عێراق رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە كەمدەكاتەوە
  2023-11-30       288       

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە تاوەكو كۆتایی مانگی ئازار، بەشێوەیەكی خۆشبەخش رۆژانە بەرهەمهێنانی 220 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە كەمدەكاتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشێك لەوڵاتانی بەشدار لە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی، بەوشێوەیە بەرهەمهێنانی عێراق تا كۆتایی مانگی ئازاری 2024، 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت و پاش ئەوە بۆ پشتیوانی لە سەقامگیری بازاڕی نەوت، ئەم بڕە زیادەیەی كە تازە بڕیاری كەمكردنەوەی دراوە، پێ بە پێ و بەگوێرەی دۆخی بازاڕ، دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم بڕە كەمكردنەوەیە كە تازە بڕیاری لێدراوە، دەچێتە پاڵ ئەو بڕی كەمكردنەوەیە كە خۆبەخشانە لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا بڕیاری لێدراو بڕەكەی 211 هەزار بەرمیلی رۆژانەیەو تا كۆتایی مانگی 12ی 2024 بەردەوام دەبێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەم كەمكردنەوەیەی تر لەپێناو بەهێزكردنی هەوڵە خۆپارێزییەكانی وڵاتانی ئۆپیك پڵەسە بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی سەقامگیری و هاوسەنگی لە بازاڕەكانی نەوتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×