سیاسییە بێ شەرمەکان!

شەپۆل عەلی عەسکەری
  2019-06-04     1226
مێژوی بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی کورد بەکۆمەڵێ هەورازو نشێودا ڕۆیشتوە لەهەر چوار پارچەکەی کوردستان بەبێ جیاوازی‌و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ئەم بزوتنەوانە  پێکهاتبوون لەمرۆڤی خاوەن بیرو بۆچون‌و ئایدۆلۆژیای جیاواز   لەهەمانکاتدا ئەم مرۆڤانە لایەنی دەرونی‌و فەسلەجی جیاوازیشاین هەبو هەیە وەک حاڵەتێکی سروشتی مرۆڤ، تیایاندایە پاک‌و دڵسۆزو خەمخۆر ڕەوشت بەرز خاوەن هەڵوێست‌و بۆچوونی بەرز بۆ ڕزگاری خاک‌و نیشتمان‌و بەڵام بەداخەوە لایەنێکی ڕەشی تێدایە شان بەشان دڵسۆزەکان خەڵکانێکی   ١٠٠٪ پێچەوانەی بەرانبەرەکانیانن.  

ئەوەی زیاتر جێی داخە کورد ووتەنی " کێ ئەیکا و کێ ئەی خوا " ئەمانەن کە هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ڕوخان و تێکدانی ئەوەی هاوڕێکانیان بنیادیان ناوە  کار و وویستی ئەمانە خۆی لە یەک شتدا دەگرێتەوە ئەویش "بەرژەوەندی خودی خۆی وبەس" کێشە نیە بەلای ئەوانە نۆکەرایەتی دوژمن بکات یا کار ئاسانی بۆ تێکچوونی بارودۆخێک وخیانەت و دزی لەم بارودۆخەی ئەمانە ئاسانترین کارە کە بیکەن ئەم جۆرە سیاسیانە پێان ئەوترێ سیاسی بێ شەرم،  لەبەر بێ شەرمێکەیان و پێشئەوەی کە دەست بە کارە قێزونەکانیان بکەن جۆرەها جۆر پلان دادەنێن یا خود بۆیان دادەنێن بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات و هەنگاوەکان یەک لە دوای یەک دەنێن و فەزایەک بۆ خۆیان دروست دەکەن کە خەڵکانێکی زۆر بڕوایان پێ دەکەن و فەریادڕەز و پاڵەوان ناویان دێنن، لەو حاڵەتەدا دەزانن کە  بارودۆخیان لە بارە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان و پاراستنی خۆیان و بنەماڵەکانیان.

لەدوای ناوەڕاستی شەستەکانەوە ململانێەکی سەخت سەری هەڵدا لەدوای ساڵانێک لەقوڵپەی ڤایرۆسی دەسەڵات وسەرۆکایەتی حیزب، بو بەکێشەیەکی گەورەی لەنێوان دووکەسایەتی ناو پارتی  دواتر بەدو بەرە ناسراو دەستی پێکرد وتا ئەمڕۆ میللەتی کورد پێوەی ئەناڵێنێ، پڕشکی ئاگری ناکۆکی نێوان ئەم دو بنەماڵە تەنها لەباشور نەمایەوە بەڵکو تەشەنەی کردو پارچەکانی تریشی گرتەوە بەداخەوە ئەم دو بنەماڵەیە بونە ڤایرۆسێکی خۆێناو‌و بون  بەهەوێنی برا کوژی لەوڵاتدا  لەنێوانیاندا بەهەزارەها گەنج‌و خەڵکانی تێکۆشەر بونە  سوتەمەنی، دوای ئەوەی یەکتریان بۆ لەناونەبراو بەهەوڵی چەندین کەسایەتی توندرا کە دو باڵەکە یەک بگرنەوە تا ساڵی ١٩٧٥.     
   
دوای ئەوەی کە  لە ١٩٧٥ کە کورد بۆ یەکەم جار یەک دەنگ‌و یەک ڕەنگ بو خاوەن چەك‌و بڕوایەکی بەرز بوو بوە قوربانی سەرکردەیەک هەمو غەم‌و وستی ئەو مانەوەی خۆی‌و بنەماڵەکەی‌و ئەو بڕە پارە زۆرەی کە دەستیکەوتبوو بەدەست ماچکردنێکی شای ئێران هەمو خەونو ئارەزوو خوێنی شەهیدانی کردە قوربانی خۆی و بنەماڵەکەی و بەئاشبەتاڵێک چرایەکی پڕشنگداری کوردایەتی کوژاندەوە.    

سەیری یەکێتی  دوێنێ و ئەمڕۆ چ جیاوازیەکی گەورە بەسەریا هاتووە، حزبێک خاوەنی هەزارەها شەهیدو جێ دەستی لەهەر چوار پارچەی کوردستان دیار بو ببوە نموونەی خەبات‌و تێکۆشان ئەمڕۆش بوونەتە حزبێکی لۆکەڵ کە تەنها لەبەشێکی هەرێم خۆیان قەتیز کردوە کۆمەڵێ  خاوەن بەرژەوەندی تایبەت لەلوتکەی دانیشتون‌و بڕیار لەئەمڕۆو ئایندەی ئەدەن. باسی پارتی ناکەیەن لەبەر ئەوەی ئەوان لەئەوڵەوە بەمجۆرە هێناویانە. 

لەساڵی ٢٠٠٢ەوەو بە تایبەتی لەدوای ڕێکەوتنە ستراتیجێکەی نێوان تاڵەبانی‌و بارزانی یەکێتی بەتەواوی چارەنووسی خۆی خستە ژێر دەستی پارتی‌و دواتر پاش سەردانی تاڵەبانی بۆ سەر قەبری مەلا مستەفاو ئیدریس‌و پەشیمانی‌و بێئاگایی خۆی لەسەر هەموو بەسەرهاتەکانی ڕابوردو ڕاگەیاند، لەوکاتە هەمو ئەو کەسانەی لەبیرچو کە بونە سوتەمەنی مانەوەی هەردو بنەماڵەو دەوڵەمەندبونیان لەسەر خوێنی هەزارەها تێکۆشەرو هەزارەها منداڵیان بێ باوکرد لە نێوانیاندا لەو کاتەوە سیستمێکی نوێ لەسیاسەت دەستیپێکرد. 

ئێوە شەرمتان لەمیللەت نەکرد لەوکاتەی کە شەڕی برا کوژیتان دەستپێکردەوە، شەرمتان لەکەسوکاری شەهیدان نەکرد کە لێتان پاڕانەوە کە چیتر مەبن بە باعسی نەهامەتی زیاتر و جەرگسووتانی دایکانی دیکە لەوە زیاتر کە جێی شەرمەزاری بوو کە بە شەقی ئەمریکا دانیشتن دوای گوێڕاکێشان و ترسی لە دەستدانی پایەی خۆتان ناچار ڕێکەوتن بەڵام   دایکی شەهیدان هاتن بۆلاتان شەرمتان لەوان نەکرد بەڵام ملتان بۆ  مادلن ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانەواند..! 

ئێوە ٣١ی ئابتان کرد سەدامتان هێنایەوە بۆ سەر خاکی ڕزگارکراو، بەمەش نەوەستان (تورکیا و ئێران)تان هێنا، هەر سوودی نەبوو شەرمی ئەوەتان نەکرد کە بە درێژایی ٣٥ساڵ حوکمرانی سەدام نەیتوانی میللەت جیابکاتەوە بەڵام ئێوە ئەمەشتان کرد کردتانە ئەمبەر دێگەڵە و ئەوبەر دێگەڵە، شەرمی دەستبەسەراگرتنی بیرە نەوتەکانی هەرێم و دابەشکردنی سەروەت و سامانی وڵات بەسەر خۆتاندا ،مرۆڤ نازانێ باسی چی لە شەرمەزارێکانتان بکات لە دزینی داهات و بڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ نیوە یا بە  ڕفراندۆمە بێ بنەماکەی بارزانی یا ١٦ی ئۆکتۆبەری نەوەکانی تاڵەبانی یا لاوازی و کەم تەرخەمی ئۆپۆسیزێۆن یا شەرمەزاری لە دەستدانی هەموو ناوچە دابڕاوەکانی هەرێم  خەڵک نازانێ کە ڕێکنەکەوتنی ئێوە لەسەر پارەی نەوت ئەو ناوچانەتان لە دەستدا واتان کرد کە حەشدی شەعبی سووکایەتی بە کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچانە بکات،و تازەترین شەرمەزای بارودۆخی کەرکوکە و سووتانی دەغڵ ودانی جوتیاران و تەقینەوەکانی دوێنێ شەوو٣٠-٥-٢٠١٩.   
 
سنووری تەماعتان نازام گەیشتۆتە لوتکە یا هێشتا ماوتانە لەوە زیاتر کاولی بکەن ،هەموو هێڵە سوورەکانتان بەزاند و نرختان بۆ هیچ شتێک نەهێشتەوە و ناخی گەنجەکانتان شکاند پیش بە ساڵاچووەکان ئەمڕۆیەکی شکستخواردووتان بە دیهێنا و بەرو ئاسۆیەکی نادیار ئەم میللەتە بەڕێوە دەبەن ،لیرەدا دەبێ ئیستێک بکەن تۆزێک بیر بکەنەوە شەرم بتانگرێ ئەگەر بۆ جارێکیش بێ چونکە بەڕاستی سیاسەت ئەگەر ڕەوشتی تیا نەبێ دەبێتە جەنگڵستان ووەک ئێستا کە ئێوە بەرپایدەکەن بێ بەرهەم دەبێ لە نەهامەتی زیاتر هیچیتر نابێ.

ئه‌مڕۆش ئەو ناکۆکی و قسە و قسە لۆکانەی کە لە میدیاکانەوە بە یەکتری دەڵێن هەمووی قسەی بێ ئەرزشن هیچ قورسای نیە و بڵقی سەرئاون لە بەر ئەوەی هەموو میللەت لێتان شارەزا بووەو دەزانن کە کەستان ئامادەنین واز لە بەرژەوەندیە تایبەتێکانی خۆتان بهێنن بۆ هیچ مەبەستێک لەبەر چاوی ڕەشی یەکتری نا بەڵام لە بەر قەبارەی دەسکەوتە مادێکان لە کۆتایی ئەم درامایە  ڕێکەوتنێک واژۆ دەکەن ئەیخەنە خانەی بەرژەوەندی میللەتەوە وەک هەموو جارێک میللەت قەرزاربار دەکەن.  
ئێستا بۆتان دەرکەوت کە ئێوە سیاسی بێ شەرمن...!  

 
 
  
        
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×