان بە هاوپێوەندیی ناوچەکانی دیکەی ئێران درێژەیان هەیە؛ پێویست ناکا ئێمە بچینە نێو فازی نیزامی و پێشمەرگانەوە."