بلینکن بۆ سودانی‌: پابەندی پاراستنی هەموو ئەو هێزو دامەزراوە ئەمەریکیانە بن کە لەعێراقدان
  2023-12-02       454       

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوا لەسەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات هێزو دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەو هێرشانە بپارێزێت کە دەکرێنە سەریان و ئەنجامدەری هێرشەکانیش لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە. بلینکن بەسودانی راگەیاندووە، دەبێت حکومەتەکەی پابەندی پاراستنی هەموو ئەو هێزو دامەزراوە ئەمەریکیانە بێت کە لەسەر داوای وڵاتەکەی لە عێراقن و هەموو ئەوانەش کە هێرشەکان ئەنجامدەدەن، بەرپرسیاربکرێن بەرامبەر هێرشەکانیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە، ئەنتۆنی بلینکن و محەممەد شیاع سودانی تاوتوێی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان کردووە، جەختیان لەوە کردووەتە کە نابێت شەڕەکە فراوانتر بێت، هاوکات بلینکن و سودانی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە و هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتییان لە ناوچەکە کردووە.

بەگوێرەی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ پێشتری‌ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لە 17ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە 61 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لەعێراق و سوریا، کە 32 جار لەسوریا و 29 جار لەعێراقەوە بووە، بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 59 سەرباز برینداربون. لەبەرامبەردا ئەمەریکا چوار جار ئەو هێزانەی بۆردومان کردووە، کە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×