کورسی کۆتا، شەڕ بۆ دیموکراسی، یان حیزب

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2023-04-05     486

مرۆڤەکان لەبەردەم ئەرک و مافدان، هیچ کاتێک ماف مەکرەمە و بەخششی هیچ سیاسی، یان دەسەڵاتێکی سیاسی نییە بۆ مرۆڤ. ماف بابەتێک نییە بخرێتە بازنەیەکەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و وەک دەستکەوت، وەک بەخشش و بەزەیی گروپێکی کۆمەڵایەتی بۆ گروپێکی دی، یان نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی دی، بازاڕی سیاسەت و ململانێی سیاسی پێ گەرم بکرێت. ئازادی بۆ مرۆڤ مافە، ئیدی کە گوتت ماف، نە دەخرێتە دەنگدانەوە، نە دەگوازرێتەوە بۆ گفتوگۆی سەرمێزی کۆبونەوەی سیاسییەکان تا وەک خێری قوربانی بدرێت بە فڵان گروپی کۆمەڵایەتی، یان فیسار نەتەوە و ئاینی جیاواز.

بابەتێکی گەرمی ئەمڕۆی هێزە سیاسییەکانی باشور، بریتییە لە دیدی جیاواز بۆ یاسای هەڵبژاردن، لە ناو یاساکەشدا ئەو ژمارە کورسییەی بە ناوی کۆتا بۆ کەمە ئاینی و نەتەوەییەکانی وەک تورکمان، ئەرمەن، کلدان، سریان، ئاشوری، تەرخانکراوە.

قانونی هەڵبژاردنی هەرێم لە ئێستادا، لە کۆی (١١١) کورسی پەرلەمان، (١١) کورسی بۆ ئەم پێکهاتە جیاوازانە تەرخانکردوە. گومان لەوەدا نییە، ئەم ژمارەیە لەوە گەورەترە، کە پێویستە ئەم پێکهاتانە وەک مافی یاسایی خۆیان و بەگوێرەی ژمارە و سەنگی کۆمەڵایەتییان لە کوردستاندا بۆیان  دابین بکرێت، ئەوە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئایا ئەم پێکهاتانە لەسەر چ بنەمایەک ئەم ڕێژەیان بۆ دیاریکراوە، ژمارەی ئەم پێکهاتانە بەراورد بە کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان چەندە، حیزبە سیاسییەکان، تایبەت پارتی لە ساڵانی ڕابردودا، چ لە پەرلەمان و چ لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، یەکێتیش لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە ململانێی سیاسیدا، چ لە نێوان خۆیاندا و چ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە، چەند سودیان لە ژمارە و بونی کورسی ئەم پێکهاتانە بە قازانجی قورسکردنی تای تەرازوەکە بە لای حیزبەکانیان وەرگرتوە. ئەمە دیوێکی بابەتەکەیە، دیوەکەی دیکەی ئەوەیە، ژمارەی کورسی پێکهاتەکان و سەنگی سیاسییان، لە ململانێی سیاسی و پەرلەمانیدا لە کوردستان، چی پێشکەش بە بونی ئەوان وەک شوناسی ئیتنی و دینی جیاواز کردوە، بۆچی ئەم ڕێژەیە لە پێنج کورسییەوە بەرزکرایەوە بۆ یازدە، حیکمەت لە پێویستی ئەم زیادکردنە چی بو، کام هێزی سیاسی کوردی لە پشتی گەورەکردنی ئەم ژمارەیەوە بو. جگە لەمانە دەتوانین بپرسین، ئایا ئەم پێکهاتانە توانیویانە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان بن، یان بەشێک بون لە ململانێ و گرژییەکان و هەمیشە بە قازانجی حیزبەکانی دەسەڵات دژ بە هێزە سیاسییەکانی دیکە وەستاونەتەوە، ئایا هیچ کات و لە هیچ دۆخێکدا، کاتێک پرسی نیشتمانی لە هەرێمدا کەوتوەتە بەردەم ململانێی هاڕینی پیرۆزییەکان، ئەوان هەڵوێستێکیان بە سودی پرسە نیشتمانییەکە دەربڕیوە، یان بەردەوام وەک کەرەستەی ئامادەی نێو یارییە سیاسسیەکە جوڵێنراون و یارییان پێکراوە و چونەتە پاڵ ئەجێندا و گوتاری سیاسی حیزبێکی دیاریکراو دژ بە هێزێکی دی.

ئەمانە کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەرین و بێ دۆزینەوەی وەڵامی گونجاو بۆیان، ئەگەر لەبری (١١) کورسی، (٢٠) کورسیشیان پێبدرێت، شتێکی گرنگ لە دۆخی پێکهاتەکان وەک نەتەوە و ئایینی جیاواز لە کوردستان ناگۆڕێت، چونکە ئەوان وەک پێکهاتەی جیاواز گوزارشت لە بونی خۆیان ناکەن، گروپێکی دەستڕۆیشتو لە ناو ئەواندا بە ناوی داکۆکی لە خۆیان، کەوتونەتە ژێر سێبەری قورسی ململانێ ناوەکییەکانی کورد-کورد و لە ڕێی پشتیوانی لە لایەنێکی سیاسی لەسەر حیسابی ئەوانیدی، هەرچی زیاتر خەریکی گەرمکردنی ئاگری ململانێکانن.

بۆ ئێمە و خودی پێکهاتەکانیش ئەوە ڕونە، ئەوان هیچ کاتێک لە هەرێمی کوردستان و لە ماوەی دروستبونی ئەم قەوارەیەوە، لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە نەکەوتونەتە بەردەم هەڕەشەی ناسنامەی جیاوازی ئیتنیکی و دینی و مەزهەبی، بە هۆکاری جیوازبونیان زمان، کولتور، جوڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یاد و بۆنە و پیرۆزییەکانیان سانسۆر نەکراوە. ئەوە بڕێکی لە ئاستی گشتیدا پەیوەندی بە تێگەیشتنی کورد خۆی بۆ پێکەوەژیان، بڕێکی زۆریشی پەیوەندی بە پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو پێکهاتانەوە هەیە، لە ئاستی ناوچەیی، پشتیوانی تورکیا بۆ تورکمان و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ مەسیحییەکان.

کێشە و ململانێ لەبارەی قانونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێم نابێ تەنیا لەسەر ئەوە بێت، هەڵبژاردن یەک بازنەیی، یان فرەبازنەیی بێت، لیستی کراوە، داخراو، یان نیمچەکراوە بێت. دەبێ هەم یەکێتی، هەم هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، دەست بۆ جەوهەری کێشەکە ببەن، کە بریتییە لە کێشەی ژمارە، واتە ئەو یازدە کورسییەی بە بڕیاری پارتی و یەکێتی لە ساڵی (٢٠٠٩)وە بۆ ئەم پێکهاتانە تەرخانکراوە. قسەکردن و گفتوگۆ لەبارەی فۆرم و شێوازی هەڵبژاردن گرنگە، بەڵام فۆرمی هەڵبژاردن بە تەنیا ناتوانێت شتێکی گەورە بە قازانجی دیموکراسی و دادپەروەری لە کۆی پرۆسەکەدا بگۆڕێت. بۆ نمونە ئەوانەی داوای فرەبازنەیی و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دەکەن، تایبەت یەکێتی، دەبێ بە گومان و پارێزەوە مامەڵە بکرێن، ئایا شەڕەکەیان بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و ژیانی سیاسییە، یان بۆ ئەوەیە چەند کورسییەک بە ناوی پێکهاتەکانەوە بۆ حیزبەکانیان مسۆگەر بکەن. بە باوەڕی من، ململانێی ئێستای پارتی و یەکێتی لەم خاڵەدا پەیوەندی بەوەوە نییە، سیستەمی هەڵبژاردن چاکە یان خراپ، کورسی پێکهاتەکان زۆرە یان کەم، بەڵکو وەک تەواوی شتەکانی دیکە، لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکەوە تا دەگاتە سەرۆکی زانکۆ، لە بەڕێوەبەری ناحیەیەکەوە تا دەگاتە پۆستی وەزیر، دەیانەوێت دابەش بکرێت و هەر حیزبە و پشکی خۆی وەربگرێت. بە مانا جەوهەری بابەتەکە، نە گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ پێکهاتەکان، نە دیموکراسی و دادپەروەری، بەڵکو بە پلەی یەکەم خەمی حیزب و زیادکردنی کورسییەکانی حیزبە لە ڕێی دەستی دوەوە، وەک چۆن یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (٢٠١٤)، بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار، لە بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕاندا کردی.

یەکێتی و هەر حیزبێکی دیکەیش مافی خۆیانە شەڕ بۆ حیزبەکانیان بکەن، بەڵام ئەوپەڕی سادەیی و خۆشخەیاڵییە تۆ ئەرز و ئاسمانت بە حیزبی کردبێت، چاوەڕوانی ئەوەت هەبێت، خەڵک ئەم ململانێیەت، وەک شەڕ لەپێناو دیموکراسی، دادپەروەری، چاکەی گشتی و بەرژەوەندی نیشتمانی لێوەربگرێت. مرۆڤ چۆن دەتوانێت باوەڕ بەم گاڵتەجاڕییە سیاسییە بهێنێت، تۆ جیاوازی هاوزمان، هاونەتەوە و هاوئایینەکانت قبوڵ نەبێت، تۆ لە هج ناوەند و دەزگایەکدا بچوکترین دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانەت بۆ باشترین و دڵسۆزترین خەڵکی ئەم هەرێمە لە بەرامبەر خەڵکی حیزبی و نزیک لە دەسەڵاتی حیزبی نەڕەخساندبێت، ئەی چۆن ئەم شەڕی یەکسانی ماف و دادپەروەرییە بۆ تورکمان، ئەرمەن، کلدان، سریان و ئاشوری دەکەیت. ئەجێندای ئەم ململانێیە هەر ئەوەیە، وەک چۆن بە مەرجی ملکەچی بۆ حیزب و دەسەڵاتی حیزبی، پۆست بە کوردێک دەدەیت و لە بەرامبەر کەسێکی ناحیزبیدا داکۆکی لێدەکەیت، بە هەمان ئەندازە و زیاتریش داکۆکی لە هەر کارەکتەرێکی ناو پێکهاتەکان دەکەیت بە لەبەرچاوگرتنی هەمان مەرج و ملکەچکردن لەبەردەم حیزب و عەرشی دەسەڵاتی حیزبیدا. ئەم شانۆگەرییەی حیزبەکانی ئێمە بە ناوی پێکهاتەکانەوە نمایشی دەکەن، ئەنجام و وێنە ڕونەکەی لە ناو لەپی دەستی هەر کەسێکە کەمێک ئاگایی سیاسی بە دۆخی ئەو عەقڵیەتە سیاسییە هەبێت، کە لە کوردستاندا ئیدارەی حیزب و سیاسەت دەدات.

ئەگەر هەر حیزبێکی سیاسی گەرەکییەتی چیتر پارتی درێژە بە یاری ژمارە و کورسی پێکهاتەکان نەدات، دەبێت ڕاستەوخۆ، بێ هیچ دودڵی و سازشێک لەگەڵیدا بچێتە شەڕی یەکلاکردنەوەی ژمارەوە، چونکە دواجار و لە ململانێی دیموکراسیدا، ئەوە ژمارەیە قسە دەکات، ئەوە ژمارەیە دەتگەیەنێت بە ناوەندی بڕیار و دەسەڵات، ئەوە ژمارەیە لەسەر ئاستی ناوەکی و دەرەکیدا، سەنگ و قورسایی سیاسی و دیپلۆماسیت پێدەدات. ژمارەی کورسی لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا بایەخی ستراتیژی و یەکلاکەرەوە لە ململانێکاندا دەبینێت. دەبێت ئەم ژمارەیە وەک جەوهەری سەرەتا و کۆتایی پرسی قانونی هەڵبژاردن و مافی پێکهاتەکان بەپێی سەنگ و پێگەی شایستە بە خۆیان مامەڵە بکرێت و یەکلابکرێتەوە.

ئەگەر خەمی قسەکردن و ناڕازیبون لە قانونی هەڵبژاردنی ئێستای هەرێم بۆ ئەوە بێت، لەبری ئەوەی پارتی لە کۆی یازدە کورسییەکە، هەشت بۆ نۆ کورسی مسۆگەری هەبێت، بەشێک لەم کورسییانە بەسەر یەکێتی و یان چەند هێزێکی سایسی دیکەدا دابەش بکرێن، وەک ئەوە وایە، کورسی لە (س) وەربگریتەوە و بیدەیت بە (ص)، سین و صادیش دوانەیەک بن، لە یەک سەرچاوە و سکی یەک دایکەوە هاتبن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×