"خۆت بە"

هێمن بابان
  2022-03-08     470


"خۆت بە" ئەو دەستەواژەیەی دەیان ژن و کچی ئێمەی بەکوشت دا. 

لەوەتەی رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانی بواری ژنان پەیدابوونە، کۆمەڵێک دەستەواژەیان بەرھەمھێناوە کە بوونەتە ھۆی ھاندان و دواتر کوژرانی ژن. 

یەکێک لەو دەستەواژانەش "خۆت بە" ، زەحمەت نەبێت بە ھەموو چالاکوان و داکۆکیکارەکانی بواری ژنان، ئەو دەستەواژەیەمان بۆ پێناسە بکەن، "خۆت بە" چییە و، ئەی ئەگەر خۆی نەبێت کێیە و چییە؟

زەحمەت نەبێت، پێش دروستبوونی ئێوە، دایک و داپیری ئێمە کێ بوون کە خۆیان نەبوونە؟ کام لەوانەی خۆیان نەبوون، کوژران؟

ئێوە، ھەرچی کچی تازە پێگەیشتووە، بە کۆمەڵێک دەستەواژەی قۆڕی وەک، بوێربە، ئازا، خۆت بە، ھانی دەدەن و تووشی بەلاڕێدابردنی دەکەن و دواتر بەکوشتی دەدەن، ئینجا رۆژی دواتر جلی گرانبەھای رەنگ رەش دەپۆشن و لە ھۆتێل و رێستورانتی چەند ئەستێرە ئیدانەی کوشتنەکەی دەکەن.

ئاخر ئەگەر بە ماریای تەمەن ٢٠ ساڵە و قوربانییەکانی دیکە نەگوترابا، بوێربە، ھەی ئازا، خۆت بە. ئافەرین، ئەوا ئەوانیش قەت بەمشێوەیە نەدەکوژران، چونکە ئەم قسانە بووە ھۆی ھاندانی ماریا و ئەوانی دیکەیش، وایکرد بەردەوام نمایشی ئەو دەستەواژانە بکەن و بیانکەنە واقع، کەچی ئەم ھەواڵدان بۆ بوون بە واقعە، تووشی کوشتنی کردن.

کام لەوانەی رێکخراوەکانی ژنان بەڕێوەدەبەن، کێشەیان نیە؟ کام چالاکی بواری ژنان، خودی خۆی کێشەی نیە؟ ئێوە لەسەر چ بنەمایەک بوونەتە پێشەنگی ژنان؟ دایک و خوشک و کەسوکاری ئێوە، ئێوەی بە پێشەنگی ژنان قبوڵە؟ ئاخر دەبێت کۆمەڵگا لە دەرەوەی بازنەی موو نەرمیی، وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە.

رۆژی ژن و رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ژن و رۆژی دایک و رۆژی خوشک و رۆژی نەوە و ئەو ھەموو بۆنە و یادانە قسەی قۆڕن، تەنیا شتێک کە پێویستە بوونی ھەبێت، مافی مرۆڤە بەبێ جیاکاری رەگەزی. کە ئێوەش تەنیا لەسەر ئەوە قسە ناکەن.

لە کۆتاییدا قسەیەک ھەیە دەڵێت، یوئێن کاری چییە، لە وەڵامدا دەڵێت یوئێن کاری ئەوەیە خانووەکانمان خاپوور بکات و چادرمان بۆ دابین بکات، بە ھەمانشێوە، رێکخراوەکانی ژنانیش بە بۆچوونی من، کاری ھاندانی ژنان و کچانی ئێمەیە و دواتر بە بەیاننامەیەک کوشتنەکەیان ئیدانە دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×