سەباح حەمدانیەكەی پارتی‌و رائد ئەمنەكەی بەعس لە"رووداو"

هيَمن كاميل
  2023-07-16     657

لە ماوەی رابردودا بە وردی سەیری چاوپێكەوتنەكانی سەباح حەمدانیم كرد كە لە بەرنامەی پەنجەمۆری كەناڵی رووداو بە چەند زنجیرە بەرنامەیەك پێشكەش كرا، چەند خاڵێك بونە جێگەی سەرنجم و بە پێویستمزانی قسەیان لە سەر بكەم.
یەكەم/  پێشكەشكارەكە بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری  وردەكارییەكانی ئەو رووداو مێژووانە نەبوو كە دەربارەیان پرسیاری دەكرد و نایشیئەتوانی لە پرسیارەكانی میوانەكەوە پرسیاری جدی تر دروست بكات. واتە زیاتر ئەو پرسیارانەی ئەكردكە پێشتر ئامادەی كرد بوو . ئەمە جگە لەوەی  دەبوو بەر لە هاتنی میوانەكە بە وردی گوێی لە چاوپێكەوتنەكانی پێشووی ئەم پیاوە بگرتایەو و بیزانیایە چی وتوە. بۆ نمونە سەباح حەمدانی لە چاوپێكەوتنی كەناڵێكی عەرەبیدا ئەنفالكراوەكان بە 15هەزار تا 17 هەزار كەس دەخەمڵێنێت و ئەڵێت دوو حیزبەكە راست ناكەن ئەڵێن 180 هەزار كەسن. 
دووەم: لە رووداویش خۆی دانینا بەوەدا كە لە كۆتایی شوبات تا مانگی ئایاری 1988 لە هەردوو سەربازگەی دووبزو خالید (كە من بۆچونم  وایە سەربازگەی تۆپزاوای مەبەست بوە) تیمێك لە ئەمن بە سەرپەرشتی خۆی لە كەركوك 15 هەزار گەنج و پیاوی ئەنفالكراوی تەمەن ( 15 ساڵ بۆ 45) ساڵیان لە ژن و مناڵ و بە تەمەنەكان جیاكردۆتەوەو ئامادەیان كردون بۆ گوللە بارانكردن. واتە لێرەش ناڕاستەوخۆ ئەو 15 هەزارەی پێشووی دووبارە كردەوە.
كاكی پێشكەشكار نەی پرسی باشە خۆ هەموو ئەنفالكراوەكان نەهێنراونەتە كەركوك و خۆ ئەنفالیش لە مانگی ئایار كۆتایی نەهاتوە. كاكی پێشكەشكار پێی نەوت بەشێك لە ئەنفالكراوەكان بە پێی ناوچەی جوگرافی لە سنوری دەسەڵاتی ئەمنی دیالە و صڵاحە دین و سلێمانی و هەولێرو دهۆكیش راگیراون و هەمان كاری ئەمنەكانی كەركوكیان  كرد بۆ پۆلێن بەندیان و جیاكردنەوەیان. كاكی پێشكەشكار  پێی نەوت لە ئەنفالدا تەنها گەنج و پیاوگوللە باران نەكرا خۆ ژن و مناڵیش  زیندەبەچاڵكران. كاكی پێشكەشكار پێی نەوت باشە خۆ تەنها لە ئەنفالی هەشتدا لە بادینان كە لە مانگی ئابدا جێبەجێكرا زیاتر لە 12 هەزار كەس ئەنفالكراون و نەشهێنران بۆ كەركوك.
ئەمە جگە لەوەی بە  تەنها لە یەك ناحیەی ئەنفالی سێ‌ كە ناحیەی قادركەرەمە (14801) هەزار كەس ئەنفالكراوە.
بۆیە ئەڵێم خۆزگە كاكی پێشكەشكار بۆ هەر پرسیارێك كە ئامادەی كردبوو لەو تاونبارەی بكات چەندین سەرچاوەی بخوێندایەتەوە بۆ ئەوەی سبەی قسەكانی ئەو تاوانبارە نەبێتە بەشیك لە مێژوو وەكو سەرچاوەی بینراو بە كاربهێنرێت.
ئەمە جگە لەوەی بە پێی یاسای قەدەغەكردنی جینۆسایدو یاسا نێودەوڵەتییەكان سەباح حەمدانی ئەكرێت وەكو تاوانبارێكی سەرەكی پرۆسەكانی ئەنفال مامەڵەی لە گەڵ بكرێت نەك چەندین بەرنامەی بۆ تەرخان بكرێت و راستیەكانیش بشوێنێت. چونكە تاوانباری جینۆساید هەموو ئەو كەسانە ئەگرێتەوە كە پلانیان بۆ داناوەو ئەوانەی بە كردەوە بەشداریان كردوەو ئەوانەی هەستاون بە پۆلێنكردنی قوربانییەكان وەك یەكێك لە قۆناغەكانی تەواوكردنی پرۆسەكەو هەموو ئەمانە وەكو تاوانباری جینۆساید سەیر دەكرێن و سزای قورسیان هەیە لە یاسادا . 
بەڵام چونكە نە  رووداوو نە خاوەنەكەی پشت رووداوو  نە حیزبەكەی  رووداویش هیچ دیدو جیهانبینی و ستراتیژێكی نەتەوەییان نیە بۆیە بە لایانەوە ئاساییە تاوانبارێكی جینۆسایدی نەتەوەكەیان بهێننە سەرشاشەو بە ئارەزووی خۆی شرۆڤەی چەواشەكاریانە بۆ رووداوەكان بكات، هەر بۆ نمونە ناراستەوخۆ ئەنفال و هەڵەبجەی پەیوەست كرد بە رووداوی كۆمەڵكوژییەكەی یەكێك لە گوندە تەعریبكراوەكانی سنوری پردێ‌ و ئەیویست بڵێت ئەنفال  و هەڵەبجە لە تۆڵەی ئەو رووداوەدا بووە. چونكە ئەو  پێشمەرگانەی یەكێتی كە ئەو كاریان كردوە وتویانە لە هەڵەبجەوە هاتون (وەرە كاكی پێشكەشكار بێدەنگ بێت و ئەو زانیارییەی بۆ راست نەكەیتەوە كە لە هەشتەكاندا یەكێتی سنوری چالاكی تیپ و كەرتەكانی دیاریكرد بوو لە رووی جوگرافیەوە، پێی نەوت چۆن پیشمەرگەی یەكێتی لە هەڵەبجەوە ئەگەنە پردێ‌ و دەشتی ساڵەیی بۆ ئەنجامدانی چالاكی).
 هەر ئەم سەباح حەمدانیە لە چاوپێكەوتنێكی تری كەناڵێكی عەرەبیدا ئەیوت  تەنها لە ناوچەی پشتێنەی ئەمنی ئەنفال ئەنجامدراوە واتە نەك پرۆسەیەكی سەرتاسەری بوبێت بۆ لە ناوبردنی بەشێك لە نەتەوەی كوردو ئەیوت ئەوەی وایكرد ژمارەی قوربانیەكان بگاتە 15 هەزار كەس بە هەڵە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بوو.
سێیەم/ ئەم جەلادەی ئەمن قسەیەكی تریش ئەكات كە هەر دوبارەكردنەوەی بۆچونەكەی نزار خەزرەجیە، بەڵام كەمێك بە جیاوازتر بەوەی كە ئەوە سەدام نەبوە یەكەمجار كیمیابارانی هەڵەبجەی كردوە، بەڵكو ئەوە ئێران بوە یەكەمجار كیمیابارانی هەڵەبجەی كردوە دواتر سەدام وەك كاردانەوەیەك ئەو كارەی كردوە.
چوارەم/ لە یەكێك لە ئەڵقەكانی بەرنامەكەدا وتی تا مانگی ئایار نزیكەی 15 هەزار گەنجم ناونوسكرد كە دواتر بران بۆ گوللە بارانكردن، كەچی لە بەرنامەی دواتردا ئەڵێت من لە مانگی نیسانەوە چوم بۆ خولێك و تا مانگی تەموزی پێچوو هەتا هاتمەوە پرۆسەی گوللە بارنكردن و زیندە بە چاڵكراوەكان كۆتایی هاتبوو. پێشكارە نەیوت ئەی تۆ لە بەرنامەی پێشوو وتت تا مانگی ئایار من گەنجە ئەنفالكراوەكانم جیا كردۆتەوە. ئەمە جگە لەوەی چەندین بەڵگە هەیە كە ئەنفالكراوەكان تا پایزی 1988 لە تۆبزاوا ماون و بە هیچ شێوەیەك پرۆسەی زیندەبەچاڵكردن لە مانگی تەمووز كۆتای نەهاتوە.
پێنجەم/ هەروەها لە یەكێك لە زنجیرە بەرنامەكانی رووداودا باسی ئەوەكات كە نوێنەری ئەمن بوە لەو لیژنە ئیداریو ئەمنیەی بەعس بۆ كەمكردنەوەی كورد لە كەركوك  دروستی كردبوو. ئەم لیژنەیە مانگانە كۆبونەتەوەو پلان و بەرنامەكانی تەعریبكردن و كەمكردنەوەی كوردیان لە شارەكە تاوتوێكردوە، منیش ئەو پرسیارەم لا دروست بو باشە لە رابردودا دوژمنەكانمان هێندە لە خەمی كەمكردنەوەی كورد بوبێتن لە كەركوك. ئیتر بۆچی پارتی و راگەیاندنەكەی بونە هۆی ئاوارەبونی 500 هەزار كوردی شارەكە لە یەك رۆژدا  لە 16ی ئۆكتۆبەردا كە دەكرا وا مامەڵە لە گەڵ ئەو رووداوەدا بكرایە یەك خێزانی كوردیش شارەكەی  جێنەهێڵایە و ئەو خەونەی سەباح حەمدانی باسی دەكات كە بۆ دەركردن و كەمكردنەوەی كورد هەیانبوە لە ساڵانی نەوەدەكاندا كەچی  پارتی بە ئاسانی بۆی بە دیهێنان ئەویش دوای 15 ساڵ لە رووخاندنی بەعس. 
لە كۆتایدا ئەمەویت بڵێم ئەم پیاوە چونكە لە نەوەدەكاندا كە لە بەعس  هەڵهاتوەو چوەتە سنوری دهۆك و پارتی هاوكاری كردوە بۆ چونە دەرەوەی عیراق، بۆیە خۆی بە قەرزار باری ئەو حیزبە ئەزانێت و زۆرجار قسەكانی بەو بارەدا ئەكات كە پارتی ئەیەوێت و پێی خۆشە بۆ نمونە وەك گێڕانەوەی ئەو رووداوەی گوایە هەوڵی تیرۆركردنی ئیدریس بارزانی لە سەردەستی زێبارییە دژەكانی بنەماڵەی بارزانی بوە. یاخود لە بەشێك لە قسەكانیدا ئەڵێت ساڵی 1973 مام جەلال لە لایەن نازم گزاری تاوانبارو بەرێوەبەری ئەمنەوە رێگەپێدانی بۆ كرابوو رۆژانە ئەهات لە كتێبخانەی ئەمنی عامە لە بەغداد كتێبی ئەخوێندەوە كە ئەمەش شارەزایانی ژیانی ئەو كاتەی مام جەلال ئەتوانن ئەمەممان بۆ ساخ بكەنەوە كە ئایا ئەو كاتە مام جەلال لە بەغداد بوە یان نا؟ ئایا مام جەلال ئەوەندە سیاسییەكی سادەو ساویلكە بوە رۆژانە بڕوات بۆ كتێبخانەی ئەمنی عامە بۆ خوێندنەوە؟ یان ئەم قسەیە مەبەستێكی تری شاراوەی لە پشتەوەیە كە پارتی ئەیەوێت لە رێگەی سەباح حەمدانیەوە بیڵێت.
دواهەمین تبَیینم ئەوەیە ئەم كەسە لە هەموو چاوپێكەتنەكانیدا هەمیشە خۆی بەری دەكات لە هەر تاوانێكی ئەو دەزگایەی ئەم كاری تێداكردوەو هەمیشە خۆیمان لێدەكات بە فریشە. ئەمەش گومان دەخاتە سەر بەشی زۆر ئەو شرۆڤەو لێكدانەوانەی كە بۆ رووادوەكانی ئەكات.
 ئەگینا  تەنها ئەو پۆلێنكردنەی ئەم پێی هەستاوە لە ئەنفالداو وەك خۆی ئەڵێت  نزیكەی 15 هەزار گەنجی كوردی ئەنفالكراوم ناونوسكردو جیامكردنەوەو ئامادەمكردن بۆ گولەبارانكردن ئەگەر ئەوە ئەفسەرێكی نازی لە هۆڵۆكۆستدا ئەو ئەركەی بۆ نازییەكان راپەڕاندایە ئەگەر لە ژێر زەویشدا بوایە جولەكە ئەیاندۆزییەوەو ئەیانهێنایەوە بۆ ئیسرائیل و بە سزای خۆیان ئەگەیاند نەك ئەوەی وەك پاڵەوانێك بهێنرێتە سەرشاشەو رێزی لێبگێرێت و پاداشت بدرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×