بەروارو ڕێککەوت: چیرۆکی پەڕلەمان‌و دەسەڵاتی کوردی

محەمەد کیانی
  2019-09-30     849
پەڕلەمان لەکارخراوە وەك بەشێك لە دامەزراوەی حوکمرڕانی و دەسەڵاتداری سیاسی. لە زانست و عورفی سیاسیدا پەڕلەمان یەکێکە لە لە سێکوچکەی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی هەر وڵاتێك ئیدیعای دیموکراتیەت و حوکمی یاسا بکات کە بریتینە لە دەسەڵاتی تەشریعی (پەڕلەمان)، دەسەڵاتی تەنفیزی (سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی وەزیران) و دەسەڵاتی دادوەری. پەڕلەمان نەك هاوتا و هاوسەنگی دەسەڵاتی تەنفیزی و دادوەرییە بەڵکۆ ئەم دوانە شەرعیەتیان لە پەڕلەمان وەردەگرن، چونکە دەبێ پەڕلەمان  ڕەزامەندی لەسەر دەستنیشانکردنیان بدات وە هەروها دەبێ ملکەچی لێپرسینەوەی پەڕلەمانیش بن. بەم جۆرە، دامەزراوەی پەڕلەمان دەستگای یاسادانان (تەشریع) و وچاودێری و لێپێچینەوەیە، وە سەرچاوەی دوو دەسەڵاتەکەی تریشە: دەسەڵاتی تەنفیزی (سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی وەزیران) و دەسەڵاتی دادوەری. 

لە هەرێمی کوردستان تێڕوانینی دەسەڵاتداران و حیزبەکان بۆ پەڕلەمان و رۆڵی گرنگی لە دەسەڵاتداری ناوچەکە زۆر جیاوازە و بەکەم سەریکردنیەتی بە بەروارد لەگەڵ تێڕوانینی کۆمەڵگا پێشکەوتو و سورشتیەکان. هەر بە گوێرەی ئەو تێڕوانینەشیان پەڕلەمان بێ شەخسیەت و کاریگەری کراوە وە، هەر بۆیەش کەسە حیزبیە بەهێزەکان (سەرکردایەتیەکان) بە کەمیی دەزانن ببنە پەڕلەمانتار. 

لە پەڕلەمانێکی لە کاریگەریخراو، لەبەر بێکاری، مێشکی پەڕلەمانتارەکان بۆ زۆر شت دەچێ تا کارێك بۆ خۆیان بدۆزنەوە و خۆیانی پێوە بخافڵێنن، بۆ بەدبەختی و نەزانییان کار لە بوارگەلێك دەدۆزنەوە پەیوەندی بە دامەزراوەکەی ئەوانەوە نییە، ئەندامەکانیش پسپۆڕیان لەو بوارەدا نییە، وە هەروها سیاسیش نین تا لە ڕۆڵی خۆیان تێگەیشتبن و پەت نەپچڕێنن. بێجگە لەوە ئەگەر رۆشنبیر و زمانزانیشبان، نابایە دەست بۆ ئەم بوارە بەرن. 

ڕاستە، بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازی ئاخافتن و نوسین پەیوەندی بە پەڕلەمانتاران و کاری پەڕلەمانەوە هەیە بەڵام پەیوەست نابێ بە مناقەشەی ناو پەڕلەمان و دەنگدانی پەڕلەمانتاران. خۆ رێسا و یاسای زمان و بەکارهێنانی وشە و رستەسازی و وشەسازی بە مناقەشە و دەنگدانی ئەم کوێرەوەرانە ناتواندرێت یاسایان بۆ دابندرێت، وا دیارە گەمژێندراون و لێیان تێکچووە!! ئەوانە ئەندامی پەڕلەمانن یان ئەندام و شارەزای ئەکادیمیای زمانەوانی و کلتورین. پەڕلەمان و پەڕلەمانتار، دەسەڵاتداری هەرێم ڕێگەیان پێ نادات بە کاری تایبەت بە دامەزراوەی تەشریعی و چاودێری و لێپێچنەوەی خۆیان هەڵسن، بۆیە رێگەیان خەڵەت کردووە چونەتە ئاقارێکی زۆر تایبەتی دور لە کار و پیشەی خۆیان، ئاقاری زمانەوانی!!! 

دووەم شت، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن پرسی زمان و کەلتور ملکەچی یاسا و مادە و بڕگەی یاسایی پەڕلەمان نابێت و یاسادانانی پەڕلەمان بۆ بەکارهێنانی زمان و وشە و رێزمان پەیوەند نییە بە دەنگدانی ئەندامە جاهیل و بێسەوادەکانی پەڕلەمان، با زۆریشیان هەڵگری بڕوانامە بن. زمان لە ژینگەی تایبەتی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات، بەکارهێنانی رۆژانەی خەڵك یاسا و ڕێساکانی بەکاربردنی زمان و رێزمانەکەی و گەشەکردنی وشەسازیی دەخەمڵێنن و ودچەسپێنن. پسپۆڕان یاسا و رێساکانی زمان دانانێن، ئەوان تەنها لە ئەنجامی خوێندنەوە و وردبوونەوە پەی بەو یاسا و رێسایانە دەبەن و دەیانخەنە سەر قاقەز (پەڕلەمان قاقەزم لێ یاساغ نەکات، بە یاسایەك پێم بڵێن دەبێ بڵێی پەراو و قەدەغە لە جیاتی قاقەز و یاساغ)، خەڵك ئاشنادەکەن بە تایبەتمەندیەکانی زمان و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو زمانە لەلایەن کەسێکی نەخوێندەواری دور لە شار، کە ئەستەمە هەڵە لە بەکارهێنانی زمانەکەیدا بکات. 

دەبێ مێشکی پەڕلەمانتارەکان ئەوەندە بچوک بێت وایان زانیوە رێزمان دەبێ لە پەڕلەمان بە یاسا رێکبخرێت!!! گومان لەوە نییە مێشکیان لە دارا دو داری تەلقینی حیزبی زیاتر هیچی تیابێت، نەوەك خۆیان بەم پەندە نەدەدا کاریان ببێتە ''بەروار'' کردن بە ''رێککەوت''!!! 

ئافەریم دەسەڵاتداری کوردی بۆ دیسیپلین و توانانی  لەقالبدانی سەرجەم کۆمەڵگە و ژیانی سیاسی، بۆ بێبایەخکردنی سیستەمی سیاسی، بۆ بێماناکردنی دامەزراوەی تەشریعی و بۆ تاکڕەوانە و بەگۆترە حوکمداری کردنت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×