زللـەیەكی توند لەكوردو كوردایەتیی

عەلی سیرینی
  2024-03-21     286

ئایدیۆلۆجیای ئادیابین شەقێكی قوڕسی لە ڕووی كورد و كوردایەتیی دا

 

بە كورتیی، ئەم زنجیرە دڕامایە بێ سەروبەر و پڕ لە هەڵەی هونەریی و تەكنیكیی، كارێكە، زۆر خێرا كراوە و تێپەڕێنراوە. ئەگەر دابنیشین، هەڵەی ئەم دڕامایە باس بكەین، بۆ هەر ئەڵقەیەك، پێویستیمان بە وتارێكی دوور و درێژ هەیە. بەڵام، ئەمە ئێستا گرنگ نیە و كاتیش بۆ ئەمە نیە. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە پرسیار بكەین، پەیام و ئامانجی سەرەكیی ئەم بەناو دڕامایە چیە؟ وەڵام: پەیام و ئامانجی دڕاماكە لە ناوەكەیەتی. ئادیابین ناوی ئەو حوكمڕانیە ئۆتۆنۆمیەیە كە لە نێوان ساڵانی 15 تا 116ی زایینیی لە هەولێر سەری هەڵداوە. حوكمڕانیەكە گوایە وەسەنیی (داروبەرد و سروشت پەرستن) بووە، دواتر شاژنێك بە ناوی هیلینا بووەتە جولەكە و لێرەوەشە شوناسی جولەكایەتیی بۆ زیاد دەبێت. بە پێی سەرچاوەكان، خەڵكانی ئادیابین لە سریان، ئاشوریی، ئەرمەن، عەرەب و یۆنانی پێك هاتووە. ئەم مەملەكەتەش لە ژێر حوكمڕانی فارس دا بووە.  لە نزیك و دوور، باسی كورد لە "مێژووی" ئادیابین نیە!

ئێستا خاوەنی بیرۆكە و چیڕۆكەكە، هاتووە، ئەم "مێژووە" دێنێتەوە سەر باس و خواس، بۆ پێداگرتن لە سەر ئایدیۆلۆجیای شوناسی سریانیی-ئاشوریی-جولەكایەتیی شاری هەولێر (سەرنج بدەن جولەكەی تێهەڵكێشكراوە وەك هەوڵدانێك بۆ دۆزینەوەی پشتوپەنا)! هەر لە ئەڵقەكانی سەرەتا، كورد وا وێنا كراوه، كە لەم شارە غەریب، هاوردە، بێ ڕەگوڕیشاڵ، ترسنۆك و ئامادەی ڕاكردنە! سمكۆئاغای شكاك، بە خائین ناسێنراوە، ماڕ شەمعونی كوردكوژیش وەك پاڵەوان. جولەكەیەكیش، لە قەڵای هەولێر بە دوای تەوڕاتەكەیدا دەگەڕێ! پەیامەكەش ئەوەیە كە ئەم شارە هی جولەكە و سریان و ئاشورییە (ئاشورییەكان لە دونیای ئێمە نەماون و وەك دیناسۆر لە نێو چوون). ئەوەی بەم كارە هەڵساوە كەسێكە كورد نیە و لە ناو لایەنێكی كورد، كە ئێستا سەنگەری كوردایەتیی گرتووە و هێرشێكی هەمەلایەنەی لە سەرە، دوو پۆستی باڵای هەیە، لە كاتێكدا خەڵك بێ كار و بێ موچەیە. ئەوانەی لافوگەزافی شوناسی ئاشورییبوون بۆ خۆیان لێدەدەن، تەنها شوێنی ئایدیۆبۆجیایەك كەوتوون كە لە وەهم بەولاوە شتێكی تر نیە! ئەم ئایدیۆلۆجیایە لە سەدەی نۆزدەمەوە خراوەتە سەریان، لە ئەرزی واقیعدا، پەیوەندیان بەم ناوە نیە كە زیاتر لە 2700 ساڵ لەمەوبەر بە خاك سپێردراوە.

ئەم كارە وەك دۆكیومێنتێك دەمێنێتەوە، بەهای خۆی لەوە سەرچاوە دەگرێت، كە لایەنێكی كورد دەریهێناوە و پێی ڕازی بووە. دوای دەیان ساڵ وەك بەڵگەنامە دەمێنێتەوە و بە ڕووی كورددا دەدرێتەوە. بێگومان، لەم بێ موچەیی و باری شپرزە و لاری خەڵكی هەرێمی كوردستان، حەیف و مخابن، ئەم لایەنە كوردە هەڵساوە بە دانی ملیۆنان دۆلار بەم كەسە، كە هاتووە تیرۆری شوناس و مێژووی كوردی كردووە، و زللـەیەكی توند و زیرەكانەی لە دەموچاوی كورد و كوردایەتیی داوە!   ئایا مەعقولە كارێكی لەم جۆرە بەسەر حزبێك تێپەڕ بێت تەمەنی نزیكەی هەشتا ساڵە؟! من ئامادەبووم، خۆبەخشانە، بەم كارەدا بچمەوە. ئایا پێداچوونەوە بۆ ئەم كارە كراوە؟ یان نەكراوە؟ بەهەر دوو سەر وەڵامەكە كارەساتە!

دیسانەوە ڕووی پرسیار لەم لایەنە دەكەم، كوا پێداچوونەوە و كۆنتڕۆڵ و چاودێریتان بەسەر ئەم كارە؟! خۆ تێپەڕبوونی ئەم دڕامایە بەسەرتان، زۆر مەترسیدارترە لە تێپەڕبوونی هەزاران تۆنی ماددەی هۆشبەر؟! بۆ پارە هەڵدەڕێژن بۆ كەسێك دژی كورد كار دەكات؟ بۆ ئەم كارەتان بە كەسێكی كورد نەسپارد؟ ئەگەر كەستان نیە، من لە ساڵی 2006وە تا ئەمڕۆ چەندین جار پڕۆژەی جیام پێشكەشكردوون، لەمانە، پڕۆژەی سینەما و فیلم، كە بە دەستی باڵاترین كەسانی ئەم لایەنە گەیشتووە، ئەی بۆ ئەم پڕۆژەتان پشتگوێ خست و ئاوڕێكتان لێی نەدایەوە؟! بەداخەوە ئەم كارە بەناو هونەریە، خۆكوژییەكی تەواوە، بە پارەی خۆ و بە وزەوتین و ڕۆڵەی خۆ!

كوردبوون، لەم سەردەمەدا، چەند قوڕس و كارەساتە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×