بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاند: هیچ ژنێک لە پارێزگای سلێمانی نەکوژراوە و ئەو هەواڵانەشی کە بڵاوکراونەتەوە، لەبارەی کوژرانی ژنێک لە سلێمانی لەلایەن پێنج پیاوەوە، دوورن لە ڕاستییەوە.
ئاوێنە: دوای ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە، ژنێکی گەنجی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی “مەیسا مورتەزا حسێن” دانیشتووی گوندێکی نزیک لە شاری سلێمانی، لەلایەن پێنج پیاوەوە بە چەقۆ کوژراوە، لەم بارەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ڕایگەیاند: هەواڵی کوشتنی ژنێکی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی، دوورە لە ڕاستییەوە، هیچ کەیسێکی بەو شێوەیە نەهاتووەتەوە بەردەستمان و خۆشمان بە دواداچوونمان بۆ دەنگۆکان کردووە.
ئاماژەشی بەوە کرد، هەموو ئەو زانیارییانە ساختەن و وەک لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگەی داواکاری گشتیی سکاڵا لەسەر ئەو پەیج و هەژمارانە تۆمار دەکرێت، کە هەواڵی چەواشەکاریی و نادرووست بڵاو دەکەنەوە.