ئەنفال؛ تراژیدیای نەتەوەو ئۆباڵی ئێستامان

مەلا بەختیار
  2019-04-15     162
ئەنفال، کارەسات و دەستەواژەیەکی ویژدان ھەژێنە. چاوگەکەی بۆ وشەی (نفل)ی عەرەبی دەگەڕێتەوە، واتا (غنیمە= دەستکەوت)ی جەنگ. لەسورەتی (٨)ی قورئانی پیرۆزداو لە ئەحکامی ئایەتی یەکەمدا ھاتوە: بەناوی خوای بەخشندەو میھرەبانەوە، لەسەر ئەنفال لێت دەپرسن بڵێ ئەنفال بۆ خواو پێغەمبەرەو لەخوا بترسن و لەنێوان خۆتاندا ئاشتەوایی بکەن و ملکەچی خوداو پێغەمبەر بن گەر ئیماندارن...

ھۆکارەکانی ئەم سورەت و ئایەتەش، لەلایەن توێژەرانی قورئانەوە بۆ جەنگی (بەدر) دەگەڕێتەوە، کە لاوان وتویانە، دەستکەوت بۆ ئێمەیە، چونکە ئێمە شەڕەکەمان دەستپێکردو پیرانیش وتویانە، پاڵپشتان بوین و ئێمە نەبوینایە تێکدەچون... تاد.

لەم ئاماژانە، دەمەوێت تەنھا ئەو راستیە دەربخەم کە ئەوکاتەش، دەستکەوت و دەسەڵات، کاریگەریەکی بێڕادەی لەجەنگی (فتوحات!)دا ھەبوو. تەنانەت لەسەر دەستکەوت، (نەوەی نوێ)ی ئەو سەردەمەو (نەوەی پێشتر)یان، ناکۆکیان ھێندە قوڵبوە، بە سورەت و ئایەتی قورئان، چارەسەری خوداییان بۆ دۆزراوەتەوە. دوای ئەوەش، ھەمیشە لەشکرکێشی سوپای ئیسلام، ئەنفالی کردوەو (دەستکەوت=تاڵان)ی بەپێی شەریعەت، دابەش کردووە. تەنانەت نێرینەو مێینەش.

ھەشت ئەنفالەکەی بەعس، کە حەوتیان لە سۆران نشین و ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتی و یەکێکیان لەبادینان و ناوچەکانی دەسەڵاتی پارتی رویانداوە، لەگەڵ سورەتی ھەشتی قورئاندا، ویستراوە رێک و پێک بێتەوە. بەڵام دیارە، ھەردوو رۆژگار، زۆر جیاواز بووە.
گەلانی غەیرە عەرەب، لەسەرەتای لەشکرکێشی ئیسلامدا، بەرگرییەکی سەرەتاییان لەخۆیان و باوەڕ و نەریتیان کردووە. حیزب و سەرکردەو ئایدیۆلۆژیەت، یان شۆڕشی رزگاری، بەڵکو بزوتنەوەی نەتەوەی ھەرنەبووە!

لەم سەردەمەدا و لەکۆتایی سەدەی بیستەمدا، نەتەوە یەکگرتوەکان، دادگای نێودەوڵەتی، دیموکراسی، کۆنگرەی ئیسلامی، مافی مرۆڤ، خەباتی رزگاریی گەلان، بزوتنەوەی مەدەنی، ژنانی یەکسانیخواز، رای گشتی، دوو کامپی سەرمایەداری و بەناو سۆسیالیستی ھەبوون. عەرەب، عەرەبی دەشتەکی و ناکۆکی سەردەمی کوێرەوەری نەبون. خاوەن (٢١) دەوڵەت و سیستەم و یاسا و رێسا بون. خۆشیان بە خاوەنی پەیامی رزگاری و یەکێتیی نەتەوەیی دەزانی. گوایە دژی ئیسرائیل و لایەنگری رزگاری فەلەستین بون.

گەلی کوردستان، لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، تەنھا داوای مافە رەواکانی کردوە. کەچی لەدوای (١٩٥٨)وە، ساڵژمێری تاوانەکان لەسەر دەستی حکومەتەکان، ھەتا ھاتوە بەرزتربۆتەوە، گەیەندرایە تراژیدیای ئەنفال، کە دادگای تاوانەکانی عێراق بەجینۆسایدی ناساند.
بەعس، بە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیەتی شۆڤێنیزمی عەرەبی، کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، گەڕایەوە بۆ رەگەزەکانی فاشیەتی نەتەوەیەکی دواکەوتوو. واتا:

سیستەم و حیزبی بەعس، بەوپەڕی باوەڕی ئایدیۆلۆژیەوە، تەنھا بۆ دەستکەوت، ئەنفال و کیمیابارانی نەکرد، بەڵکو بۆ سەپاندنی ستراتیژی (شۆڤێنی- فاشی) لەناو بزوتنەوەو دەسەڵاتێکی دواکەتووی عەرەبیدا، تاوانەکانی ئەنجام دەدا.

لەسەردەمی کوێرەوەری و سەرەتاکانی لەشکرکێشی (ئیسلام و عەرەب)دا، ئەگەر دەستکەوت ، بەپاساوی ئیسلامی، ھاندەری سەرەکی جەنگاوەرانی ئیسلام بوبێ، بێگومان لەکاتی ئەنفالی بەعسدا، عێراق یەکێک لە دەوڵەمەنترین وڵاتانی ناوچەکە بوو. نرخی بەرمیلێک نەوت دەگەیشتە (١٠٠) دۆلار و دەوڵەتانی کەنداویش، سەدان ملیار دۆلاریان لەجەنگی دژی ئێران و کورد بۆ سەدام دابین دەکرد. رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی دونیاش پشتیوانی بەعس بون.

جەنگی عێراق و ئێران، لەناو ھاوکێشەکاندا، فاکتەری دەرەکی روداوەکان بوو، نەک ھۆی بنچینەیی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و ئەنفالکردن. ئەگەر دیقەت لەستراتیژی ئەنفال لە (٨) قۆناغدا بدرێ و ئەو لەشکر و توانا سەربازیەی بۆی تەرخان کرابوو، لەدۆڵی جافایەتیەوە ھەتا دەگاتە بادینان، بە زەقی دیارە کە ئەنفال، لەسەر بنچینەیەکی سیستەماتیکی ئایدیۆلۆژیەتی بەعس، ئەنجامدراوە. بۆ؟ 
چونکە  دەسەڵاتی دواکەتوو، کاتێک ئاوێـتەی ئایدیۆلۆژیەتی شۆڤێنی و ئاین و مەزھەب دەکرێ، مەترسیدارترین سیستمەمی حوکمڕانی بەرھەم دێنن. ھەربۆیە لەکاتی تەنگانەدا بەئاسانی دەبنە فاشی.

رەگەزەکانی فاشیەت، لەئیسلامگەرای تۆتالیتاری کۆمەڵکوژیدا بێ، یان لەدەسەڵاتی شۆڤێنیزمدا شاردرابێتەوە، ھەمیشە ھەڕەشە لە رەچەڵەکەکان دەکەن. تەنانەت، ھەڕەشەن بۆ سەر جوگرافیی سیاسیش. ئەنفالکردنی کوردستان و تورکمان لەکوردستاندا، ھی فەیلیەکان و شیعەکان لەعێراقدا. داگیرو تاڵانکردنی کوەیت. بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و وێرانکاری لەئێراندا. ھەموو بەڵگەی رەگەزەکانی فاشیەت و شۆڤێنیەت و تایەفەگەرین. کە بەعس بەرجەستەی دەکردن.

دەسەڵاتەکانی کوردستان، کە زادەی ژیانی حیزبایەتین، پێشتر وەکو بزوتنەوەی کوردایەتی، بەپاساوی نەبونی پشتیوانی ستراتیژی نێودەوڵەتی و پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی حکومەتەکانی دیکتاتۆری لەدونیا و ناوچەکەدا، ھەردەم حیزبە کوردستانیەکان، لەنێوان  روخاندنی بەعس و دانوستان لەگەڵیدا، تەراتێنیان دەکرد. بۆیە ناسنامەی فاشیەتی عێراقیان ساغ نەدەکردەوە. بەڵام لەدوای راپەڕین و بڕیاری (٦٨٨-١٩٩٠)یشەوە، ئەو تەراتێنە ئاشکرا و نھێنی ھەر درێژەی کێشا. بەھەرحاڵ.. دەپرسین: (٢٨) ساڵە حوکمڕانیمان ھەیە. پەرلەمانمان ھەیە. راگەیاندنی بەرفراوانمان ھەیە. دەی بۆچی ھەتا ئێستاش، روانگەیەکی ستراتیژیمان، بۆ پرسی ئەنفال و کیمیاباران نییە؟

دیارە ئەنفال و کیمیاباران، بڕیاری باش دەربارەیان دراون. وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ھەیە. موچە و ھاوکاری و ئاوەدانی ئەنفالستەکان باشە، بەڵام رەخنەی بەندە ئەوەیە، کە ئەنفال و کیمیاباران، وەکو داینەمۆی پرسی نەتەوەیی لەباشوری کوردستان، کاری ھەمەلایەنەی لەسەر نەکراوە. بەتایبەتی سەردەمەکە، زۆر زیاتر لەسەردەمی جەنگی سارد، یارمەتیدەرە بۆ پرسی ئەنفال و کیمیاباران.

کارەساتەکە زۆر گەورەترە لەو ھەوڵانەی بۆ ئەنفال و کیمیاباران دراون. کوەیت (٦٠٠) قوربانیان لەسەر دەستی سەدام ھەیە، کەچی بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا ملیارەھا دۆلار قەرەبوو وەردەگرن. لەکوردستاندا، سەرۆک کۆمارەکان کوردن، یەک لەسەر چواری پەرلەمانی عێراق کوردن. جێگری سەرۆک وەزیرانی کابینەکان کورد بون، چەندین وەزیر کوردن. حکومەتی ھەرێمیشمان ھەیە. کەچی ئەپاڕێینەوە، لەھەڵبجە و کەلار و خانەقین شنگال، ھۆڵێک یان باخچەیەکمان بۆ بکەن. ھەتا ئێستا نە موچەی قوربانیان و نە قەرەبوی کارەساتەکان، لەکولەکەی تەڕیشدا باس ناکرێ. تەنھا لەیادەکاندا، داوا پێشکەش دەکرێ. وا خەریکە جێبەجێ کردنی مادەی (١٤٠) لەبەغداد دەخەنە غەرغەرە. بەڵام شەڕمان لەبەغداد، زۆرتر لەسەر پلەو پۆستە!!

لەیادی ئەنفالدا، ئیتر فرمێسکی نەتەوەیی رشتن و داوای قەرەبووکردن و چالاکی نواندن، دەبێت بکرێنە سەکۆی گۆڕینی پرۆگرامی سیاسی ئەنفال و کیمیاباران، لەڕوداوی یادکردنەوەوە، بۆ پرسی تراژیدیای نەتەوەیی. ئەم پرسە لەپەرلەماندا لەھەموو بارێکەوە، یاسای بۆ پەسەند بکەن. لەدانوستانەکان لەگەڵ بەغداد، بکرێنە مەرجی پێشوەختی رێککەوتن. پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دابین بکرێ. کورتیەکەی:
ھاوشانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، پرسی ئەنفال و ھەڵەبجە، بکرێنە داینەمۆی خەباتی نەتەوەییمان لەعێراق و کوردستاندا. بەپێچەوانەی ئەو بۆچونانەی ساڵەھایە کە پێیانوایە، پرسی نەتەوەیی لاواز بووەو ئیتر تەنھا کاتی بازاڕ و ئابوری و خۆشگوزەرانیە.

ئەوانەی پێیانوایە، عێراق دەبێتە نیشتمانی ھەموان، بەبێ ئەوەی برینە قوڵەکان چارەسەربکرێ، بەبێ ئەوەی مافە مێژوییەکان بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ھەق، بەبێ ئەوەی پرۆسەی دیموکراسیی مەدەنی لەعێراقدا بەھێزبکرێ، بەبێ سەروەری یاساو جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) ئەوانە، بەرژەوەندی ھەلپەرستی زاڵە بەسەریاندا. تەنانەت فرمێسکەکانیان لەیادی ئەنفال و ھەڵبەجەدا، کەمترین شەرمەزاریان داناشۆرێ!!

لەرۆژئاوادا.. ئەوە بریتانیا و ئیسپانیا و کەنەدا، سکۆتلەندیەکان و کەتەلۆنیەکان و کیبیکەکان، نە ئەنفال کراون و نە کیمیاباران، کەچی ھێشتا لەخەباتی ھاوچەرخی رزگاریدان. کەچی ھەن لەکوردستانی ئەنفالکراوی کیمیابارانکراوی فاشیەت حوکمڕاودا.. پێیانوایە سەردەمی خەباتی نەتەوەیی بەسەرچوە، راستیەکەی ئەوەیە ئەم توێژە ھەلپەرست و مشەخۆرانە، ئەقڵی سیاسیان لەدەستداوەو بەھای نەتەوەییان نەماوە!!
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×