لەقوربانییەوە بۆ بکەر!

ئەحمەدی مەلا
  2023-07-26     410

مێژووی نادیار و بچڕپچڕی ئێمە، مێژووی نووسراوی سەرکەوتوانە، بەڵام لکاندنی وێنەی قوربانی بەشێکە لەو حەکایەتە هاوچەرخەی کە کورد بۆ خۆی دایڕشتووە. لە پاڵ وێنەی قوربانی، وێنەش شەڕکەریشی لە لایەن رۆژهەڵاتناسانەوە بە بەر کراوە. لە کۆزاکیرەی گەلاندا قوربانی مایەی بەزیی پێهاتنەوەیە، بەڵام بەزەیی مرۆڤ ناکات بە بکەری مێژوو، بەڵکو بەکاردەهێنرێت، ئەنستریومەنتالیزە دەکرێت. لە دوای کۆڕەوەوە، کورد بە دەستەجەمعی چووە سەر تەختەی مێژوو، بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەهاری ١٩٩١ کە بە بڕیاری ژمارە ٦٨٨ ناسراوە، ناوچەی دژە فڕین بۆ کوردانی باشوور دروست دەکات و لەو مێژووە بە دواوە هەوڵێکی دەرەکی لە ئارادا بوو کە کورد لە قوربانییەوە ببێ بە بکەر.

ئەوە سی و دوو ساڵ بەسەر ئەو بڕیارە تێدەپەڕی.

لە دەسپێکدا، کورد، بە کورتی یەکێتی و پارتی هەوڵ دەدەن، رووکەشانەش بێت بیچمێکی شارستانیی ببەخشنە ئەو بزوتنە چەکدارییانەی کە دەمێک ساڵ بوو، بە ناوی کوردایەتیەوە چیاوچۆڵی کوردستانی باشووریان تەنی بوو، بۆیە پەرلەمان دادەمەزرێت، دەنگدانی یەکەم. بەڵام هەندە نابات شەڕی چەکداریی لە چیاکانەوە دەگوازنەوە ناو شارەکان، یەکەم نموونەی هەڵەشەیی لە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە دنیا دەناسێنن، بە یەکەم لووتشکاندنی پەرلەمان دەناسرێت، لووتشکاندنی دووەمیش بە داخستنی پەرلەمان لە لایەن پارتییەوە ئەنجام درا، دوا لووتشکاندنیش بە بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق ئەنجام درا. شەڕی ناخۆیی چوار ساڵ دەخایەنێت تاکو پەیمانی ئاشتەوایی لە نێوان ئەم دوو هێزە چەکدارە بە ناو دیموکراسییە لە لایەن مادلێن ئۆلبرایت لە ساڵی ١٩٩٨ مۆر دەکرێت، مۆرێک تاکو ئێستا برینەکانی سارێژ نەکردووە.

کورد لە قوربانییەوە دەبن بە چەکداری بێ ئەمەک، بە هەردوو لا جەستەی میللەتی خۆیان ئەنجن ئەنجن دەکەن. قوربانی دەبێ بە ناکۆک لەگەڵ نەیاری خۆی، ناکۆک لەگەڵ میللەتی خۆی، تەنها لە پێناو داهات، ئەویش بۆ قەڵەوکردنی هێزی حیزبیی و کەمتیارەکانی دەوروبەری.

کۆی شەڕ و پێکدادانەکان  لە پێناو ئەوە نەبوون کە شەرعییەت بدەن بە چەمکە دیموکراسییەکان، مافەکانی مرۆڤ، بانگهێشتکردنی میللەت بۆ سەرخوانی مێژوو، بەڵکو لەسەر تەماحی کورتمەودای چەتەگەریی بوو. واتە، تەنها لە سەر داهاتی مەرز و سنوورەکان زیاتر شتێکی دیکە نەبوو، کە دەبوو یەک سنووق کۆی ئەو داهاتانەی لە خۆ گرتبا و تاکو ببن بە خەرجی و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە میللەت لەو قۆناغە هەستیارە پێویستی پێی هەبوو. ئەمە لە حالەتێکدا، ئەگەر سەیری حیزب بکەین وەک ئاداتێکی هاوچەرخ بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە، کە دەبوو خەرج و داهات، بە شێوەیەکی عادیلانە، شافافانە دابەشکرابا، کەچی ئەم کەلێنە، رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبوو تاکو دوو ئیدارەیی لێ کەوتەوە و هەرێمی باشووری کرد بە دوو لەتەوە، تاکو ئێستاش مەرزی دێگەڵە جێبرینی ئەو ناکۆکییە ناشەرعیانەیە  کە ئەم دوو تەرەفە دروستیان کرد. هەردوولا جەختیان لەسەر فراوانکردنی جوغزی بنەماڵەدەدا کە دواجار یەکێتیش لە سەر بیچمی پارتی حیزبی خستە خزمەت بنەماڵە، لە پێناو دەستەیەک مەکتەبی سیاسی، بە ئەدەبانە، خانەنشین دەکرێت، حیزب دەبێ بە ئاڵای بنەماڵە.

دوای روخانی رژێمی بەعس، داهاتەکانی مەرز و سنوورەکان دەبن بە داهاتی نەوت، واژووکردنی هاوپەیمانی ستراتیژیی لە نێوان ئەم دوو هێزەی کە لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، لە پێناو داڕشتنی ستراتیژییەتێکی هاوبەش نەبوو تاکو وێنەی کورد لە وێنەی قوربانییەوە بگوازێتەوە وە و رۆڵی بکەری پێ ببەخشێ، بەڵکو لە پێناو دابەشکردن و نفووز و سەروەت و سامانی نەتەوە بوو. سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ، بە دەست چەند نەزانێکەوە، ئەوەندەی دیکە بارودۆخی کوردیان ناهەموار کرد، نەوت وەکو ئەلیمەنێکی ستراتیژیی چووە ژوورە تاریکەکان و کەس ئاگای لە کۆی ئەو واژووانە نەبوو کە لەگەڵ هێزی دەرەکی ئەنجامدرا، بە تایبەت تورکیا و کۆی ئەو کۆمپانیانەی کە وەکو قارچکی ژەهراویی هەڵدەتۆقان بەشی شێریان بەردەکەوت. نەک هەر کورد نەیتوانی لە قوربانییەوە ببێ بە بکەری ستراتیژیی بەڵکو بوو بە هۆکاری دەوڵەمەندکردنی جوغزی یەکەمی دەسەڵات و ئیرادەی راستەقینە لە میللەت سەندرایەوە و رۆژ لە دوای رۆژ، لە باشوور کورد بڕوای بە دوارۆژ و بەم هێزە نابووتانە نەما.

لە هەمان کاتدا، پەیامی دڵخۆشکردنی خەڵک، لە رێگەی ماس مێدیاکانیانەوە بە گوێی خەڵک و خوادا رادەگەیاندرا کە هەرێم لەسەر بیچمی وڵاتانی کەنداو هەڵدەستێتەوە، کاتێک ئاماژە بۆ کۆی ئەو تەلارانە دەکران کە بە ئاسمانا رۆ دەچوون، ئەمە لە کاتێکدا، شکستی ئیدارەیی، لە هەرەو نزمترین ئاستیدا بوو، وەک رۆژی رووناک دەردەکەوت، پاشەکەوتی موچە و موچە دواخستن و کەمی، یا نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و شکستی کەرتی پەروەردە و زۆری و بۆری زانکۆکان و نەڕەخسانی هەلی کار بۆ دەرچووان، وێنەی کوردی لە قوربانییەوە نەک نەکرد بە بکەر، بەڵکو گۆڕی بۆ گەندەڵ، یەکەم موفرەدەی هاوچەرخ چووە فەرهەنگی کوردییەوە، ئەمە یەکەم و رەنگە دوا دەرفەت بێ کە کورد لە مێژوودا بەدەستی هێنابێ، کەچی کرا بە سینییەکی پڕ لە زێر و پێشکەشی هێزە باڵادەستەکانی حیزب کرا.

دواجار شکستی رێفێراندۆم و لەدەستدانی نیوەی ئەو خاکەی کە کورد بەدەستیهێنابوو، برینی شەڕی ناوخۆی جارێکی دیکە کولاندنەوە، جارێک بە تاونبارکردنی یەکتری، جارێک بە نزیکبوونەوە لە یەکتر، وێنە گشتییەکەی دوو ئەوەندەی دیکە تەڵخ دەردەکەوت. کورد لە گەندەڵەوە هەنگاوی نا بەرەوە سەرلێشێواو.

سەربڕینی موعارەزە کە سەرەتا بە دەستی بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو، لە جیاتی ئەوەی ببێ بە دەلاقەیەک تاکو کورد سەیری داهاتووی خۆی بکات، کەچی بە تەواویی هێز و وزەی هێزی بەرهەڵستکاریی سڕییەوە. گۆڕەپانەکە چۆڵ بوو، چۆڵییەک کە یا بە هێزی کۆنەپارێز پڕدەکرێتەوە، یا لە ناوەوە تووشی دا‌هێزران و داروخان دەکات.

راکێشانی دوا بەڕەی ژێر پێی پارتی/گۆران و یەکێتی، ئەویش بەڕەی نەوت و غاز بوو کە ئیدی جارێکی دیکە کورد ناچار دەکات را بکات بە دوای وێنە کۆنەکەی خۆی ئەویش وێنەی "قوربان"ییە، ئەفسووس، جارێکی دیکە وێنە کۆنەکەشی دەستناکەوێتەوە! کورد نەک نەبوو بە بکەر، بەڵکو رەنگە جارێکی دیکە ئاوەڵناوی قوربانیشی پێ رەوا نەبینرێت.

بەڵام قوربانییە راستەقینەکە میللەتی کوردە کە لە هەموو لایەکەوە هەوڵ دەدرێت لە ناو ببرێت، ئیرادەی لە ناو ببرێت، ئەو کەمە هەناسەیەی کە بۆ هەڵمژینی بای ئازادی هەیبوو، وردە وردە لەناو دەبرێت، ئەو میللەتەی کە هەوڵی دا لە قوربانییەوە ببێ بە بکەر لەو رۆژهەڵاتە جەنجاڵە، کەچی حیزب هەموو هەوڵێکی دا، لەو هەوڵەش سەرکەوتوو بوو کە کورد لە یاریکەرەوە بیکا بە یاریپێکراو، لێسەندنەوەی موقەدارتی، دوورخستنەوەی ئاسۆی، کوژاندنەوەی ئەستێرەی بەختەوەری....

هەموو دەزانین قوربانی یا دژ بە چەقۆ هەڵدەستێتەوە یا لە ناو دەچێ....کوردی باشوور لەم دوو رێیانەدایە...بە بێ هێزێکی بەرهەڵستکاری ژیر و بە تەحەمەمول، لە بژاردەی دووەمی زیاتر هیچ دیکەی بۆ نامێنێتەوە!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×