كە سەفەر دەكەی؟

رێبوار سیوەیلی
  2019-09-06     943
1. بۆچی وشەی (سەفەر)ی عەرەبی، جێگەی وشەی (گەشت)ی لە زمانی ئێمەدا گرتۆتەوە؟! لەم گوزارەیە ڕادەمێنم.

2. وشەی سەفەر بەردەوامیی تێدایە. چالاكیی و جوڵەیەكی بەردەوامە، كە بیرۆكەی وەستانت بیر ناخاتەوە. كەچی وشەی گەشت، بیرت دەهێنێتەوە، كە كۆتاییەك و گەیشتنێك هەیە. ئەگەر بمانەوێت وشەیەكی كوردیی گونجاوتر بۆ سەفەر بەكار بهێنین ڕەنگە (گەڕان) و گەڕیدەیی زۆر لەبارتر بن.

3. گەڕانیش درێژەی هەیە و گەڕیدە ڕێبوارێكی هەمیشەییە. ئەوەی دەگەڕێ، یەك هەوارگە و شوێنی حەوانەوەی نییە. ئەو شوێنەكان و هەوارەكان و مەنزڵەكان ئەزموون دەكات، لە هەر شوێنێ ئاهێكی حەوانەوە و لە پاش هەر پشووێك، هەنگاو بەرەو جێگەیەكی دیكە.. ئەو بەردەوامە..

4. دەگەڕێم، بەمانای دەڕۆم و دێمەوە هەمان شوێن. دەگەڕێم، واتە دەڕۆم و دەگەڕێمەوە..

5. ئەمە ڕێی ئەوەت لێدەگرێت كۆچ بكەیت! ئازاری كۆچ بڕانەوەی نییە، چونكە كۆچ دەرگا لەسەر گەڕانەوە دادەخات. كۆچ، هەڵكەندنە لە شوێنێكەوە بۆ نیشتەجێبوونەوە لە شوێنێكیتر، بەبێ ئەوەی هیچ گەرانتییەك هەبێت بۆ حەوانەوە..

5. من كۆچمكرد و ئاوارەی كردم، گەڕامەوە و هەرگیز نیشتەجێ نەبوومەوە، ئەمەش جیاوازیی نێوان گەڕان و سەفەر، یان كۆچ و گەڕیدەییە. كە كۆچ دەكەیت، وا دەزانیت نیشتیمان تۆی ناوێت، كە سەفەر، یان دەگەڕێی، نیشتیمان وەك شانازییەك لەگەڵ خۆت دەبەیت..

6. من دەگەڕێم، كەواتە هەم.

7. كەواتە من ماڵیی بوومەوە. بۆیە دەگەڕێم، بۆیە بۆ هەر شوێنێ بچم، شانازیی بەوەوە دەكەم لە كوێوە هاتووم.. چونكە دەزانم، لە هەر شوێنێك خراپ باسی ئەو شوێنە بكەم، كە نیشتیمانمە، لەو شوێنەش بەچاوی نزم تەماشام دەكرێت..

8. ڕێزگرتن و خۆشویستنی نیشتیمان، پێوەری پێشوازیكردنی ئەوانیترە لە تۆ..

6/9/2019
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×