هەوەسی خۆنواندن و دەركەوتن

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-02-06     396

مرۆڤ زۆر كات بەدەست دەردێكی سەیرەوە دەناڵێنێت كە پڕە لە دەگمەنی و دژیەك بوون، حەزو ئارەزووەكانی سنوریان نیە و كۆتاییان نایەت، ئەوانی تر سڕ دەكات لەپێناو ئەوەی خۆی بە تەنها یەكەم بێت و جێی بایەخ و گرنگی و سەرنج ڕاكێشانی هەمووان بێت.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە لەژیانی ڕۆژانەی تاكەكانی كۆمەڵگەدا ئەوەیە: هەمووان هەوەس و ئارەزووی دەركەوتن و خۆنواندن و گرتنەپێشەوەی دیمەنە گشتیەكە دەكەن، جا ئیتر لە لەڕێی جل و بەرگ و پۆشاكەوە بێت، یان لەڕێی دیكۆر و جوانی ڕواڵەتەوە بێت، یان لەڕێ ی سەرو سیماو مۆدێلی قژ بڕینەوە بێت، یان لەڕێی ووتارو دەربڕین و قسەكردنەوە بێت، یان لەڕێی زانست و مەعریفەوە بێت هەتا دوایی....

مرۆڤەكان بەشێوەیەكی سەرنج ڕاكێش هەریەكە و بەشێوەیەك كێ بەركێ دەكەن و هەوڵی ئەوە ئەدەن لە دیمەنەكاندا، لەڕووداوەكاندا، لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا، لە سەردان و گردبوونەوەكاندا، لە پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكاندا ناوو ناوبانگ و ڕیزی پێشەوە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن بە تایبەت ئەگەر فلاشی كامێراكان ئامادەی گواستنەوەی ڕووداو و دیمەنەكان بن!

گومانی تێدا نیە ئەوەی گیرۆدەی ئەم هەوەس و ئارەزووە بووە گیرۆدەی ئافەتێكی تر دەبێت كە دەروونناسەكان پێی دەڵێن: (تصنع) واتە: خۆدەرخستن و نواندنێكی درۆزنانەی دەست ئەنقەستی دوور لەڕاستی، بۆیە هەندێ جار ئەم كەسە ئامادەیە پارە و سامان، یان بەخشش، یان هەر ئیمتیازێكی تر پێشكەش بكات تەنها لەبەرئەوەی ببینرێ و دەربكەوێ!

ئیتر بەمەش لە سروشت و ماهییەت و ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی خۆی دەردەچێت تەنها بۆ ئەوەی وەك پاڵەوان، یان وەك سەرۆك و سەركردەیەكی بێ وێنە ببینرێ، یان وەك مەلاو زاناو مامۆستاو كەسێكی كاریگەر دەربكەوێ و بناسرێ كە هەمووان خۆشیان دەوێ و گوێی بۆ دەگرن!

هەندێك پێیان وایە حەزی خۆدەرخستن و دەركەوتن یەكێكە لە سیفەتە سروشتیە ئاساییەكانی مرۆڤ و هیچ پەیوەندییەكی بە ڕەگ و ڕیشكی كەسایەتی ڕاستەقینەی مرۆڤەكانەوە نیە، لە كاتێكدا دەروونناسەكان ئەم جۆرە ئارەزووە بە یەكێك لە گرێ دەروونی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان پۆلێن دەكەن و، پێیان وایە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پێكهاتەی تاك و كەسایەتی و جۆری پەروەردە و ژینگەی كۆمەڵایەتیەوە هەیە!

بەهەرحاڵ ئەم حاڵەتە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی هەیە بە تایبەت لەم قۆناغ و سەردەمەدا كە ئەم جۆرە كەسانە چینێكی بەرفراوانی كۆمەڵگە پێكدەهێنن و ژمارەیان ڕۆژ بە ڕۆژ لەزیادبووندایە!

لەگەڵ بەربڵاوی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و پەرەسەندنی ئامڕازەكانی پەیوەندی و سۆشیال میدیا و، هەیمەنەكردنی كەناڵەكان و كامێراكان و وێنەكان و گواستنەوە و گەیاندنە ڕاستەوخۆ و زیندوەكان وەرچەرخانێكی گەورە و خەیاڵی ڕووی لە مرۆڤەكان كردووە و، هەموو گوفتارو كردارو بەرهەم و جوڵەیەك بەوێنە گرتنەوە پەیوەست كراوە هەر لەبەرئەوەی ببێتە قسەو باس و ویردی سەر زمانی دەوروبەرو ئەوانی تر!

مەعلومە لەڕابردوودا وێنەگرتن بۆ یادگاری و یادەوەری بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم هەوەس و ئارەزوەوە بۆ دەركەوتن و خۆنواندن و خۆناساندنە!

ئێمە ئەگەر لەم دیاردەیە وورد ببینەوە وا دێتە پێش چاومان وەك ئەوەی ڕەشەبا و گەردەلولێكی توند پاڵ بەم جۆرە مرۆڤانەوە بنێت بەرەو ئەم جۆرە حەزو ئارەزوو هەوەسەوە بڕۆن.

حەزكردن لە دەركەوتن ئەگونجێ ئەندازەیەك تینویەتی ناخ و دەروونی مرۆڤ بشكێنێ و ئەو هەوەسە دامركێنێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا وەك بیرمەند و فەیلەسووف و زاناكان و دەروونناسەكان دەڵێن ئەمە نیشانەی بۆشاییەكی گەورەی ڕۆحی و ناخی مرۆڤە، چونكە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە ناخە پاكەكان و ڕۆحە بەرزو بڵندو گەورەكان هەمیشە بیریان لە گەشەی ڕۆح و عەقڵ و هزرو تۆخكردنەوەی خەسڵەت و بەها باڵاكانە و، بەم جۆرە حەزو ئارەزووە كاتی و ڕواڵەتی و لابەلایانە ناخەڵەتێن و فریو نادرێن و دانابەزنە ئەم ئاستە نزمە لە حەزو ئارەزووە دەرونیە كاتیەكان كە هیچ مەقام و دەست كەوت و شكۆو گەورەیی و داهاتوویەكیان بۆ مرۆڤەكان تێدا نیە!

كارەساتە كاتێك مرۆڤ هەموو هەوڵ و كۆشش و گوفتارو كردارێكی لەپێناو تێركردنی ئارەزووی دەركەوتن و شۆرەت و خۆناساندن بێت، چونكە مرۆڤ بەم جۆرە تایپ و فۆڕم و بیركردنەوەوە لە مرۆڤایەتی سروشتی و ڕاستەقینەی پاك و خۆڕسكی خۆی دەردەچێت و، دەبێتە ژێردەستەو دیلی ئارەزووەكانی و، تێربوون نازانێت تەنها بە دەركەوتن نەبێت لە دیمەنە گشتیەكەدا.

گومانی تێدا نیە كە هیچ كەسێك ئارەزووی فەوقییەت و دەركەوتن و خۆنواندن ناكات تەنها لە حاڵەتی هەستكردنی نەبێت بە كەمی و لاوازی و بۆشایی ڕۆحی و ناخ و ناوەوەی خۆی! بۆیە ئەمە پاڵنەر دەبێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات بەم حەزو ئارەزووە بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە و خۆی ڕزگار بكات!

ماوەتەوە بڵێم: ئێمەی مرۆڤ لەم كات و زەمەن و چەرخە جەنجاڵەدا كە ڕۆتین و ڕواڵەت و شەكلیات ئاڕاستەو تەحەكوممان دەكات و، چەندان ئافەت و كێشە و دەردو ئارەزووی دەروونی ڕووی تێ كردووین و سەرەپای ژیانمانی داگیركردووە، پێویستە لەسەرمان بەخۆدا چوونەوەیەكی ڕاستەقینە بەخۆماندا بكەینەوە و، جارێكی تر سیاغە و داڕشتنەوەی ژیان و كەسایەتی خۆمان بكەینەوە و، خۆمان لەڕووی ڕۆحی و عەقڵی و مەعریفی و پەروەردەییەوە دەمە زەرد بكەینەوە، تاوەكو بەكردەوە ببینە مرۆڤێكی ساغ و تەندروست و بەرهەمدارو كاریگەر لە كۆمەڵگادا، مرۆڤێك دوور بێت لە نیفاق و هەوەس و ئارەزووە دەروونیە نزمەكان و، بە بەها بەرزو خەسڵەتە جوان و ئامانجە گەورەكان ڕازابێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×