ئایا بنچینەی کێشەی فەلەستین ئاینییە یان سیاسی؟

نەهرۆ ئیبراهیم
  2023-11-01     205

سەدان ساڵە ئەم کێشەیە هەیەو تا ئیستا کەم کەس دەستی بۆ بنچینەی راستی کێشەکە بردوە. کێشەی فەلەستین‌و ئیسرائیل لەسەدەی رابردوەوە دەستی پێنەکردوە، وەك هەندێ دەیگێرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەناوچەکە لەساڵی ١٩٤٨. ناشگەرێتەوە بۆ بەڵێنی بەلفۆر کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (ئارسەر بەلفۆر) پێش کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، بەنوێنەرایەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا، پێشکەشی رۆتشێلدی کردبوو. بنچینەی ئەم کێشەیە، زۆر لەوە دێرینترەو دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لەئیستا.

لەو کاتەوە دەستی پێکردوە، کە وەك لەپەرتوکە ئاینییەکان هاتوە، گوایە ئەو زەویە دراوە بەئیبراهیم و نەوەکانی کە دەکاتە ئیسحاق‌و ئیسماعیل. لەتەوراتدا هاتوە، پەرتوکی دروست بوون بەشی دەیەم، خودا لەو رۆژەدا پەیمانێك لەگەڵ ئیبراهیم دەبەستێ‌و دەڵێ (ئەم زەویە بەنەوەکانت دەبەخشم، لەروباری نیلەوە تا روباری فورات).

رەنگە واتێبگەن ئەم زەویەی خودا بەئیبراهیمی بەخشیوە، زەویەکی چۆڵ بوەو کەسی لێ نەژیاوە. لەراستیدا ئەو زەویە دەیان میللەتی لەسەر دەژیاو چەندین نەتەوە بەزەوی‌و زارو زێدی باوباپیرانیان دەزانی، میللەتانی وەك قەینیەکان‌و قەیزیەکان‌و هیتیەکان‌و ئاموریەکان‌و کەنعانیەکان‌و گرگاشیەکان.. هتد لێدەژیا. لە تەوراتدا ناوی دە نەتەوە هاتوە کە لە سەر ئەو خاکانە دەژیان. بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان‌و هەڵکۆڵینە ئارکیۆلۆژییەکان لەخاکی ئیستای ئیسرائیل کەنعانیەکان ژیاون. کەواتە ئەو خاکەی کە خودا بەخشیوێتی بەئیبراهیم و نەوەکانی خاكی کەنعانییەکان بوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە خودا جارێکی تر ئەم زەویە دەداتەوە بەموسا وەك لەپەرتوکی دەرچوون هاتوە لەتەورات ( پاشان یەزدان فەرمووی «چونکە من لەمیسردا ناخۆشی گەلەکەمم بینی‌و گوێم لەهاواریان بوو بەهۆی ستەمکارەکانیانەوە. ئازارەکانیان دەزانم، من هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی لەدەستی میسرییەکان ڕزگاریان بکەم‌و لەو خاکە دەریانبهێنم بۆ خاکێکی باش‌و فراوان، بۆ خاکێک کە شیرو هەنگوینی لێدەڕژێت، لەشوێنی کەنعانییەکان،... هیتییەکان‌و ئەمۆرییەکان‌و فەریزییەکان و حیسییەکان‌و یەبوسییەکان). دیسان خاکی خەڵكی تری پێبەخشین نەك خاكێك کە چۆڵ هۆڵ بێت و کەسی لێنەژیابێت، بەڵام وەك دەرئەکەوێ لەهەردوو جارەکەدا، ئەگەر هیتیەکان بەباوباپیری کورد دابنرێ ئەوە خودا خاکی کوردی پێبەخشیوون. لەپەنای خاكی میللەتانی تردا.  بەڵام لەجاری دووهەم خودا فەرمانی کوشتن بۆ جێنیشینە کۆنەکان دەرئەکات‌و بە موساش دەڵێت کە دەبێ جێبەجێی بکات. هەر بۆیە لەسەر داخوازی خودا موسا کەنعانیەکان قاتوقڕ دەکات‌و زۆریان لێدەکۆژێ. لەهەمان ئەو کاتەدا، ناوی فەلەستینیەکانیش دەرئەکەوێ.

بەبروای من ناوی فەلەستین بە پێی پێکهاتەی ناوەکەی دەبێ لەسەردەمی رۆماییە خۆرهەڵاەتیەکان بەدەستی خستبێ، هەر وەك بێزەنتین، کوستەنتین، بەڵام بەپێی پەرتوکە مێژویەکان فەلەستین لەوە کۆنترەو لەزۆر پەرتوکی مێژوویی ناوی هاتوە، دیارە فەلەستین هیچ پەیوەندی بەعەرەبەوە نیەو ئەم فەلەستینەی ئیستا زۆر جیاوازە وەك لەخوارەوە دێینە سەری. لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەك چۆن لەتەوراتدا هاتوە کە ئەو زەویە بەخشراوە بەئیبراهیم‌و نەوەکانی‌و دواجاریش دووپاتی دەکاتەوەو دەیدات بەموساو گەلی ئیسرائیل، قورئانیش ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە خودا ئەو خاکەی بەخشیوە بەموسا هەر وەك چۆن لەسورەتی مائیدە هاتوە ((٢٠) ئەی گەلەکەم، بچنە ئەو خاکە پیرۆزەی کە خودا بۆی دیاری کردوون‌و مەگەڕێنەوە دواوە، نەک هەڵگرێنەوە بەدۆڕاوی، (٢١) گوتیان: «ئەی موسا، بەڕاستی گەلێکی بەهێزی تێدایەو ئێمە ناچینە ناوی تا ئەوان لێی دەرنەچن، ئەگەر لێی دەربچن، ئەوا ئێمە دەچینە ژوورەوە)، هەروەها لەچەندین سورەتی تر هاتوە وەك اعراف و ایسراء. لێرەش خودا زەوی خەڵکی دابەش دەکات‌و فەرمان دەکات کە لەناویان بەرن. بەڵام ناوی فەلەستین لەهیچ پەرتوکێکی سەرەتایی ئیسلام نەهاتوە بەڵکو بەوڵاتی داودو بیت المقدس...هتد  ناوی هاتوە. دوای هاتنی ئیسلام بۆ فەلەستینی ئیستا خەڵکەکەی تێكەڵ بەکلتوری عەرەب دەبن و دوایش وەك زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی ئیستا دەبن بە بەشێك لەو جەستەیە. ئەوەی راستی بێت لەدەرەوەی مێژوونوسانی ئیسلامی‌و ئەدەبیاتیان تاکو سەد ساڵێ لەبڵاوبونەوەی ئیسلام کەم جار ناوی ئیسلام هاتوە، بەڵکو پێیانیاندەوت هاجەریەکان، یان نەوەی ئیسماعیل یان سەراسینەکان.  (من بۆ خۆم زۆرم لا سەیر بوو کاتێ لەیۆنان لەگەڵ یۆنانییەک قسەم دەکرد، بەئیسلامی ئەوت محەمەدیانەکان)، بەپێی پاتریشا کرۆنە و مایکل الان کۆك لەسەردەمی عبدالملك بن مەروان ناوی ئیسلام بەکارهێندراوە، بەتایبەتیش لەنەخشی مزگەوتی قبة الصخرة.

هەر وەها لە چەند سەرچاوەیەکی تریشەوە وەك (ئیسلام لەروانگەی ئەوانی ترەوە نوسینی رۆبێرت هۆیلاند)، (دەستنوسی دێر زوقنییە لەساڵی ٧٧٥ ز) دەتوانین بزانین کە ناوی هاجەریەکان یان ئیسماعیلیەکان پێشتر هەبوە نەوەك ئیسلام‌و موسڵمان، هەربۆیە دەگەڕێینەوە بۆ بابەتەکەو دەڵێین لەسەردەمی عەرەبە هاجەریەکان نەوەی ئیسماعیل لەهاجەرەوەو یەهودە ناسریەکان نەوەی ئیسحاق لەساراوە، هاوپەیمانییەکی پتەو هەبوو بۆ رزگارکردنی ماڵی پیرۆز بیت المقدس یان ئۆرشالیم  لەدەستی بیزەنتینییەکان‌و فارسەکان بەجیا. هەردووك بەرەی یەك بەرە بابن‌و ئامۆزای یەکن، هەربۆیە ئەو هاوپەیمانێتیە وایکرد چەندین جار ئەو ناوچانە ئازاد بکرێن. بەڵام لەدوای هاتنی عبد الملك بن مروان، ناسنامەیەکی تر دەدرێ بەعەرەبە هاجەریەکان‌و ناوی ئیسلام دەرئەکەوێ‌و جیان دەکاتەوە لەیەهودە ناسریەکان. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم دوو گروپە ململانێی ئەوەیانە کێ نەوەی کوڕە قوربانییەکەی ئیبراهیمە، ئاخۆ ئیسماعیلە یان ئیسحاق؟

لاتان سەیر نەبێ لەسەردەمی یەکەمی ئیسلام زۆرترین تاوتێکەرانی قورئان وەك تەبەری‌و قورتوبی‌و چەندین هاوەڵی پەیامبەر محەمەد قوربانیەکە ئیسحاقە نەك ئیسماعیل، بەڵام دوایی بەهۆی سیاسییەوە گۆڕدراوە بەئیسماعیل. هەر بۆیە کێشەکە لێرە بەدواوە دەبێت بەکێشەیەکی سیاسی تێکەڵ بەکێشەی ئایینی، هەر لەو روانگەیەوە ئەو کێشەیە هیچ کات کۆتایی نایەت تا لایەنێك هەبێت مافی ئەو خاکە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوەو بە بەخشینێکی خواوەندی بزانێت. نەعەرەبەکان ئاشتی دەبینن بەو پێیەی نەوەی ئیسماعیلن‌و مافی مڵکیەتی ئەو خاکەیان هەیە لەلایەن خوداوە، نەیەهودییەکان ئاشتی دەبینین تا واتێبگەن ئەو خاکە مافی خۆیانە بەسپۆنسەری دەقی خودایی پێیان بەخشراوە.

لەڕاستیدا هەردوو نەتەوەکە دەتوانن پێکەوە بەئاشتی بژێن لەژێر فەلەسەفەی کۆنفیدرالیزمی نەتەوەیی دیموکرات کە فەیلەسوفێکی کوردی زیندانی، مانیڤیستۆی کردوەو پێشکەشی مرۆڤایەتی کردوە، نەك هەر ئەوان بگرە تەواوی مرۆڤایەتی دەتوانێ هەناسەی ئازادی‌و ئاشتی‌و پێکەوەژیان بدات لەژێر پیادەکردنی ئەو فەلسەفەیە، بەڵام بەو پێییە دژی خواست‌و پلانی فراوانخوازی دەوڵەتانی سەرمایەدارو نیۆلیبرالیزمە ئەوە بەشۆڕشی گەلان نەبێ نایەتە دی. گەلان دەبێ هۆشیارانە، درکیان بگات بەئاستی کۆمەڵگای دیموکراتی‌و پێکەوە ژیان، دوور لەخواستی دەوڵەت‌و ناوەندەکانی دژ بەمافی ئازادی گەلان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×