كۆمسیۆن: بە هیچ شێوەیەك كارتی دەنگدان ساختە ناكرێت
  2023-11-29       343       

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ ئەگەرێك نییە بۆ بەكارهێنان و ساختەكاریی لە كارتی دەنگدەراندا، دەشڵێت، لەلایەن هاوڵاتییانەوە خواستێكی زۆر هەیە، بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدەران و بەرزی كوالێتی كارتی دەنگدەران بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

جومانە غەلای ڕایگەیاند، كارەكان بەردەوامن بۆ گەیاندنی كارت بەو دەنگدەرانەی تۆمارەكانیان نوێ كردووەتەوە، خواستێكی زۆریش هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو كارتانە، جگە لەوەی تیمەكانمان لە ڕێگەی مۆبایل و ناردنی كورتە نامەوە پەیوەندی بە هاوڵاتییانەوە دەكەن، بە مەبەستی وەرگرتنی كارتەكانیان لە نزیكترین سەنتەری تۆماركردن.

ئاماژەی بەوەش كرد، هیچ ئەگەرێك نییە بۆ بەكارهێنان و ساختەكاریی لە كارتی دەنگدەراندا، چونكە بە كوالێتێكی بەرز درووست كراوە، ڕێژەی بەشداریكردنى هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان زۆر باشە.

حكومەتی عێراق ١٨ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان عێراق دیاری كردووە، هەروەها پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×