متمانە لەعادل مەسەننەوە!

بەختیار شاوەیس
  2019-09-10     158
بەھیچ شێوەیەک ئەم وتارە سۆزی تایبەتی‌و بەرژەوەندی شەخسی ناینوسێتەوەو کەمترین پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆک وەزیران نیەو نەبوە. بەڵام ئەوەی کە لەم ڕۆژانە دەگوزەرێ سەبارەت بەپرسی سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەھدی شتێکی عەجیبەو مایەی تێڕامان و ھەڵوێستە لەسەرکردنە. 

ئاخر ھەندێک لەکوتلە سیاسیەکان وەک ئەوەی لەبیریان کردبێت کە ساڵێک بەر لەئەمڕۆ خۆیان ڕێک نەدەکەوتن و بەناچاری عادل یان تەکلیفکردو بەبێ بونی پشت‌و پەناو بەبێ بونی تاقە کورسیەک لەپەرلەمان کورسیەکەی سەرۆکوەزیرانیان کرد بەدیاری بۆی، ئەگەر نا لەبەرچاوی کاڵی عەبدولمەھدی نەبوو، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و لەبەرئەوەی وڵات نەکەوێتە بۆشایی دەستوری و ھەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت ئەمیان ھەڵبژاردو ئێستاش بەبێ ھەبونی بەدیلی باشتر کەوتونەتە بەخشینەوەی تۆمەت و پەلاماردان گوایە لەماوەی ساڵێکداھیچی نەکردوە، وەک ئەوەی کە ئەم پیاوە عەسای سیحری پێبێت و لەماوەی ساڵێکدا ھەموو خەوشیەکانی پانزە ساڵی ڕابردوو ڕێکبخاتەوە.

ئەوانەی داوای ئەوە دەکەن لەماوەی ساڵێکدا سەرۆک وەزیران ببێتە فریاد ڕەس، سێ توخمن و ئامانجی تایبەتی و جیاوازیان ھەیە:

۱- بەشێکیان چاویان بڕیوەتە کورسیەکەی عادل ودەیانەوێت سێ ساڵی داھاتوو کێکەکە لەنێوان خۆیان و دەست و پێوەندەکانیان ھەر لەناوخۆی وڵات تا دەرەوە لەت بکەن و زیاتر قەڵەو بن

۲-بەشێکی تریان ئەوانەن کە دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم لێدوان و داواکاریانە بۆ سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەھدی خۆیان لەگەندەڵی و کەموکورتی وئەو بەپرسیاریەتیانە پاک بکەنەوەکە لەساڵانی ڕابردوولەسەرشانیان بوە.

۳-بەشی سێیەم ئەوانەن کەخۆشیان نازانن بۆ ئەم داوایە دەکەن و دوای خەڵکەکە کەوتون و لەگەڵ شەپۆلەکە مەلە دەکەن و ھیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ دەرەنجامەکانی ئەم پڕۆسەیە نیەو نازانن چۆن تەنگژەیەکی سیاسی و بۆشاییەکی دەستووری و پشێوی ئەمنی دروست دەبێت.

لەپانزە ساڵی ڕابردوو زۆرینەی دەسەڵاتدارانی عیراق لەخزمەتنەکردنی ھاوڵاتیان درێغیان نەکردوە، لەدزینی سەروەت و سامان و بەتاڵانبردنی سەدان ملیار دۆلاری نەوت درێغیان نەکردوە، لەدابەشکاری پۆستەکان و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و بەحیزبی کردنی حکومەت و بەشەخسەنەکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی مەحسوبیەت و خزم خزمێنە درێغیان نەکردوە. لەدروستکردنی پڕۆژەی وەھمی درێغیان نەکردوە، لەدروستکردنی نەخۆشخانە و خوێندنگە و باخچەی ساوایان و پارک و شەقامی نوێی وەھمی یان پڕ لەگەندەڵی ھەر درێغیان نەکردوە. بەڵام ئەوەی درێغیان تیاکردوە پێکھێنانی دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبون و عەدالەت و چاکسازی. ئەوەی کە درێغیان کردوە پێکھێنانی دەوڵەتێکە کەتیایدا ھاوڵاتی ھەست بەسەروەری یاسا بکات و دەستور پێشێل نەکرێ

گەر دەتانەوێ عادل سەرکەوێ و لەسەر ئەرزی واقع گەندەڵی کەمبێتەوە دەبێت دەستان دەربێنن لە ناو بینەقاقەی سێکتەری نەوت و تەندروستی و گواستنەوەو ئاوەدانی و ئابووری و پەروەردە... ھتدو پیاوەکانتان بنێرنەماڵەوە. گەر دەتانەوێ کەسێک بتوانێت لەساڵێکدا عیراق چاکبکات لێگەڕێن با یاسا سەروەربێت و نەزاھە نەزی بێت و دادگا دادگەرانە ئەرکەکانی جێبەجێبکات.

ھەرلەم ڕوانگەوە مەسەلەی سەندنەوەی متمانە لەعادل عەبدولمەھدی پێویستە زیاتر لێکدانەوەی بۆ بکرێت و ھەموو لێکەوتەکانی بخوێنرێتەوە، پێویستە ھەموان لەوە تێبگەن کەئەو داواکاریە زۆر و زەوەندانەی کەھەیە بەتەنھا کەسایەتیەک و لەو ماوەیەدا جێبەجێناکرێ، بەڵکو ئیرادەی ھەموو لایەک و ئیدارەیەکی تۆکمەو بەھێزی دەوێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×