تورکیا بۆ هێرشکردن چاوەڕوانی داگیرسانی گڵۆپی سەوزە

فوئاد زیندانی
  2022-07-15     525

ڕژێمی تورکیا کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) و پارتی(مەهەپە) ئەردۆغان ڕابەرایەتی دەکات، ڕۆژ بەڕۆژ تورکیا بەرەو هەڵدێر و برسیەتی و کارسات دەچێت. بەهۆی کەڵەکە بوونی قەرزی دەرەکی و پاشەکشەی ئابووری و داتەپینی نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، گرانی و هەڵئاوسان لە تورکیا بەڕێژیەکی زۆر بەرزبۆتەوە، تەنانەت هاووڵاتیانی تورکیا ئەگەر ئەمڕۆ نانیان هەبیت، بەڵام دڵنیا نین لەوەی ڕۆژی دواتر نانیان دەبێ بیخۆن یان نا!

ئەردۆغان بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانی و نزیک بوونەوەی هەڵبژاردن، هەوڵدەدات ڕێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ داپۆشینی شکستەکانی و چەواشەکردنی هاووڵاتیان و شەقامی تورکیا، بۆ ئەم مەبەستەش تاکە ڕێگا کە هەڵی بژاردووە، هێرشکردنە سەر کوردانە لە باشور، ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان.

لە باکوری کوردستان شاڵاوی دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی کورد و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی و میلیتاریزەکردنی شارەکان بووە بە کاری ڕۆژانەی پۆلیس و سوپای ئەو ڕژێمە. تورکیا دەیەوێ وەک شاگردی پۆلیسێکی نێودەوڵەتی خۆی نمایش بکات، ئەوەش لە ڕەفتارەکانی بەرامبەر بە کورد و کوردستان هەمیشە ڕەنگی داوەتەوە.

بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە بچووکترین دەرفەت لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، ڕژێمی تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی دەرەوەی دەیەوێ کێشە ناوخۆییەکانی پەردە پۆش بکات، هاوکات ئەنجام بەدەست بێنێت. پەیوەندی دوولایەنەی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا لەلایەک و ئەمەریکا و ناتۆ لەلایەکی تر تا ڕادەیەکی زۆر زەمینەی شەڕی دژ بە کورد زیاتر کردووە، بەتایبەتی خۆ چەماندنەوەی هەردوو ووڵاتی سکاندنافی(سوێد و فینلاند) بەرامبەر بە داخوازییەکانی تورکیا لە پێناو ئەندامبوونیان لە ناتۆ بووە هۆی زیاتر لە خۆبایی بوونی تورکیا.

سوید ساڵانێکی زۆر وەک ووڵاتێکی ئەوروپی خۆی وەک سونبولی ئاشتی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ نمایش دەکرد، دواجار ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا بوو، بەشێوەیەک بەری حەرامترین داری تامکرد کاتێک ژمارەیەک پەنابەر کە ڕەگەزنامەی سویدیان هەبوو ڕادەستی تورکیای کردنەوە. ئەو هەڵوێستەی سوێد نابێت بە لامانەوە سەیر بێت چونکە ئەوە پیشە و کاراکتەری هاوبەشی هەموو پارتێکی سۆسیال دیموکرات و سەرمایەداریە لە جیهان.

سوید و فینلاند بە پاڵپشتی ئەمەریکا و ناتۆ زەمینەی هێرشکردنە سەر کوردستانیان لە لایەن تورکیا باشتر ڕەخساند، بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆدا واتە فراوانبوونی سنوری ناتۆ، ئەوەش بە واتای فراوانبوونی هێرشەکانی ناتۆ بۆ سەر گەلی کورد و کوردستان دێت، چونکە تورکیای ئەندامی ناتۆ لە هێرشی بەردەوامدایە بۆ سەر کوردستان.

لە دوای ساڵی(٢٠١٣) تیرۆریستانی بەرەی نوسڕە و چەندین ڕێکخراوی تری تیرۆریستی و دواتر سەرهەڵدانی داعش هەر هەموویان بە پاڵپشتی تورکیا و بە ئاگاداری ناتۆ هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دواتر ساڵی(٢٠١٤) هێرشیان کردە سەر باشوری کوردستان، قوربانیدانی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن(یەپەژە) لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی(پێشمەرگە) لە باشوری کوردستان بەرگرییەکی مێژوویان لە دژی تیرۆریستان لە ئاستی جیهان تۆمارکرد، تەنانەت خودی ئەوروپی و ئەمەریکیەکان دەیانگووت کورد لە بری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان دەکەن.

ناتۆ و ئەمەریکا و ئەوروپا ئێستا ئەو قوربانیدانەی کوردان دژ بە تیرۆریستان نابینن، دەیانەوێ کورد بەتەنیا بهێڵنەوە، بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا پاڵپشتی ڕژێمی تورکیا دەکەن وەک پۆلیسێکی شاگردی خۆیان لە ناوچەکەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن تەنانەت ئەمەریکا و ناتۆ بەئاشکرا داوا لە سوێد دەکەن ئەو کەسانە ڕادەستی تورکیا بکاتەوە کە ئەنقەرە داوایان دەکات.

تورکیا هەوڵدەدات لەلایەن ناتۆ، ئەمەریکا، ئەوروپا، ڕوسیا و تەنانەت ئێرانیش گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنن بۆ ئەوەی لەم کاتەدا کە ساڵیادی دە ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و داگیری بکات.

ئەوەی کە زۆر گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا باشور، باکور، ڕۆهەڵات، ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان خەبات و ئامانجیان بکەنە تێکۆشانێکی هاوبەش، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک پشت بە خۆیان ببەستن، پشت بە هێزە دەرەکیەکان نەبەستن، مەبەست ئەوە نیە پەیوەندیان نەبێ لە ئاستی نێودەوڵەتی و سیاسەت نەکەن، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کورد وەکو یەک یەکەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان خەبات و تێکۆشان بکات. تا پەرتەوازەبین دوژمن زیاتر زاڵ دبێ و داگیرکاری پەرەدەسێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×