دانی ئەژدیهاچاندن و نووقومبوونی غەززە لە دەریادا

بەکر ئەحمەد
  2023-10-21     682

"بریا ڕۆژێک بەخەبەر بێم و ببینم غەززە نوقمی دەریا بووە"، ئەمە خولیا گەورەکەی "ئیسحاک ڕابین"ە، سەرەکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە ساڵی 1992 دا (١) . بێگوومان ، ساڵێک لەوەو پێش, ئەو و یاسر عەرەفات ، خەلاتی ئاشتی وەردەگرن بۆ ئیمزاکردنیان لەسەر ڕیکەوتننامەی  ئوسلۆ.

"رابین" وەک جەنەرالێک و سیاسییەک، ئەو ئاڵوگۆرە گەورانەی بینی بوو کە لە سەر نەخشەی سیاسی غەزەددا خۆی نمایش دەکرد و نەخشەو پلانەکانیشی بەشێک بوون لەو چارەسەرانەی کە لەلایەن ئەو و دەسەلاتدارانی دیکەی ئیسرائیلەوە خراوەتە ڕوو.

ئەگەر سلێمانی لە فەنتازیای زۆر کەسدا شاری "هەلمەت و قوربانییە"، ئەوە غەززە لە پێش هەموو ناوچەکانی دیکەوەوەیە لە فەلەستیندا. بە تایبەت لە دوای ١٤ی حوزێرانی 2007 دا کاتێک حەماس لەم رۆژەوە ئیدارەی غەززەی دەکەوێتە دەست. ئەم ناوهێنانە وەک هیچ شانازییەک ناکرێت بە گەردنی حەماسدا هەڵبواسرێت کە بزوێنەری "شاری هەڵمەت و قوربانی" بوونی غەززە بێت، بەلکو ئەم خۆ.جیاکردنەوە سیاسیە لە ئیدارەی فەتح ، غەززە دەکاتە ناوچەیەکی گەمارۆدراوی ژێر دەسەلاتی یاساکانی ئاوارتە. دۆخێک کە وا لە غەززەییەکان دەکات کە بۆ پەیداکردنی نانی رۆژیشییان دەبێت لە رێگای توونێلە ژیرزەمینییەکانی نێوان غەززە و میسرەوە خۆراکیان پێ بگات.

ئەم هەلومەرجە، کارێک دەکات کە غەززە و غەززەییەکان بخاتە سەر ئاگر و هەموو ساتێک ئامادەبوونی ئەگەری تەقینەوەی رق و کلپەی نارەزایەتییەکانیان لەسەر پێ بێت.

نەهامەتییەکە لەوێدایە کە دەسەلاتی خۆماڵی نەیتوانیوە ئەو هەلومەرجە بگۆرێت کە دەسەلاتدارێتی ئیسرائیل ڕۆژانە لە فراوانکردنەوەی نیشتەجێ تازەکان و پیادەکردنی سیاسەتی ئاپارتاید بەرانبەر فەلسەتینیەکان و خەلکی غەزە بە تایبەتی پیادەی دەکات. بۆیە کەنارێکی بچکۆلە لەو سەرزەمینەی کە پیی دەڵێن غەززە، دەبێتە ئەو مەنجەلە لەسەرئاگرنراوەی کە هەموو تراژیدیای ئینسانی فەلەستینی تیا کۆدەبێتەوە. غەززە لێرەوە دەبێتە فەلەستینێکی بچکۆلە و بەو مێژووەدا دەبرێتەوە  کە فەلەستین لە 1948 وە پیایدا تێپەڕیوە. بەڵام بۆ جاری دووم.

ئەم هەلوومەرجە تایبەتییەی غەززە کە هێشتا لە کەناری دەریادایە و نوقووم نەکراوە، دەبێتە شوێنی پلاندانانێکی تایبەتی دەسەلاتدارانی ئیسرائیل لە سەرەتای هەشتاکانەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕیک پێک بێت. بۆ جلەوگرتنی کۆمۆنیست و چەپ و فەتح و هێزە مەدەنییە ڕادیکالەکانی دیکەی ناو ئەم کەرتەی کە لە ناوچەکانی دیکەی فەلەستین دابڕێنراوە، ئیسرائیل رێگادەکاتەوە کە لەپاڵ سەرمایە گووزاری زەبەندی سعودییەکاندا، دەستبداتە قومارێکی ئیجگار گەورە و چاوپۆشی لە دامەزراندنی ئەم باڵەی ئیخوان موسلمین بکات  لە غەززەدا.  لە زمانی "ئیسحاق سێگێڤ"وە کە موتەسیریفی سەربازی غەززە بووە لەو کاتەدا، بە پێی هەواڵێک کە لە ساڵی 1981 دا لە نییۆرک تایمزدا بلاوکراوەتەوە، بوودجەیەکی گەورە وەردەگرێ و دەیداتە ئیخوانەکانی غەززە. سەیری لینکی هەوالەکە بکە لێرەدا:

 http://Opinion | Casting Blame in the Israel-Gaza Conflict - The New York Times (nytimes.com)

بە سویدی دەڵێن: ئەوەی "با" بچینێ، زریان دەدوورێتەوە".  بە زمانی ئەفسانە یۆنانییەکە،  ئەم جۆرە لە ڕەفتارنواندن پییدەوترێت: هەژدیها چاندن. ئەفسانەی ئەژدیهاچاندن واهیی دێتە گێڕانەوە.  

کادمۆس شازادەیەکی فینیقی بووە. وەختێک "ئەوروپا"ی خوشکی دەفڕێنن لە لایەن "زیوس"وە، دەکەوێتە  سەفەری گەران بەشوێنیدا تا پەیدای بکات. بەلام بە بێ هیچ دەرئەنجامیک. وەختێک دەگاتە "دیلفی"، داوای ئامۆژگاری لە "ئۆراکڵ"ی خواوەند دەکات. ئۆراکڵ پێی دەڵێت: " لە جیاتی گەران بەدوای ئەوروپای خوشکدا، باشترە واز لەو کارە بێنێت و دوای مانگایەکی سپی بکەوێت و لە کوێدا دەوەستیت و دەیەوێ ئیسراحەت بکات، لەویادا شارێک دروست بکات. کادمۆس مانگاکە دەبینێت و دەبینێت لە شوێنێکدا دەوەستێت، هاوەلەکانی بانگدەکات بچن لەو دارستانە نزیکەی شوێنی حەوانەوەی مانگاکەوەیە ئاو بێنن تا سوپاسی "زیۆس"ی پێبکات. بەڵام سەرچاوەی ئاوەکە لە لایەن ئەژدیهای "ئارێز"ەوە کە خواوەندی جەنگی یۆنانییەکانە  چاودێری دەکرێت.  کاتێک پیاوەکانی کادمۆس نایەنەوە و ئەو خۆی دەچی بزانێت چییان بەسەردا هاتووە، دەبینێ هەموو پیاوەکانی کوژراون و بە ناچار خۆی دەکەوێتە جەنگی ئەژدیهاکە و لە دەرئەنجامدا دەیکوژێ. لەو کاتەدا "بالاس"ی خواوەندی ئەسینا دادەبەزێتەخوار و فەرمانی پێدەکات، نیوەی دانی ئەژدیهاکە بچێنێت و نیوەی دانەکانی دیکە بدات بە "لایتیس". لە دندانی  چێندراوی  ئەژدیهاکەوە ، جەنگاوەرانێکی پڕچەک سەوزدەبن و دێنە دەر کە دەکەونە کوشت وکوشتاری یەکتری و تەنانەت جەنگی خۆیشی.

بۆیەش ئەوەی لە سیاسەتدا بەسەرکەوتنێکی کادمۆسییانە ناودەبرێت، هیچ شتێک نییە جگە لە چنینەوەی بەروبوومەکانی شکستی خۆ ئەگەر چی بڕیار بوو وەک سەرکەوتن بۆ خۆ تۆماربکرێت.  ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئەفسانەکە دەیگێڕیتەوە.

ئیستا ددانی چێنراوی ئەژدیهاکەی خۆ لە غەززەدا، نەک هەر گەورەبووە و هێزەکانی دیکەی دەووروبەری خۆی لووشداوە، بەلکو لەو ئاستەداشدایە کە کەڵبەی خوێناوی خۆی لەجەستەی خودی ئیسرائیل گیرکردووە.

بەڵام بەرلەوەی قسەلەسەر "هەژدیها چاندن" و دانەگەورەبووکانی بکرێت، خودی غەززە جیگایەکی تایبەتی هەیە. ئەوەی کە چالاکی و جموجۆڵی سیاسی لەم کەنارەی دەریادا لە هەشتاکانەوە هێند گەورەیە  کە مۆسادی ئیسرائیلی ناچاردەکات ئەو کارە بکات کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، غەززە لە دوای گەندەڵبوون و بۆگەنکردنی ئیدارەی "فەتح"ەوە دەبێتە سەنتەری مقاوەمەت لە بەرانبەر ئیسرائلدا.

دەسەلاتی فەتح لە دوای بەدەسەلاتگەیشتنیەوە، فەرمانبەرێکی ئیداری ملکەچە و ئەو دۆخە بەسەردەبات کە دەسەلاتی کوردی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ کردوویەتی.

غەززە ئەو سەرزەمینەیە کە لە پاش دەسەلاتگرتنەدەستی ئیدارەی عەرەبی خۆیەوە ، تالاوەکانی ئاپارتاید و دەسەلاتێکی راسیستی بە گۆشت و خوێنەوە تاقیدەکاتەوە و ئیدارەی خۆماڵیش لە بەیاننامە دەرکردنی سەرکۆنەکردن بەولاوە، کارێکی دیکەی نەکردووە. تەنانەت لە چالاکی موخابەراتی ژێربەژێردا، زانیاری هەموو هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژیردەسەلاتی خۆیان وناوچەی غەززەیشییان داوەتە مۆساد.

غەززە لەمڕۆدا ، ئەو بەشەی دەرەوەی دەسەلاتی "فەتح"ە کە دەیەوێت پرسی ئینسانی فەلەستینی و ئاپارتاید لە گشتییەتی خۆیدا نەمێنێ. ئەمە بەرهەمی دابراندنی غەززەیە لە ناوچەکانی تری فەلەستین. بە کورتیەکەی بەشێکی دابراوی تەوقدراو، هەموو بناغە ستراکتۆرییەکانی ئەوەی پێیدەوترێت کێشەی فەلەستین ، لە خۆدا کۆدەکاتەوە.   

بەڵام ئایا ئەمە بەرهەم و چالاکی سیاسی "حەماس"ە؟

لە ڕاستیدا وەلام بە نایە. ستەم لەوێیەوە و لە بیست و چوار سەعاتدا چاولێک نانێ و حەماس لەوی بێت یان نەبێت، ئابڵۆقەدانی ئەم ناوچەیە نارەزایەتی دەکوڵینێت.

حەماس لەوێیە و سواری ئەم شەپۆلی نارەزایەتیانە بووە. هاوکات ئینسان دەتوانێ ئەوەش بڵێ کە حەماس ئەم نارەزایەتییە کڵپەگرتووەی ناو غەززە بەو ئاراستەیەدا دەبات کە لەگەل ئەجێندای سیاسی خۆیدایە. بەڵام بوونی حەماس و نەبوونی، ئەم مافی موقاوەمەتکردنەی هاوڵاتییان لەبەرانبەر سیستەمێکی راسیستیدا ناکرێ لەکەدار بکات و هەڵویستییان بخاتە ژیر پرسیارەوە.

ئاماژەکان بەرەوە کوێ دەڕۆن؟

چۆڵکردنی غەززە بە مانای هەڵبژاردنی ئەگەری ئاوەرەکردنی 2 ملیۆن ئینسان بۆ ئەوەی وەک هەموو فەلەستینیەکانی ترلە کەمپەکانی ئاوارەیدا بژین. لە پراکتیکدا: یانی هاتنەدی خەونی لە دەریادا نوققوومکردنی غەززە.

دەرهێنانی دانەکانی حەماس و تەسلیمکردنی ئیدارەی غەززە بە فەتح، دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی گوونجاوتر بێت کە کۆمەلگای نەتەوەیی سەری ڕەزامەندی بۆ دەلەقێنێ.

دەرهێنانی دانەکانی حەماس  و داگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

یان، تێوەگلانی هەموو ناوچەکە لەشەڕیکی ماڵوێرانکەرانەدا.

لە  ئیستادا خەونی نووقومبوونی غەزە، هەر بە تەنها خەونێکی ئیسرائیل نییە. زۆرن ئەو دەسەلاتانەی بە نهێنی ئەم خەونە دەبینن. بەڵام غەززە لەوێیە، بە حەماس و بێ حەماسەوە. چونکە بنەما سەرەتاییەکانی سەرکوت و بێحورمەتیکردن بە ئینسان، لە ئاستە نێونەتەوایەتییەکەیدا لەسەر شانۆی غەززە و لە نیگای مندالانی دەست وقاچ پەڕیودا خۆی نمایشدەکات. دەڵێن: منداڵانی غەززە لەخەو ڕادەچڵەکن،  نەلەبەر کابووسەکانی ناو سەریان، بەلکو لە ترسی ئەوەی لەبیریان چوو بێت ناوی خۆیان لەسەر قۆلیان بنووسن.  ئەوان ڕادەچڵەکن و بە پەلە سەیری سەرقۆڵی خۆیان دەکەن. تا لە لەوە دڵنیا ببنەوە کە لە ئەگەری بۆمبارانی مالەکانیاندا، کاتێک کەسێ جەستەی ژێرخاک و پەردووەکان دەردەکێشێ، بزانرێت کێ کچ و کوڕی کێێە.

نەبینینی ئەم ستەمە سیستیماتیک و ئاپارتایدە ڕۆشنەی کە کەمایەتییەکی هاوڵاتییان دەیانەوێ لەسەر خۆیان و زۆرایەتی کۆمەلگای فەلەستین نەمێنێ، ڕەوایەتی قەتل و عامی غەززە نادەتە دەست هیچ کەسێک.

تەنانەت ئەگەر تەرەفێکی ئەم جەنگە حەماسیش بێت.

با ئەم وێنەیە کەمێک ڕۆشنتر بکرێتەوە.

گریمان چه‌ند ڕۆژێکی به‌ر له‌ شانزه‌ی سێی ساڵی  1988و ئیسلامییه‌کانی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌له‌بجه‌ ده‌گرن و به‌عسیش به‌ هه‌موو چه‌کێک شار ده‌خاته‌ ژێر گه‌وره‌ترین ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و بۆردوومانی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه‌. بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌به‌رانبه‌ر سیناریۆیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا کام هه‌ڵوێست له‌ پله‌ی یه‌که‌مدایه بۆ تاوانبارکردنی لایه‌نه‌کانی ده‌رگیر له‌ جه‌نگدا‌: گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیی و ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ یان کیمییابارانکدنی شارێک. به‌ بڕوای من هۆی کیمیاییبارانکردنی شارێک ناخرێته‌ ته‌رازووی کۆششی سه‌ربازیی بۆ گرتنی شارێک ‌و هیچ که‌سێکی خاوه‌ن موڕاڵی سیاسیی ناتوانێت بڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه‌، به‌عسیش وای نه‌ده‌کرد. ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستی ده‌وه‌شێته‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معی سزای سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی بدات به‌وه‌ی چه‌ند هێزێکی سیاسی به‌ پێێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت شارێک ده‌گرن و ده‌وڵه‌تیش غازی کیمییاوییان به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت. ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ززه‌دا دەگووزەرێ هه‌مان شته‌.  دوو ملیۆن ئینسان خراونه‌ته‌ قه‌فه‌سێکی داخراوه‌وه‌.  به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌لاتدارێتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هیچ ده‌وڵه‌تێک به‌ ناوی لێدان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆی نییه‌ تازه‌ترین چه‌که‌کانی سه‌ر‌ده‌م به‌سه‌ر ماڵ و منداڵی ناوچه‌یه‌کی دوو ملیۆنیدا ببارێنێت که‌ ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنیشییان لێسه‌ندرابێته‌وه‌.  تۆ کاتێک وه‌ک هاوڵاتییه‌کی کورد پێتوانییه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس حه‌قی خۆی بوو شارێک کیمییاباران بکات به‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌کداری سه‌ر به‌ گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن شاره‌کەیان خستۆته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ناتوانیت پێتوابێ ئیسرائیل حه‌قی خۆیه‌تی دوو ملیۆن ئینسان بخاته‌ ژێر چه‌کی فسفۆڕیی و سه‌رتاپای پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵته‌کێنێت. یان پێتوابێت ئەمە جەنگی تێرۆریستەکانە وبا بەرببنە گیانی یەکدی.  لێره‌دا به‌رگ و ڕه‌نگی ئایدیۆلۆژی حه‌ماس و یه‌کێتی و پارتیبوون مانایه‌کییان نییه‌. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، به‌ ڕه‌هینه‌گرتنی ژیانی دوو ملیۆن ئینسانه‌ له‌ شوێنێکدا به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتدارێتی ناوچه‌که‌یه‌.

لەم گۆشەنیگایەوە سەیری جەنگی ئێستای غەززە نەکرێت، دەکرێ ببیتە بەشێک لەو لەشکرەی خەو بە نووقومبوونی غەزەوە دەبیین لە دەریادا. یان خستنە ژێر چادریان لە بیابانی نێوان میسر و ئیسرائیلدا.

بەڵام غەززە لەوێیە، چونکە بناغەکانی سەرکوت لە ئیسرائیلدا بە تەواوەتی خۆیەوە ئامادەیی هەیە.

 

http://Hamas, Israel och Palestina av Bitte Hammargren (aftonbladet.se) - 1

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×