غەزەتە بۆ کێ دەرئەکەیت؟!

کامەران سوبحان
  2018-12-28     2161

پێدەچێ ئەم پیشەیە بۆ کورد، هەر لەسەرچاوەکەیەوە لێڵ و گەنیوو بێت.! 
٧٩ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، یەکێ لە کەسایەتییە هەڵکەوتووەکانی کورد، پاش زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە دوورە وڵاتی، بە خەونی برەودان بە کولتوور و زمانی کوردیی دەگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان.



ئەو دەیەوێ کورد لەو پێشکەوتنە شارستانییەتییەی ئەوروپا دانەبڕێ، بۆیە ڕۆژنامەیەکی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی بەناوی"ژین" دەردەکات. ئەم ڕۆژنامەیە، درێژەپێدەری ڕۆژنامەی"ژیان" دەبێت. هەر لەسەرەتای دەرکردنی ئەم ڕۆژنامەیەوە، خاوەنەکەی کە "حاجی تۆفیقی هەمزە ئاغای مەسرەفە، کە لەناو خەڵکدا بە "پیرەمێرد"ناسراوە، کۆمەڵێ خەڵکی نەزان و خۆویست، دەکەونە دژایەتی و تۆمەت بۆ هەڵبەستنی.! پیرەمێرد خۆی دەڵێت:(شەخسێک ئێمە هیچ وەختێ ڕۆژانامەمان بۆ نەناردووە، لە خۆیەوە ڕۆژنامەیەکی خستووەتە پاکەتێکەوەو بەخەتی خۆی نوسیویەتی"من نازانم قەتعەن کوردی بخوێنمەوە.!" بەوانە دەڵێم"ژیانی ئێمە بۆ لاوانە و بە پارە بە نا(ئەهلی)نادەین.! لەبارەی ئەم ڕەفتارە ناشیرینانەشەوە، لە ڕۆژنامەکەدا، نووسیەتی:(هەندێ لە پیاوماقوڵانمان وتویانە ئێمە(غەزەتە -ڕۆژنامە)ناخوێنینەوە.! جارێ ئێمە غەزەتە، بۆ ماقوڵان دەرناهێنین. درۆو موبالەغەی تیا نەبێ لاوانمان، پێویستیان بە٣٠٠(غەزەتە-ڕۆژنامە)یە.بۆیە ئەوانەی ڕۆژنامە ناخوێننەوە بۆمانبنێرنەوە.!



تا نەمرم، قەومم قەدرم نازانن
عومری خۆم دانێ و بە سووک ئەڕوانن!
پیرەمێرد

پاش مردنی، قانعی شاعیر بە شیعرێ گوزارشتێ لە پیرەمێرد دەکات، لە بڕگەیەکیدا دەڵێت:
کام پیر؟ ئەو پیرەی بە هوشیاریی
عومری ڕابورد، بە فیداکاریی
کام پیر؟ ئەو پیرە بە(ژیان و ژین)
گشت کوردستانی پڕ کرد لەزانین
کام پیر؟ ئەو پیرە هیمەتی نواند
بۆ کوردیی نووسین، ئەو ڕێچکەی شکاند.!



بۆ یادی "ڕۆژنامەی ژین" سێ خاڵ سەرنج دەخەمە ڕوو:

یەکەم: ژین، ٧٩ ساڵ لەمەوبەر، وەک یەکەمین ڕۆژنامەی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی لە شاری سلێمانیی لەلایەن پیرەمێردەوە دەرکرا. لە نێوان ڕۆژانیی ٢٦بۆ ٢٧-١٢ ساڵیادیی ئەو ڕۆژنامەیەیە، کە کەسانی وەک(گۆران و شێخ محەمەدی خاڵ و عەلادین سەجادیی و ئەمین زەکی بەگ و ئیبراهیم ئەحمەدو)دەیان نووسەری تری کورد، ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئەم ڕۆژنامەیە، بوویە سەرەتای گەشەسەندنیی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی.



دووەم: بەداخەوە، لەم یادەدا یەک کەناڵی میدیایی، بە وشەیەکیش، باسی ئەو قوتابخانە گەورەیەی زمان و ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی کوردییان نەکرد. ئەوان ئاگایان لەم مێژووە نییە، چونکە لە بەشێ لەمیدیایی کوردیی، وێرانکەری زمان و فەرهەنگیی کوردییە.!



سێیەم: دەچمە پاڵ ئازارو خەمە قوڵەکانیی، "گۆران"شاعیریی مەزنی کورد، بە زمانە پاراوەکەی ئەو دەڵێم:



بەڵێ ڕاستە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەک عەکسی قەمەر وایە لەنار حەوزێکی لیخندا.!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×