مۆمەکەی دامەزراوەی چار بە هێزتر لە گلۆپی میدیای حیزبی

مەسعود هاشمی (بایزی)
  2023-09-05     507

         یەکێک لە مەزنترین خۆزگەکانی ئێلیت و خوێنەری کورد لەم رۆژانەدا بوونی میدیایەکی کوردی مۆدیرن و سەربەخۆیە کە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگای کوردی و ئازار و کەماسییەکانی بێت. بۆیە دەڵێم خۆزگە چونکە تا با لەم کونەوە بێت بەدیهاتنی ئاسان نییە. لە سایەی حیزب و میدیاکانیانەوە کۆمەڵگای کوردی بە چەشنێ  بەنی ئیسرائیل وا ڕیشۆل ریشۆل کراوە بە سەد موسا ڕزگاری نابێ، ئنجا کە ئەمەش بەشێک بێ لە پیلانی داگیرکەران، ئیدی باس وگەپی ئەمڕۆمان نییە. بەسەر هەموو ئەمانەشەوە، کە لە پڕا سووچێک لە ئاسۆت لێ دەردەکەوێ ئاسودە و دڵگەش دەبی و لە باوەشی دەگری. دامەزراوەی چار لە مانگی مارسی ئەمساڵەوە بە ژمارەیەکی کەم لە خەڵکانی ئەکادێمیک و بەئەزموون و مەخابن بە ئیمکاناتێکی کەم و ئەڵبەت پڕ لە دڵسۆزی دەستی بە کار کرد. دەستپێکێکی سەرکەوتووە و لەم پێنج مانگەدا توانیویانە شوێندەستی خۆیان لە نێو دڵی زۆر لە بینەران، بیسەران و خوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن. بەڵام ڕێگایەکی دوور و درێژی لە بەردەمدایە. دامەزراوەی چار کەنالێکی تەلەفزێونی یان ڕادیویەک نییە، کەچی ناوەڕۆکی بەرهەمەکانیان لە کەناڵە کوردییەکانی سەردەم لای زۆرێک لە بەردەنگەکان بەرچاوترە و هەوڵ ئەدەم لێرەدا باس لە هۆکارەکانی بکەم .

         بێگومان دامەزراوەیەک کە چەند کوردێک هەرکام لە گۆشەیەکی جیهان لە ئەوروپا تا دەگاتە کەنەدا و لە کات و زۆنی جیاوازی زەمانیدا هێشتاکەش لە سەردەمی دیجیتاڵدا کارێکی ئاسان نییە. لێرەدا هەول ئەدەم کە چەن سەرنجێکی کورت لەسەر کارنامە و بەرنامەکان و دروسکراوەکانی چار بدەم.

         لە یەکەم بەرنامەیاندا کە وتووێژیک لە گەڵ بەڕێز د. عەباس وەلی کرا، ئاوڕدانەوەیەکی بیرمەندانەی ناوبراو سەبارەت بە ڕاپەڕینی رۆژهەڵات و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خرایە بەر باس کە سەرنجی بەردەنگی ڕاکێشا و ڕێگای چەواشەکاری کەناڵە ئێرانییەکان و حیزبیەکانی لانیکەم لای کوردی ڕۆژهەڵات کەمتر کردەوە. هەروەها لە سەردەمانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە سەرنجی کورد بە گشتی لە سەر باكووری کوردستان بوو، چەندین جار بە وتووێژ و گوتار هەوڵی ڕۆشنگەرانەی گێڕاوە. لە دوایین ریپۆرتاژدا کە لەبارەی شەهید فواد موستەفاسولتانییەوە بەرهەم هێنرا، بەلای زۆرێکەوە شاکارێکی رۆژنامەوانی بێ چەواشە بوو. تەنانەت ڕەزا موستەفاسولتانی برای کاک فواد بە کارێکی نایابی بینیوە و دەیگوت، لە سەردەمانی مەنسوور حیکمەت دەیانویست کە تەنانەت  کەس ناوی کاک فواد نەهێنێت. هەروەها لە سەر شێوازی شەهید کردنی و کەمتەرخەمیەكانی کە لە كاتی شەهید كردنیدا کراوە، لە ڕابردوودا بەم ڕوونیە باس نەکراوە. دیارە کە یەکەم جار نییە لە سەر کاک فواد بەرنامە ساز دەکرێت، لێرەدا دەبێ پرسیار بکەین کە بۆ لای زۆرێک لە بینەران و بەردەنگان ئەم بەرهەم و ناوەڕۆکە جیاواز و تەنانەت بەردڵ وێنا کراوە؟ مامۆستا جەلیل ئازادیخواز، سیاسەتوان و ئەدیب، پێی وایە کە دامەزراوەی چار هەستاوە بە برەودانی گووتارێکی تیۆریکی نەتەوەیی. ناوبراو وەک ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی کۆمەڵەش پێی وایە کە ئەو دوو بەرنامەیە کە بۆ فواد موستەفاسولتانی و هێلێن قاسملوو ساز کراوە تا ئێستا بێ‌وێنە بووە.

         میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم ڕۆڵی بریتیە لە بەرچاوخستنی زانیاری دروست و هۆشیارکردنەوە، کە هێزی کاریگەری و ڕۆچوونی لە سەر خەڵک تا ڕادەیەکە کە زۆر جار ڕۆڵی یەکەم دەبیبنێت. ماڵکۆم ئێکس گووتەنی میدیا بە هێزترین دەسەڵاتە لە سەر ڕووی زەوی. بەڵام چەندە نادادیە ئەو دەمەی میدیا چەواشەکاری ڕاستییەکان بکات و پەروەردەی نەشیاو بەرهەم بهێنێت. هەربۆیە دەسەڵاتی چوارەم وەک چاودێرێک کاردەکات، لێکۆڵینەوە لە هەڵە و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکات، بەمەش بەشداری دەکات لە پشکنین و هاوسەنگی لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکیدا.ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی زانیاری زیاترە بۆ داڕشتنەوەی ڕای گشتی و کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و ڕەنگدانەوەی و هەندێکجاریش تەحەدای نۆرمە کولتوورییەکان. بە کورتی، دەسەڵاتی چوارەم بەردێکی بناغەی کۆمەڵگای دیموکراتیکە، چونکە وەک پشکنینێک بۆ دەسەڵات کاردەکات، شەفافیەت پەروەردە دەکات و هاوڵاتیان بەهێز دەکات بە پێدانی ئەو زانیاریانەی کە پێویستیانە بۆ بڕیاردانی ئاگادارانە. لە وڵاتانی دیموکراتیکدا وەک پاسەوانێکی دیموکراسی مامەڵە دەکات و لێپرسینەوە لە کەسانی دەسەڵاتدار دەکات و دڵنیایی دەدات لەوەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکرێت.

       بەرهەمەکانی چار تا ئێستا لەوە دەچێ ئەوە بێ، کە توانیبێتی دوور بکەوێتەوە لە چوارچێوە و بەربەست و خاترانەی کەسایەتی و حیزب و لایەن یان ئایدئۆلۆژی کە ئەمڕۆ سەرجەم میدیا کوردییەکانی تەنیوە. سەردەمانێ مێد تیڤی نزیک بە هەمان ئاراستە کاری دەکرد و گرنگی تایبەتی بە بەشی فەرهەنگی دەدا ئەڵبەت تەنیا بۆ کاری فەرهەنگی بەڕووی هەموواندا سینگی ئاوەڵا بوو، بە پێچەوانەی زاڵبوونی ئایدۆلۆژی ئەمڕۆیی، هەر بۆیە جاران زۆرتر لە بەر دڵان بوو. هێشتا  بە فرەبوونی میدیای کوردی، هیچ کەناڵێکی کوردی نییە کە  ئاوێنەی  باڵانوێنی دەردە کۆمەلایەتی و کەڵەکەبووەکانی مێژووی گەلەکەمان بێ ، یان کاریگەری حیزبی ئایدۆلۆژی و کەسایەتی و بنەماڵەی بە سەردا زاڵ نەبێ. هەر بۆیە بەهەند گرتنی کارەکانی دامەرزاروەی چار بۆ بوونی ئازادییەکی ڕەها لە ڕیپۆرت و نووسینەکانیاندایە کە کۆکەرەوەی متمانەی بەردەنگە کە ئەمەش لە ڕاستگۆیی و پوختی بەرنامەکانیان دەردەکەوێت. ئەگەر سەرنجێ لە بەڵگەفیلمێک کە لە سەر ژیانی شادڕەوانی هێلێن قاسملوو بدەین بەشێک لەو ڕاستییانە دەبیستین کە هیچکات میدیای حدکا بڵاوی نەکردووەتەوە، پرسێکی دی  کە لامان دروست دەبێ ئەوەیە کە ئایا حیزبێ کە نزیک بە سێ چارەکە سەدە ئەزموون و هەروەها بە هەبوونی میدیای خۆیی، چۆن نەیتوانیوە بەرنامەیەکی شیاو لە سەر خاتوونێکی فیداکار وەک هێلێن قاسملوو ساز بکات، کە لانیکەم خۆی پێش مالئاوایی بینەری ببوایە و هەندێ لە برینەکانی ڕابردووی ساڕێژ ببوایە و ئینجا بە خۆی بگوتبایە،’’ هەرچەندە ڕەحمان بە جێی هێشتم، بەڵام خەڵکەکەی ڕەحمان گەلێکی وەفادار و ئەمەگناس دەرچوون’’. بەڵام مردوو پەرەستی چ سوود!

       دیسان دوا بەرنامە کە یادێ لە جوامێری کاک فواد و کارەساتی شەهید بوونی ئەو و براکانێتی، قسەکانی دایک و خوشکی کاک فواد فرمێسک لە چاوانی بەرد دەردێنێ و لە دوا دێڕەکاندا قسانێ دێتەبەرباس کە لە کەناڵی کۆمەڵەدا سەد سالێ تر ناگووترێ و نابیسرێ. ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە دامەزاراوەیەک کە بە حەجم و ئیمکاناتەوە چەشنی مۆمێکە، کەچی لە گڵۆپی میدیاکان بە هێزتر و رۆشنگەرتر دەردەکەوێت. مرۆڤی کورد تینووی ڕاستبێژی و دوور کەوتنەوەیە لە چەواشەکاری. ئەم باسانەی کە کرا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد بە ڕژدی پێویستی بە میدیایەکی سەربەخۆیە کە نەتەوەسازی بکات و ڕووی میکرۆفۆن و کامێراکەی تەنیا لە خەڵک بێ نەک لە سەرکردە و حیزب، تا بتوانێ لە ناوخۆ و دەرەوەیش، خۆی وەک نەتەوە پێناسە بکات.

       بە گووتەی سۆران پاڵانی یەکێک لە دامەرزێنەرانی ئەم ناوەندە، دامەزراوەی چار لە سەر ئەم سێکوچکە ڕاوێژ، قانونمەندی و شەفاف بوون خۆی بنیات ناوە کە دەتوانێ بۆ خۆی چوارچێوەیەکی دیاری هەبێت. چوارچێوەیەک کە بەسەر بوونی رەخنەی لۆژیکی،  و ڕێگر دەبێت لە هێرشی دەمارگیرانە بۆ سەر لایەن و  حیزب وکەسایەتیەکان و هەروەها بێڕێزی بە ڕێچکە و ئایینە جیاوازەکان ، و هەر گووتارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات. ڕاگرتنی ئەم پرەنسیپانە تەنیا چارەیە بۆ ئەوەی "چار" وەک خۆی بمێنێ و گەشە بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×