بەرهەمی مەسعود بارزانی نەچنینەوە!

ڕێبوار ڕەشید
  2021-01-22     1364
تابلۆی شروبی بۆکس
نازانم بۆ شوێنەکانی دیکە، بەڵام پەنجا ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لە شیرینمەنیەکانی سلێمانی شتێک بوو پێمان دەگوت "شروب". شروب شەکراوێکی خەست بوو کە بە ڕەنگی جیاواز دەگیرایەوە و کەمێک لیمۆئاوی تێ دەکرا و پاشان دەکرایە ناو قاڵبێک کە لە ناو ئاردی سەر سینیەک دەردەکران. قاڵبەکان شێوەیان زۆر بوو، بە زۆریی هەر بە سەری پەنجە چاڵێکی بچووک لە ئاردەکەدا دەکرا یان لە شێوەی ئەستێرە و سەرەسۆدا و هتددا ئاردەکە قووڵ دەکرا. بەڵام هەندێک جار یەکێک لەو قاڵبانەی لە سەر ئاردەکە دادەنرا و شروبی تێ دەکرا "بۆکسی ئاسن" بوو. منداڵانی سلێمانی کاتێک شروبمان بکڕیایە ڕەنگە شروبێکی بۆکس بووایە کە کرمەکرم دەمانخوارد و دەمی شیرین دەکردین.

ئەو سەردەمە سلێمانی گوڵێک بوو لە هەموو ئێراقدا دیار بوو. شارێکی بچکۆلەی شیرین بوو و بۆکسی ئاسن کە نازانم چ دەورانێک باوی بووە، وردەوردە لە ژێر شاڵاوی کولتورێکی شارستانیەتردا دەنێژراو و کرا بوو بە قاڵبی شروب. ئەو کاتە لە سلێمانی ئەگەر لە دواوە پێت لە پاژنەکەوشی کەسی پێش خۆت گیر بووایە ئەو پێش تۆ  ئاوڕی دەدایەوە و داوای لێبوردنی دەکرد. کەم باوک هەبوو بیر لەوە بکاتەوە سبەینێ کچەکەی بە کام جلوبەرگەوە دەچێت بۆ مەکتەب و قژی بە کام دیودا شانە دەکات. پەنجا ساڵێک دوای ئەوە و سی ساڵێک پاش حوکمداریی خێڵەکیی دواکەوتووی کوردیی ئێستا ئەو بۆکسە بە هەیمەتی جەنابی سەرۆک گەیشتووەتە ناو ئەو پارلەمانەی کە گوایا دەبێت کانگای سەروەریی نەتەوەیەک بێت (٦/١). پیاوەکانـ"یان" بۆکس بە دەستن و ژنەکانیشـ"ـیان" بە مێشک زۆر لەوان پیاوترن.

هەمان سەرۆکایەتیی بۆکسی ئاسن، دوو هەفتەیەک پاش ئەوە، لە بەخێرهێنانی خلوسی ئاکار دا ئەو بۆکسە ئاسنینەی دەستی دەبێت بە مشتێکی لۆکەیی. مشتێکی هاوڕێیانە کە لە مەراسیمی خۆ لە کۆرۆنا پاراستندا بە ناسکیی لە یەکدوو دەخشێن. خلوسی تورک هەم باپیرە دەبینێت و هەم کوڕ و هەم نەوە و هەم برازا و خوشکەزا و زایەکانی دیکەش. دڵنییام کە لە دڵی خۆییدا پێکەنینی بەو دیمەنە ناحەزە و ئەو پێوەندییە خێڵەکییە سووکە دێت و بە سەدان جوێنیش دەدات. تورکەکان با داگیرکەر بن، بەڵام لە مێژە خۆیان لە خێڵ و عەشیرەت و شێخ و مەلا و بەگ و بەگزادە ڕزگار کردووە.
بەڵێ، خلوس کوردان دڵنییا دەکاتەوە کە تورکەکان دژی ئەو کوردە باشانە نیین کە کولتوری بۆکسی ئاسنیان هەیە.

تابلۆی سەروپێ
لە ڕۆژێکی پشوودا (١٥/١) چەند کەسێکی دەمامک نەدار بە دەستڕێژی گولـلەی چەکی جۆراوجۆر ئارامیی ژێر دەستی پاراستن لە "پایتەخت" دەشڵەقێنن. دە ڕۆژێک دوای ئەوە دەگوترێت "گوایا!" تەقەکەران گیراون، بەڵام دیارە هێشتا هەر دیار نییە. ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە کە زۆریش ئاسان نییە خزمەبۆر و پیاوەبۆر دەستگیر بکرێن. لێرەدا ئەوی گرینگە ئەوەیە کە بە حیکمەتی ڕووداوەکەدا دیارە تەقەکەران نە یەکیەتیین و نە گۆڕانن و نە جۆرەکانی ئیسلامییەکانن و نە شیوعین و نە زەحمەتکێشانن و نە عەرەبی هاوردەن، چونکە ئەو کاتە بە پێنج دەقیقە دەستگیر دەکران. 

ئەو کوردانەی هەرچەندە قەڵەمیان پەمبەیە و شەکر لە زاریان دەبارێت، بەڵام مادام ڕەخنە گرن و دەسەڵات وەژێر پرسیار دەهاوێن، لە ڕۆژی نیوەڕۆدا دەڕفێنرێن و بێ سەروشوێن دەکرێن. شیروان شێروانی ڕۆژنامەنووسێکی ڕەخنەگر لە ٧ی ئوکتوبەرەوە دیار نەماوە. لە ١٨ی مانگدا مام ئەمین، باوکی شیروان کە پیاوێکی ئاسایی سەرڕاست و ڕەنجدەری کورد بوو، کۆچی دوایی کرد بێ ئەوەی بتوانێت چاوی بە شیروانی کوڕی بکەوێت. هەر خوداکان دەزانن شێروانیی و شێروانییەکان چەند سەد سەروپێخانەیان وەبەر دەستڕێژیی گولـلە داوە و چەند ملیار دۆلاریان دزیوە و چەند سەد هەکتار زەوی خەڵک و موڵکی گشتییان زەوت کردووە. وا پێ دەچێت شیروان شێروانی و زیندانیانی سیاسیی دیکە مەترسیەکی زۆر گەورە لە سەر ئاساییشی نەتەوەیی باشوور بن، ئاسایشی خێڵەکایەتیی و تاڵانکاری باشوور!

هاوڕێ کوردی ـیش، یەکێک لە ملوێن جەوانانی خێرلەخۆنەدیوی کورد، هەر لە سەر رەخنەی گشتیی، هەوڵی کوشتنی درا (١٩/١). لە نێوان هاوڕێ و شیروان دا بە سەدان چالاکوانی زیندانی سیاسیی لە باشوور هەن و گەورەترین تاوانیان ئەوەیە کە داوای نان و ئاو و ئازادیی بۆ خەڵکە رێزدار و بەڕوومەتەکەی باشوور دەکەن.

کاتێک داعش هێرشی بەرەو هەولێر هێنا، کچان و ژنان و کوڕان و بەساڵداچووانی کامپی مەخموور بە بێڵ و خاکئەنداز و تێڵا و چەکی سووکەوە ڕووبەڕووی داعش وێستان. ئەمە تۆمار کراوە و بە خوێن لە مێژوودا نووسراوە. هاوکات ئەوانەی بە چەکی قورس هەڵیان کوتایە سەر سەروپێخانەی ساماڵ، کوڕانی پەروەردەی مەسعود بارزانی، هەر ئەوانە بوون کە نە لە ٧/٨/٢٠١٤ و نە لە ١٧/١٠/٢٠١٧ دا نەک هەر گولـلەیەکیان دژ بە داعش یان حەشدی شەعبی نەتەقاند بەڵکو بە ئوتومبێلە سەد هەزار دۆلارەکانیانەوە لە هەولێر هەڵ دەهاتن.
ڕاستییەکە بەوەیش تاڵتر بوو، خەفەتێک کە بەندی دڵ دەپسێنێت، کە قاسمی سولەیمانی لە دیدی خۆیەوە بە ترشوخوێ کردنەوە کردوویەتی بە بەشێک لە مێژووی باشوور.

تابلۆی گۆڕ
٤٢ ساڵ لەمەوبەر مەلا مستەفا مرد. پاش چەندین کێشە کە زیانی گەورەی هەرگیز قەرەبوونەکراوەی لە کورد دا، لەگەڵ تەرمی ئیدریس دا هێنایانەوە بۆ باشوور و لە گوندی بارزان ناشتیانن. لەو کاتەوە ئەم خانەوادەیە کردوویانە بە بازرگانیی و دێن و بە پارەی گەلی باشوور خەڵکی جۆراوجۆر، لە گۆرانیبێژی لاکۆڵانەوە تا دەگاتە هەر کەسێک کە خۆیان پێیان دروست بێت، داوەت دەکەن و پارەی بۆ خەرج دەکەن و بە سواری ئوتومبێل بە دەستی خۆیان دەیبەن بۆ سەردانی گۆڕی مەلا مستەفا. سەردەران بە تەپڵ و دەفێک و بە فاتیحایەک بێت یان بە کەمێک بێدەنگیی و بەهەندێک فووکردن بە دەوری خۆیاندا باجی داوەت و ئوتومبێلسواریی و میوانداریی خۆیان دەدەن. بەو شەڕەشەقە ئەم خانەوادەیە دوو ناوی دیکەش بە "سەردەرانی" گۆڕی مەلا مستەفا زیاد دەکەن.

لە هیچ کولتورێکدا نەبووە خاوەن مردوو بێن و بە "زۆر" خەڵک بۆ سەر گۆڕی کەسێکی خۆیان ببەن. ئەویش لە سەر حیسابی پارەی خەڵک، پارەی گەلێک. ئێ‌شکرایە ئەم خانەوادەیە لە هیچ ڕۆژێکی هیچ ساڵێکدا کاریان نەکردووە کە بە پارەی خۆیان خەڵک بۆ سەر گۆڕی بابیان ببەن. بەڵام زۆر دڵ و دەست ئاوەڵە ئەو هەموو پارەیەی سامانی گشتیی بۆ ئەم بازاڕ گەرمکردنە، بۆ دروستکردنی هەیبەتێکی ساختە، بەکار دەهێنن.
کاتێک یارە، پیرەمێردی نەمر، وەسیەتی کرد لە گردی یارە بنێژرێت لەبەرئەوە بوو کە لە گردی یارەوە سلێمانیی لە باوەش دەگرت و دەیبینیی چۆن لە پشتی گۆیژەوە خۆر هەڵدێت و بە سەر گڵەزەردەدا ئاوا دەبێت. لە ترۆپکی ئەو گردەوە گوێی لە خوڕەی ئاوە سازگارەکەی کارێزی وەستاشەریف دەبوو و بە چاو شانەی دارە سنەوبەرە سەوزەکانی چەمەکەی دەکرد و ساڵانە لە نەورۆزدا بە دەستی خۆی دۆڵمەی دەپێچایەوە و ئەهلی هونەر و ئەدەبی داوەتی ئەوێندەرێی دەکرد و نەورۆزیان بە خۆشیی و شادییەوە پیرۆز دەکرد.

نموونەکان زۆرن. بێکەسی کوڕ بۆیە حەزی دەکرد لە پارکی ئازادیی بینێژن چون دەیزانی عاشقانی رێبوار بە چەپ و ڕاستییدا ڕێ دەپێون. هیچ کەسێک بۆ زیارەتی رۆحی پاکی ئەوان داوەتی خواردن و خواردنەوە ناکرێت و بە ماشێنسواریی ناهێندرێت و نابردرێت و میوانداریی ناکرێت بۆ ئەوەی زەحمەت بکێشن و بچن بۆ سەردانی یارە و بێکەسی باوک و بێکەسی کوڕ و وەلی دێوانە و ئەحمەد موختار بەگی جاف و دڵدار و حاجی و هەموو ئەوانی دیکە. خەڵک بە خۆشیی و بە شانازییەوە ئەو زەحمەتە دەکێشن. ئەسڵەن هەر پێیان وا نییە کە زەحمەتێک دەکێشن چون بە قووڵایی خوێنیان چێژی لێ وەردەگرن. ئەوانە ناچنە بەر دەمی هیچ کامێرایەک و فیلمەکەی بە کەس نافرۆشنەوە و پارەی زەرفی داخراوە نانێنە گیرفانیان.
ئەم جۆبارە کە قەڵبەزەکەی لە هەڵپەڕکێیەکی ڕەشبەڵەک و خوڕەخوڕی لە قاقای منداڵانی سەرگەرمی یاریەک دەکات، سرووشتییە!
ئەو کولتورە قێزەونە خێڵەکیەش کە بە داری زۆرێ "سەرۆکی نەتەوەیی" دروست دەکرێت لە باشوور خەریکە دەبێت بە باو. لە نزیکەی ٣٠ ساڵدا  ئەم ئاو لە دەستکەوان کوتاندنە بە پارەی ئەو خەڵکە دەکردرێت کە ئێستا مووچەیان نییە یان لە ڕاستییدا هەر مووچە و خزمەتگوزارییەکیان نەبووە.

نەخۆشینی خێڵەکایەتیی پەتایە. ئێستا ئەوانی دیکەیش فێر بوون، بابیان ڕێبازە و هەر یەکەی لە سەر گردێک بابی خۆی دەنێژێت و وەکوو ئینتەرپرایزی پیشەسازیی دەکرێن بە شوێنی سەردانی "مێژوویی" و "گەشتوگوزار". زەمانێک باشووری چارەڕەش گیرۆدەی "شەخسەپەرۆ" بوو، ئەمێستاکە گیرۆدەی گردەپڕۆن.
خەونی حاجی ئەوە بوو کچان و کوڕانی کۆیە بە شەفەندەفەر بگەن بە هەورامان و لەوێوە شوێنی دیکەی کوردستان بپێون. ئەگەر حاجی لە جیاتی کوردستانپەروەریی جامی بگرتایەتەوە دەیزانی کە ڕۆژێک دێت بێستانی سەر سەوزی کورد کرمی خێڵ و مڵەی خێڵەکایەتیی لێی دەدا.

تابلۆی خێرخوازیی
هەمووتان بینیووتانە کە شتێک بە ناوی "دەزگای خێرخوازیی بارزانی" هەیە و کە گوایا ناحیزبی و ناسیاسییە و کە بەڵام مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی بۆردەکەی دەکات(!). خانەوادەی مەسعود بارزانی زۆر بە لایانەوە گرینگە کە بە سەردانی زۆرەملێیی گۆڕێک و بە هەبوونی دەزگایەکی "خێرخوازیی" (بخوێنە: ئابڕووشکێن!) ناوی مەلا مستەفا بە زیندوویی رادەگیرێت.

کوردستان بە گشتی وڵاتێکی دەوڵەتمەندە و لە پێوەندیی گەورەیی خاکەکەیدا ژمارەی دانیشتووانی بەئەژمار نییە. خاکی گەورە و خەڵکی کەمە. باشوور کە ئەوە سی (٣٠) ساڵە ئازادە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەنی سامانێکی گەورەی ژێرزەمینە، خاکی بۆ کشتوکاڵ لە بارە و ئاوی شیرینی هەیە و خەڵکەکەیشی دڵسۆزن، ئەسڵەن ئەوی نەدەبا هەرگیز لە باشوور هەبووایە دەستگایەکی خێرخوازیی بوو، ئەویش خێرخوازیی خانەوادەیەک کە لە ژیانیاندا کاریان نەکردووە و ناکرێت سەرمایەیەکیان هەبێت کە بتوانن لە رووی یاساییەوە بە کاری بهێنن.

پاشان خێر بە کێ؟ بە گەلێک کە سەدان ملیارد دۆلاری لێ دزراوە، بە هەزاران هێکتار زەوی لێ داگیرکراوە و دەستی لە سەر هەموو جۆرە بازرگانیی و ئاڵوگۆڕ و بەرهەمێکی ئابڕوومەندانە و یاسایانە و ڕەووشتمەندانە شکێندراوە. ڕۆژانە بە بەرچاوی جیهانەوە ژەهری دواکەوتوویی و خۆشکاندن و خۆسووککردن و خۆبچووککردنەوەی وەگەروودا دەکرێت.

ئەم گەلە ئازادیخوازە هەر ئەوەندەی دەویست کە بەڕێوەبەرایەتیەکی یاسایی و نیشتیمانیی کارەکانی خۆی جێبەجێ بکردایە. ئەم گەلە ئامادە بوو لە ماوەی شەش مانگدا پێوەندییە خێڵەکاییەتیەکان تێکبشکێنێت و قۆناخی خێڵەکایەتیی ببڕێت، عاشق بە خوێندن و زانست و کار و پیشە و سوعبەت و شۆخیی و سەیران و هامشۆ بوو. گەلێکی سەرحاڵ و بە ژیان بوو، دەیویست چێژ لە ژیان وەربگرێت و بۆ ژیان بمرێت.
ئێوە، ئەی خانەوادەکانی "خێرخوازیی"، سەرۆکانی ئابڕووشکێن و شکۆمەندییشکێن، گەلی باشووری مەزنتان زیندەنەچاڵ کرد!

ئێوە هەوای ئەو وڵاتە هەڵ دەمژن کە سوور دەزانن ئەوانی لەگەڵتانن لە هەرە گەمژە و تەمەڵەکانی کۆمەڵگان، لە هەرە بێ هونەر و کاسەلێسەکانن، ئەوانەن کە لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتدا لە ناو زیندان و لە بنکەکانی ڕاستکردنەوە و خۆشکردنەوەدا دەبن. ئێوەن کە خێرتان پێ دەشێت و دەبێت خێرتان پێ بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×