بزوتنەوەی گۆڕاو؛ گۆڕانەکەی دوای کاک نەوشیروان

تانیا کورد میرزا
  2019-03-01     1226
  ئەو بەرنامە جوانەی کە بەسەرکردایەتی کاک نەوشیروان دانرا، بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی جێبەجێی بکات. هەرچەندە لەمەراسیمی بەخاک سپاردنی کاک نەوشیروانداو لەچەندان بۆنەی تریشدا سەرکردەکانی گۆڕان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لەڕێبازی ئەو لانادەن تومەز ئەم هەمو باس کردنە لەلانەدانی ڕێبازەکەی لەترسی لادانی بووە!

بزوتنەوەکە نەیتوانی پا بەرەو بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکارییانە بەرزبکاتەوە کە باسیان لێوەدەکرد، بەڵام لەبری ئەمە توانی شتێکیتر بکات، ئەویش؛ خۆی بگۆڕێت، توانی لەبزوتنەوەی گۆڕانەوە خۆی بکاتە بزوتنەوەی ئیسڵاح. هەر گۆڕانکارییەک لە بەرنامەو کاری حیزبێکدا پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانە بێت کە لەسەری دامەزراوەو ئیدیعای بۆ کردووە، گۆڕانکارییەکە پاشەوپاش.

جەوهەری ڕێککەوتنی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا (چاکسازیی لەدامودەزگاکانی حوکمەتدا و باشکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان)ە، بەڵام ئەم خاڵە پێویستی بەوە نەدەکرد ئەم بزوتنەوەیە بۆی بچێتە ناو ڕێککەوتنەوە، لەبەرئەوەی هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئەمە دروشمی خودی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو(جێبەجێی دەکات یان نا ئەوە بابەتێکی ترە و چاوەڕوانی دەوێت)، کەواتە ئەمە نابێتە دەستکەوت بۆ بزوتنەوەکە لە ئەگەری جێبەجێکردنیشیدا.

لەلایەکیترەوە چاکسازی بەر لەبوونی ئۆپۆزسیۆنیش لە سەرجەم دامودەزگاکانی کوردستاندا، زۆرنا و کەم هەر کراوە و بینراوە؛ لوتفی فەرمانبەرێکی دڵسۆز بە کارەکەی، کارگوزارێک کە بێجگە لە خاوێن ڕاگرتنی فەرمانگەکە لە خەمی گوڵەکانی بەردەم بەڕێوەبەریشدایە، وەلانانی ڕۆتینی ڕۆژانە لەبەر خاتری سەردانیکەران و زۆرشتیتریش چاکسازین. 

هەموو چاکسازییەک گۆڕان نییە، وەک چۆن هەموو گۆڕانێکیش چاکسازی نییە. چاکسازی تەنیا کوتێکی بچوکە لەناو پڕۆسەی گۆڕینی سیستمی سیاسییدا، دەکرێ شتێک لە ژیانی خەڵک باش بکات بەڵام ناتوانێت گەرەنتی سیستمێکی مۆدێرن و تەنک لە ڕۆتین پێشکەش بکات. هەرچی گۆڕانیشە مەرج نییە هەمووجار چاکسازی بێت، لیبیا، میسر، یەمەن گۆڕانیان بەسەردا هات وەلێ ئەو گۆڕانە نەیتوانی چاکسازی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئایا واژۆ کردنی هەموو بەڵگەیەک ڕێککەوتنە؟
دوولایەن کە لە هێزدا(بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین مەبەست لە هێزی چەکدارە)، لە ئابوریدا، لە ژمارەی دەنگدەر و کورسیدا تەواو نزیک لەیەک، لەمانەش گرنگتر لە بەرنامەی کاریاندا، لە پلانیاندا بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات و ئەو ئامانجانەی کە حیزبەکەی لەسەر دامەزراوە دەبێت بچنە ڕێککەوتنێکەوە. ئەگەر هاتوو دوولایەن کە ئەم مەرجانەی سەرەوەیان تێدا نییە، یان بەرنامە و کاری حیزبەکانیان، ئامانجەکانیان دوورن لەیەک، یان زۆرجار پێچەوانەشن گەرچی واژۆی چەند بەڵگەیەکەیش بکەن لەنێوانیاندا ئەوە بە رێککەوتننامە لەقەڵەم نادرێت.

بەڵێ، دوولایەنمان دەبێت بەڵام لایەنێک کە دەکرێت خۆی ناوبنێت ڕێککەوتوو، لایەنەکەیتریش ڕێککەوتنپێکراو. لە ڕێککەوتننامە سیاسیەکاندا، هێز، کورسی و قوەت، گەرەنتی جێبەجێکردنی خاڵەکان بۆ ئەو لایەنە دەکات کە واژۆی بەڵگەیەکی لەوجۆرە دەکات. هەر بۆیە ئەم بەڵگەنامەیە ناوی لێکتێگەیشتنە بۆ بزوتنەوەکە، بۆ پارتیش ناوی ڕێککەوتنە.

ئایا حیزبێک کە ئۆپۆزسیۆنە بۆی نییە بچێتە ناو رێککەوتنە سیاسیەکانەوە؟
لە دنیای سیاسەتدا وا باوە کە؛ ئەو حیزبانەی کە ئۆپۆزسیۆن نین، لەگەڵ حیزبیتردا بەرنامەی کاریان لەیەکەوە نزیکە یان لانیکەم دژ و پێچەوانەی یەک نییە، دەچنە ناو هاوپەیمانیی سیاسییەوە، لە پەرلەمان هاوپەیمانی دروست دەکەن و دەسەڵات دەگرنە دەست. 

هەرچی ئەو حیزبانەن کە لەبەرەی ئەوبەردان و نەیاری ئەو جۆرە لەدەسەڵات و سیسستمەن کە هەیە، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات (بەتەنیا یان لەگەڵ حیزبە دەستەخوشکە ئۆپۆزسیۆنەکەنیاندا)بەمەبەستی چەسپاندنی بەرنامەکانی خۆیان ڕێکدەکەون، گفتوگۆ دەکەن و لێکتێگەیشتنیش واژۆ دەکەن.

بەدەر لەمە کاتێک حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن دەچێتە ناو دەسەڵاتەوە، پەل ئەکوتێ بۆ گەیشتن بەوەزارەتێک، بەدەستهێنانی دەستەو ژمارەیەک پۆست ئیتر ئەم حیزبە دەوەستێت، تاقە جوڵانەوەیەکی کە دەیمێنێت بەئاڕاستەی کوتکردنی خۆیەوەیەتی.

لەڕاستیدا کوردستان ئێستا زیاد لەهەموکات پێویستی بەڕێککەوتننامە، لێکتێگەیشتن و گفتوگۆیە، قسە لەسەر ئەوە نییە کە ڕێکنەکەوتن باشتر بێت لەڕێککەوتن، بەقەدەر ئەوەی قسە لەسەر جوڵانەوەی حیزبێکە بە پێچەوانەی خۆی!

بزوتنەوەی گۆڕانی جاران بەتەواوی دژ بە بەڕێوەبەردنی کوردستان بوون لەسەر بنەمای (ڕێککەوتنی سیاسی)و هەر ئەمەش هۆیەکی سەرەکی بوو کە سەرۆکی پەرلەمانەکەی کێشەی بۆ دروس ببێت، بەڵام ئێستا هەر ئەم بزوتنەوەیە هیچ گوێی نەداوە بەم پرنسیپەی خۆی، بەبێ گوێدانە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو زیانانەی لەپوکانەوەی حیزبێکی تۆکمەی وەک ئۆپۆزسیۆن لەدایکبوودا بەری دەکەوێت، هەرچیەکی پێ بکرێ دەیکات بۆ چەسپاندنەوەی هەمان بۆچوونی باوی خێڵەکی لەناو سیاسەتدا. دەبێت ئەم بزوتنەوەیە لەخۆی بپرسێت؛  ئەو دەمیش هەمان عورفی سیاسی باوی بۆ پەیڕەو نەکرد؟ ئەگەر ئێستا باوەڕی پێیەتی ئەو دەم چۆنە نەیان بو؟ ئایا دۆخی ئێستای کوردستان ناهەموارترە لەوکاتە؟

ئەم بەڵگە واژۆکراوە ڕاستە دوولایەنی تێدایە، بەڵام تەنیا یەک لایەن براوەیە تێیدا کە ئەویش؛ پارتی دیموکراتی کوردستانە. هەرچی بزوتنەوەکەشە، هەرچیەک بەدەستبهێنێت دەبێت لەچارەسەری خۆیدا، کە ئیدی لەمەحاڵ نزیک بووەتەوە، دایبنێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×