هاوسەرگیری ناشەرعی، لەنێوان دەسەڵات وساماندا

ســــەرکۆ یونس
  2021-12-27     658

ئابوری هەرێمی کوردستان، چەندین هەورازو نشێوی جۆر بەجۆری بڕیوە، لەهەندێ کات بەئاراستەی پەرەسەندن و لەزۆربەی کاتیش بەئاراستەی داڕمان و داکشانەوە.

کابینەکانی حکومەتی هەرێم، لەماوەی زیاتر لەدوو دەیەیی ڕابردودا، نەیتوانیوە ژینگەیەکی گونجاوو لەبار بۆ کەرتی تایبەت برەخسێنێت، بۆئەوەی هاوکارو یارمەتیدەر بێت لەپرۆسەی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی کەرتەئابورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار.

کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، وابەستەیە بەلایەنی سیاسی و پشتبەستووە بەکەسانی ناو حزبەدەسەڵاتدارەکانی حکومڕانی زۆربەی جار کەسەسیاسییەکان هەرخۆیان خاوەنی کۆمپانیان و هەندێ جاریش بەشاراوەیی لەپشت کۆمپانیاگەورەکانەوەن، بەشێوەیەک ئابوری هەرێم، بەدەست چەند دەستەمافیایەکی سیاسی خاوەن نفوزەوەیە، چەندین نمونەی واقعی لەم بوارەدا گەواهیدەری ئەم ڕاستیەن.

ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارو گونجاو، پشت بەستوو بەیاسای پەرلەمانی هاوکارویارمەتیدەر دەبێت، بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان، بەداخەوە لەم بوارەشدا لاوازی وکەمتەرخەمی پێوەدیارە، 

بابەتی ڕۆتیناتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکومی، زۆر ئاڵۆز وماندووکەرە، ئەمەش کۆمپانیاکانی سست وخاوکردووەتەوە، ناچار زۆربەی کات، پەنا دەبرێتە بەر گەندەڵی کردن بەپێدانی بەرتیل و خزمایەتی و حزبایەتی.
هەربۆیە، کەرتی تایبەت لەهەرێمدا بەبارودۆخێکی نەشازدا تێپەڕ دەبێت و لەزۆربەی کاتدا، دیاردەیەکی نەشیاوی ئابوری سەرهەڵدەدات کەبریتییە لە(هاوسەرگیری ناشەرعی لەنێوان دەسەڵات وساماندا).
بەداخەوە، بەهۆی لاوازی یاساکان و خراپ بەکارهێنانی لەبەرژەوەندی گشتی و قۆستنەوەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی و حزبی، پاشان جارێکی تر لاوازی لایەنی چاودێریکردنی پەرلەمانی و تەنانەت دامەزراوەی چاودێریکردنی دارایی، ژینگەیەکی ناتەندروستی ڕەخساندووە بۆ تێکەڵبوونی حزب و کۆمپانیاکان.

هەروەها بەهۆی دیاردەی خۆدزینەوە لەباج و شاردنەوەی سەروەت وسامانی کۆمپانیاکان، لاوازی دەزگای باجەکان، نەتوانراوە دارایی گشتی پڕبکرێتەوە بەداهاتی باجەکان.

وتراوە، ئەگەر سامان و دەسەڵات پێکەوە بن، ئەوا بێ گومان سێیەمیان گەندەڵییە، هەندێ کەس وای دەبینن پەیوەندی نێوان دەسەڵات و سامان، تاوانێکی گەورەیە، لەبەرئەوە ئەگەر بتەوێت کۆمەڵگایەک تووشی گەندەڵی و داڕمان بکرێت، تەنها بەکردنەوەی دەرگای هاوسەرگیری لەنێوان دەسەڵات وساماندا دێتەدی، بەو مانایەی ڕێگە بدرێت پیاوانی خاوەنکار و بازرگان و سەرمایەدار ببن بە پیاوی سیاسی یان ئەندام پەرلەمان یان وەزیر و سەرۆک وەزیران تەنانەت سەرۆکی وڵات،  لێرەدا پیاوانی خاوەنکار بەشداری دەکەن لەبڕیار دروست کردندا، کە لەبەرژەوەندی خۆیان بێت.


دەرئەنجامەکانی ئەم هاوسەرگیرییە، زۆر لەسەر ئابوری هەرێم کەوتووە، بەسەدان ملیار دۆلار زیان بەهەرێم گەشتوە و بەردەوامیشە، هەروەها بەسەدان پرۆژە ئامانجەکانی بەدەستنەهێناوە و بەکواڵیتی خراپ تەسلیم بەحکومەت کراونەتەوە.
زۆر گرنگە، هەوڵ بدرێت بەڕێگانەدان بەکارکردنی کۆمپانیاکانی حزبەکان، داوا بکرێت ئەو کۆمپانیانەی کەهەیە بکرێن بە پشکداری و هاوڵاتیان بەشداری تێدا بکەن و پەیوەندیان بەحزبەکانەوە نەمینێت و دیوانی چاودێری دارایی، ووردبینی داهات و خەرجی حزبەکان بکات و داهات و خەرجی گشتی لە حزبەکان وەربگیرێتەوە و بدرێتەوە بەحکومەت و لەڕێگای حکومەتەوە بودجە تەرخان بکرێت بۆ حزبەکان، نەوەکو بەپێچەوانەوە.

هاوسەرگیری ناشەرعی کەرتی تایبەت و حزب، بەیەكێک لەگەورەترین بەربەستەکانی پەرەپێدانی ئابوری ئەژماردەکرێت، دەردێکی کوشندەی بەردەم هەوڵەکانی گەشەپێدانە.  دەرئەنجامەکانی زۆر قورس و خراپن، داتەپین و داڕمانی کەرتەئابورییەکانی لێ دەردەچێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×