کەس نەما، دوکتۆر ھەژار

ھیوا محەمەد ئەمین
  2022-08-26     506

کارەسات و تاوان ی ھەرەگەورە ھەر ئەوە نیە کە مرۆڤەکان لەسەر باوەڕ و ھەڵوێستی مرۆڤانە و نیشتیمانپەروەرانە دەگیرێن و سزا دەدرێن ، بەڵکو کارەساتتر و دڵتەزێنتر ئەوەیە ، کە بەرگی یاسایی و شەرعیەتدان بدرێت بەسەر ئەو تاوانانە دا ، ئەمەش مەترسیدارترین دیاردەیە کە کۆمەڵگە بەرەو نائارامیی ، ناسەقامگیریی ، توندوتیژیی، نەھامەتیی و داڕوخان دەبات ؟! ئاخر کۆمەڵگە ناشێت ھەمووی لە یەک قاڵب و شێوە دا بەرجەستە بکرێت ! ڕۆح و ویژدانی کۆمەڵگە ناکرێت بچوکبکرێتەوە لە خواست و ئارەزوی ئاژەڵیانە ی چەند کەسانێک دا ، کاتێک شەرعیەتدان بە تاوانی دژە مرۆڤایەتیی لە کۆمەڵگە دا پیادە دەکرێت ، ئەوکات ڕۆح ، ڕەوشت ، ویژدان و تەنانەت یەزدانیش دادەبەزن بۆ نەشیاوترین و نزمترین ئاست ، ئەمەش ئیدی کوشتنێکی سیستەماتیکیی ھەموو بوعدە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەیە کە دەشێت خەمێکی لێبخورێت . ئەم بارە ڕێک حاڵی ئێستا ی کۆمەڵگەی ئێمەیە ، کۆمەڵگەیەک لەسەر لێوار و کەنار ی داڕوخانە ، کۆمەڵگەیەک خەریکە ھەمەلایەنە ناشیرین دەبێت و بووەتە دێوەزمە بەسەر ڕۆحی خۆیەوە ؟! ئەگەر ڕوناکیەک لەنێو ئەم کۆمەڵگە تاریکە دا مابێت ، ئەو کەسانەن کە خەمێک لەم نیشتیمان و کۆمەڵگە ی کوردستانە دەخۆن ، خەمێک کە دەشێت تەنیا فریادڕەسێک بێت کە بتوانێت کۆمەڵگە بەزیندویی ڕابگرێت . ئەوانە ی خەمێک لەم نیشتیمانە دەخۆن ، کەسانێکن کە دەیانەوێت ناخ و ڕوخساری کۆمەڵگە ی کورد پێناسە و ھەناسەیەکی جوان ی پێببەخشن ، ئاخر کۆمەڵگە ی ئێمە پڕە لە مرۆڤ ی جوان و خەمخۆر .
ماوەی چەند ساڵێکە کەرت ی تەندروستیی لە کوردستان ڕووە و گەندەڵیی و داڕمان دەڕوات ، کەرتێک کە بووەتە ئامانجێک کە کەسان ی چاوبرسیی و دوور لە ڕەوشت و ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتیی دەخوازن بیکەن بە سەکتەرێکی بازرگانیی ، تەنیا بەمەبەستی قازانج و کۆکردنەوەی سەرمایە !! وەزعی نەخۆشخانەکان لە خراپترین حالەتی خۆیدایە ، کۆمەڵێک مافیا و دز و جەردە چاویان بڕیوەتە ئەو کەرتە و دەیان ساڵە کۆمپانیا حیزبیەکان دەستیان بەسەردا گرتووە و لە سایەی دا بوونەتە میلیۆنێر و میلیاردێر . بارەکە لە حاڵێک ی وەھادایە کە ئەم کەرتە بووەتە مەترسیدارترین وەزارەت کە پڕە لە گەندەڵیی ، دزیی ، گرێبەست ی نھێنیی . ساڵ ی پار بینیمان کە خاتو دوکتۆر باخان لە پای ئاشکراکردنی ئەو گەندەڵیانە لەم کەرتە دا بە چ دەردێکیان برد و شاربەدەریان کرد ، دەیان توھمە ی ئەخلاقیی و گەندەڵیان بۆ ھۆنیەوەو ..تاد ، تەنیا بۆئەوەی کارە ئابڕوبەرەکانی ئەم کەرتە و بازرگانە حیزبیەکان بۆ ڕای گشتیی بڵاو نەبێتەوە .
پزیشک ، نوسەر ، چالاکڤان ، پێشمەرگە ی دێرین و خاوەنی پەڕتوکی ( ڕەنجی فەرھادەکان ) دوکتۆر ھەژار عوسمان لەپای نوسێنێک ، کە لە لاپەڕەی خۆی لەتۆڕ ی کۆمەڵایەتیی فێسبوک و ڕۆژنامە ی ئاوێنە بڵاوی کربووەوە و ھۆشداریی دەداتە ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان لەسەر فرۆشتن و لەناوبردنی نەخۆشخانە ی فێرکاریی لەلایەن دەستەڵاتداران ، بازرگانانی چاوچنۆک و مافیاکان ، دوێنێ ئێوارە لە نۆڕینگە ی پزیشکیی خۆی لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیردەکرێت و بۆ ماوە ی شەوێک لە زیندان ی دەنێن و پاشان بەرامبەر بە کەفالەتی دوو میلیۆن دینار ئازدا دەکرێت . ھۆکاری گرتنەکەیشی لە سکاڵایەکەوە دێت ، کە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ، سەباح ھەورامی لەسەری تۆمار دەکات . دوکتۆر ھەژار یەکێکە لەو خەباتگێڕە پزیشکانە ی کە سەرتاسەر ی ژیانی لەپێناوی گەل و نیشتیمانەکە ی دا خۆنەویستانە بەخت کردووە ، ماوەی حەوت ساڵ دوکتۆر ی شۆڕش دەبێت و بە کۆڵەپشتە دەرمانەکەی گوند بەگوند و سەنگەر بەسەنگەر لە ھەردوو کوردستان ی ڕۆژھەڵات و باشور دەگەڕێت و چارەسەری نەخۆشیەکانی خەڵک و پێشمەرگە دەکات . ئەو کەسێک ی خۆشەویست و ناسراو ی ناو پێشمەرگە و گوندیەکانی کوردستان بوو ، تەمەن ی گەنجێتیی خۆی لەنێو کار ی پزیشکیی و خزمەتکردن بە تەندروستیی گەلەکەی تێپەڕاند ، ئەوکاتەی بەخت و لەنگەر ی ژیانی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگیرسێتەوە ، ھەرگیز بۆ ساتێکیش خەم و ئازار ی گەلەکەی فەرامۆش نەکرد ، لەوێش یەکپارچە ژیانی لەنێو چالاکیی سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی بۆ گەل و نیشتیمانەکەی تەرخان کرد . پیاوێکی ھوشیار ، دڵسۆز ، پاک و بێگەرد و خەباتگێڕ . زۆر بەداخەوە کە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی ، لە شوێن ئەوەی سکاڵا لەسەر بەڵێندەران ، بازرگانان و مافیاکانی دەرمان تۆمار بکات ، دێت دەرگا ی سکاڵا لەسەر دوکتۆر ھەژار دەکاتەوە کە جگە لە ئاشکراکردنی ڕاستیی و ھۆشداریەکی دڵسۆزانە بۆ بواری تەندروستیی ، ھیچی تری نەکردووە کە زیانی بۆ حکومەتی ھەرێم و گەل و نیشتیمانەکەی ھەبێت . دوکتۆر ھەژار ئەو پیاوە جوامێر و نازدارەیە کە دەبوایە لە ئاست ئەو خەبات و خزمەتانەی بۆ گەل و نیشتیمانەکەی ئەنجامی داوە ، خەڵات ی مەعنەویی بکرێت نەک سکاڵا دژی تۆمار بکرێت و زیندانیی بکرێت .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×